ڕۆژ بە ڕۆژ زانیاری زیاتر سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرا دەکرێت، کە بووە هۆی ناڕەزایی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا.
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا ئەردۆغان چەندین جار جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە کە تێناگات بۆچی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە داعش هاوکاری هێزە کوردییەکان دەکات و پڕچەکیان دەکات.
زانیاری زیاتر لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی تورکیا ئاشکرادەبێت کە هەینی رابردوو ئەنجامیانداوە و کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە. رۆژنامەكه دەڵێت، ترەمپ هەر لەسەر تەلەفۆن بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا بە ئەردۆغان داوە و، پێی گوتووە، سووریا بۆتۆ ئەوە من بەجێی دەهێڵم.
بەگوێرەی زانیارییەکانی واشنتن پۆست کە لە چەند بەرپرسێکی ئاگادار لە پەیوەندییەکە بەدەستیهێناوە، ئەردۆغان لەسەر تەلەفۆن زۆر گوشاری خستووەتەسەر ترەمپ و پێی گوتووە، بۆچی هێزەکانی ئەمریکا هێشتا پشتگیری سەربازی پێشکەش بە هێزە کوردییەکان دەکەن لەکاتێکدا داعش بە تێڕوانینی ترەمپ تێکشاوە.
ئەردۆغان پەیمانی بە ترەمپ داوە، سوپای تورکیا بەهێزەوە دەتوانێت داعش لە دوایین حەشارگەکانیان لە سووریا پاکبکاتەوە، کەواتە بۆچی پێویست دەکات ئەو 2 هەزار سەربازە ئەمریکییە لەوێ بمێننەوە.
واشنتن پۆست دەڵێت ئەردۆغان ئەوەندە بە گوێی ترەمپی چڕپاندووە، لەکۆتاییدا ترەمپ گوتوویەتی: دەزانی چی، سووریا بۆخۆت و من دەکشێمەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.