Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 06:56

بینه‌ری شانۆ له‌ پێنجه‌مین فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی هه‌ولێردا

هه‌وڵده‌ن هۆڵێكی گونجاو ته‌رخان بكه‌ن بۆ نمایشی شانۆكاران
کوردستان TV
100%

ئاری ئاغۆك   

له‌دوای راپه‌رینه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندان و شانۆكاران هه‌میشه‌ گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ شانۆ وه‌ك جاران بینه‌ری نه‌ماوه‌و هۆڵه‌كان به‌و جموجۆله‌ پڕ له‌بینه‌ره‌ی جاران به‌دی ناكرێت ! ساڵ دوای ساڵیش هه‌ستمان به‌و بۆشاییه‌  كردوه‌ .
 چه‌ندین سیمینار و گفتووگۆ و كۆرو كۆبوونه‌وه‌ سازكراوه‌ له‌هه‌مبه‌ر ( قه‌یرانی بینه‌ر ) له‌شانۆی كوردی دا , كه‌چی هیچ ده‌ره‌نجامێكی باشی نه‌بوه‌ , له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌فیشتیڤاڵی ساڵانه‌و تایبه‌ت به‌شانۆ كراوه‌ , به‌ڵام هه‌مدیس هه‌ستمان به‌ په‌رۆشی بینه‌ر نه‌كردوه‌ بۆ هۆڵه‌كانی شانۆ , راسته‌ هه‌ندێ نمایش پێشكه‌ش كراوه‌ بینه‌رێكی فراوانی هه‌بوه‌و چه‌ندین رۆژ به‌رده‌وامی له‌نمایش بینه‌ر هه‌میشه‌ چێژی له‌بینینی به‌شێك له‌نمایشی شانۆكاران و ده‌رهێنه‌ره‌كان وه‌رگرتوه‌ , بێگومان ئه‌م دیارده‌یه‌ جێگای خۆشحاڵی و دڵخۆشی شانۆكارانه‌ , كه‌ بینه‌ر په‌رۆشی ئه‌م جۆره‌ نمایشانه‌یه‌ , هه‌روه‌ها ده‌بێت رێكخه‌رانی فیستیڤاڵ و به‌رپرسانی شانۆ له‌شاری هه‌ولێر , خودی ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ره‌كان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌نه‌وه‌ , ئایا بۆچی به‌شێك له‌نمایشه‌كان بینه‌ر به‌ حه‌زه‌وه‌ دێته‌ نێو هۆڵی شانۆ و كاتی خۆی بۆ ته‌رخان ده‌كات , له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ویش دا جۆره‌ نمایشێك بینه‌ری ئێجگار كه‌مه‌ ؟ ئه‌م پرسیاره‌ بۆ لایه‌نی دیاریكراو به‌جێ دێڵم
!

به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین بینه‌ر له‌ ( پێنجه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ ) یه‌ , كه‌ له‌ رۆژانی ١٠تاوه‌كو ١٤ی كانونی یه‌كه‌می  ٢٠١٨ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت سازكرا ,

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌ستمان پێ كرد و بینیمان له‌ یه‌كه‌م رۆژی فیستیڤاڵ و نمایش تا دواین رۆژ و دواین نمایش , بینه‌رێكی زۆر بوونی هه‌بوو له‌ هۆڵه‌كان , جگه‌ له‌میوانانی فیستیڤاڵ و شانۆكاران و قوتابیانی هونه‌ره‌جوانه‌كان , ئه‌وا بینه‌ری گشتی و بینه‌ری هه‌مه‌چه‌شن و بینه‌ری ساده‌ , له‌ هۆڵه‌كان به‌دی ده‌كران , به‌رله‌وه‌ی نمایش ده‌ستپێبكات به‌ كاتێكی زووتر بینه‌ره‌كان له‌هۆڵ ئاماده‌ده‌بوون و كاتێ كورسیه‌كان پڕ ده‌بۆوه‌  بینه‌ر له‌زه‌وی داده‌نیشت و چه‌ندین بینه‌رمان بینی له‌ بێجێگایی گه‌رانه‌وه‌و نه‌یانتوانی بێنه‌ نێو هۆڵ ناچار بێبه‌ش بوون له‌نمایش !

ئه‌م حاله‌ته‌ پێمان ده‌ڵێ بینه‌ر حه‌زی له‌شانۆیه‌ , بینه‌ری ئه‌م شاره‌ په‌رۆشی فیستیڤاڵ و به‌رهه‌می خۆماڵی و به‌رهه‌می ووڵاتانه‌ , بۆیه‌ پێویسته‌ به‌رپرسانی شانۆو خه‌مخۆرانی شانۆ به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كلیله‌ دا بگه‌رێن , كه‌ بریتیه‌ له‌ ده‌رگای بینه‌ری شانۆ , چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌ستمان پێ كرد له‌ دوو كاتی جیاواز , له‌ دوو هۆڵی جیاواز , بینه‌ره‌كان به‌په‌رۆش بوون بۆ چونه‌ نێو هۆڵ , كه‌واته‌گرنگه‌ هه‌مووان ئه‌م بزاڤه‌ پڕ له‌ جوانی و جموجۆله‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌ی هه‌ولێر , به‌ گڕخه‌ینه‌وه‌ بینه‌ر و شانۆ به‌ته‌واوی به‌یه‌ك ئاشتكه‌ینه‌وه‌ , له‌گه‌ڵ هه‌بوونی تێبینی له‌ رێوره‌سمی ده‌سپێك و كۆتایی فیستیڤاڵ و بینینی هه‌ندێ به‌رهه‌می هونه‌ری لاواز و بچوكی هۆڵه‌كانی شار , كه‌به‌داخه‌وه‌ هۆڵی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی شانۆ و هۆڵی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان زۆر بچوك بوو بۆنمایش له‌كاتێكدا پێویست بوو , به‌رهه‌مه‌كان له‌هۆڵی رۆشنبیری و پێشه‌وا نمایش كرابووان , به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو تێبینی و خوێندنه‌وه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كان , ده‌ستخۆشی بۆ رێكخه‌رانی پێنجه‌مین ڤیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ , ئه‌و پێنج رۆژه‌ شانۆكاران و نوسه‌رو رۆشنبیر و بینه‌ران , ئاوێنه‌ی جوانیه‌كانی دونیای شانۆ بوون , به‌یانیان به‌دیبه‌یتی گرنگی شانۆیی و ئێواران به‌ دوو نمایش ئێمه‌یان برده‌وه‌ نێو زه‌مه‌نی پڕ بینه‌ری شانۆ وبه‌ دیداری كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێكی به‌ناوبانگی ووڵاتان و  به‌كۆمه‌ڵه‌ شانۆكارێكی كوردستان شادبوین ,  كه‌ هه‌مووان له‌ باوه‌شی هه‌ولێردا خۆیان دۆزیه‌وه‌ ,

بۆیه‌ پێویسته‌ به‌رپرسانی ئه‌م بواره‌ هه‌وڵده‌ن هۆڵێكی گونجاو ته‌رخان بكه‌ن بۆ نمایشی شانۆكاران , چونكه‌ ئه‌م دوو هۆڵه‌ی فیستیڤاڵی نمایشه‌كانی به‌رێوه‌ده‌چوو , هیچ بنه‌مایه‌كی شانۆیی نه‌بوو , هه‌م له‌رووی بچوكیه‌وه‌ , هه‌م له‌رووی ته‌كنیكیه‌وه‌ , بۆیه‌ زۆربه‌ی بینه‌ره‌كان بێ به‌ش بوون له‌ بینینی به‌رهه‌مه‌كان , به‌هیوای هه‌وڵێكی خێرا بۆ دروستكردنی هۆڵێكی شانۆ بۆ بینه‌ره‌ په‌رۆشه‌كانی

 كوردستان تیڤی/ كامران

ktv

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.