Erbil 38°C شەممە 16 تشرینی دووەم 08:24

مووی زیاده‌ گرفتی گه‌وره‌ی ئافره‌تان

تێكچوونی باری ده‌روونیی كه‌سه‌كه‌ یه‌كێكن له‌ هۆكاره‌كان
کوردستان TV
100%

 ئا/ ئه‌ژین عه‌بدوڵڵا      

به‌شێكی ئافره‌تان مووی زیاده‌ی له‌ ڕوخساریان ( هێرسیوتیسم ) ده‌رده‌كه‌وێ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ خانمان به‌ شوێن چاره‌سه‌ری و هۆكاره‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێن، تا وه‌ك ئه‌و مووه‌ زیادانه‌ نه‌بێته‌ گرفت و تێكدانی ڕووخساریان، پزیشكانیش ئاماده‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ بۆماوه‌یی و قه‌ڵه‌وی و خراپ به‌كارهێنانی هه‌ندێك له‌كرێمه‌كان هۆكاری زیادبوونی مووه‌كانه‌.

خانمان كاتێك مووه‌كانی ده‌م و چاویان زیاد ده‌بێت و زیاتر به‌ ڕه‌نگێكی ڕه‌شی تۆخ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، ئه‌وكات ڕوخساری ئه‌و كه‌سه‌ جوانییه‌ سروشتیه‌كه‌ی خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات و زۆرجار به‌شێوه‌ی پیاوان ده‌رده‌كه‌ون .

مووه‌ زیاده‌كان له‌ خانماندا به‌ شێوه‌ی ڕیش و سمێڵ زۆرجاریش مل و لاجانه‌كانیان موی ڕه‌ق و زبر و ڕه‌شی لێ ده‌رده‌چێت، له‌هه‌ندیك كه‌سی تردا ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر سنگ و سكیشیان ئه‌م مووانه‌ دروست ده‌بێت.

د. بورهان تاهیر قه‌ره‌داغی، پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی پێست له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی درووستبوونی موو له‌ خانماندا بۆ "dohsuli" ڕوونی كردوه‌ته‌وه‌ كه‌:" تێكچوونی هۆرمۆنه‌كانی له‌ش و تێكچوونی باری ده‌روونیی كه‌سه‌كه‌ یه‌كێكن له‌ هۆكاره‌كان، له‌هه‌ندێك جاریشدا ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بۆماوه‌ییه‌ یا به‌هۆی دروستبوونی كیس له‌سه‌ر گورچیله‌ یان ڕه‌حمه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها قه‌ڵه‌وی و خراپ به‌كارهێنانی هه‌ندێك له‌كرێمه‌كان یه‌كێكی تره‌ له‌ هۆكاره‌كانی زیادبوونی مووه‌كان ".

ئه‌و پسپۆڕه‌ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت :"ئه‌م نه‌خۆشییه‌ زۆرتر له‌ كاتی هه‌رزه‌كاریدا ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێـت كه‌سه‌كه‌ سه‌ردانی پزیشكی پسپۆر بكات تا هۆكاری تووشبوون به‌و نه‌خۆشیه‌ دیاری بكرێت و چاره‌سه‌ری پێویسی بۆ بكرێت، هه‌ندێك له‌ خانمان بۆ جوانكاری ده‌رمانی تێكه‌ڵه‌ به‌كار ده‌هێنن كه‌ ئه‌مه‌ جوانییه‌كی ماوه‌ییان پێ ده‌به‌خشێت به‌ڵام ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی ئه‌و مووه‌ زیادانه‌ له‌سه‌ر ڕوخساریان ".

له‌باره‌ی چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م نه‌خۆشییه‌وه‌ د.بورهان ووتی"ده‌بێت نه‌خۆش دڵنیا بێته‌وه‌ له‌ هۆرمۆنه‌كانی له‌شی كه‌بێ گرفتن و به‌باشی كاری خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن ئه‌ویش له‌ڕێی ئه‌نجامدانی پشكنینه‌وه‌ ده‌بێت، جگه‌ له‌مه‌ ئارام بوونه‌وه‌ی ده‌روونی كه‌سه‌كه‌ش باشترین شێوازی چاره‌سه‌ره‌ بۆ ئه‌م حاڵه‌تانه‌" .

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "یه‌كێكی تر له‌ چاره‌سه‌ره‌كان لێزه‌ره‌ ئه‌ویش به‌كار ده‌هێنرێت بۆ لابردنی مووه‌كان و هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی خراپی نییه‌ و ده‌توانرێت به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو مووه‌كان بنبڕ بكات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌م كاره‌ له‌لایه‌ن پزیشكی پسپۆڕه‌وه‌ بكرێت نه‌ك له‌ ئارایشتگاو شوێنه‌كانی تر".

كوردستان تیڤی/ كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.