Erbil 38°C دووشەممە 17 ئاب 14:53

فازل میرانی: لای پارتى ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن گرنگه‌ نه‌ک په‌نجا به‌ په‌نجا

هەوڵەكانی پارتی لەگەڵ لایەنەكانی دیكه‌ی هەرێم بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی بەهێز به‌رده‌وامه‌
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 5 ى 1ى 2019 ،   فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان  پێشوازی لە ستێڤ ڤیگن  كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان  و  جێگری كۆنسووڵی سیلڤیا بۆ كاروباری بازرگانی كرد.

 له‌دیداره‌كه‌دا فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتى  وێڕای بەخێرهێنانی میوانەكان، سەری ساڵی نوێی لێیان پیرۆز كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا و هیوایشی خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا پەرەیان پێ بدرێت.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی، لەم دیدارەدا ئاماژەی بە پەرەسەندنەكان و پێشهاتەكانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق كرد و گوتی: لە لای ئێمە ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك گرینگە و هەروەها هەنگاوەكان و هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی تری هەرێم بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان، كە لە خزمەت خەڵكی كوردستاندا بێت بەردەوامن و، لەم پێناوەدا گفتۆگۆكان بۆ گەییشتن بە رێككەوتنێكی گونجاو، درێژەیان دەبێت.

لە تەوەرێكی دیكەدا، میرانی جەختی كردەوە كە دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە پڕۆسەیەكی سەركەوتووی دیموكراتی بوو، پارتی پلەی یەكەمی بە دەست هێنا، بەڵام لای پارتی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و پاراستن و سەقامگیریی ئەمن و ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە پێش هەر پلە و پۆستێك یا دەستكەوتێكدایە و ڕاشیگەیاند: "لای ئێمە ئیستیحقاقی ئینتخابی گرینگە، بەڵام نەك بە فیفتی بە فیفتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیدا، چونكە ئەزموونی ساڵانی رابردوو سەلماندی كە ئەم سیستمە سەركەوتوو نەبوو، بەڵام پارتی رەچاوی مێژوو و سەنگی یەكێتیی نیشتمانی دەكات.

لە لای خۆیەوە، كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا، ستیڤ ڤیگن، سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و هیوای خواست بە زووترین كات حكوومەتی نوێی كوردستان پێك بهێنرێت، كە لە خزمەتی گەلی كوردستاندا بێت و گوتیشی: ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوانمان بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و عێراق بە گشتی.


دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.