وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ گەشتێک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات و یەکێک لەو وڵاتانەی کە سەردانی دەکات سعوودیە دەبێت و لە میانیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەی کوشتنی رۆژنامەنووس، جەمال خاشقچی دەکات.
پێگەی پۆلۆتییکۆ، لەم بارەوە رایگەیاندووە، کە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە رۆژانی داهاتوو سەردانی وڵاتانی عەرەبی دەکات.
پۆمپیۆ لەم سەردانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ سەرانی وڵاتانی عەرەبی دیدار و گفتوگۆ دەکات.
گەشتی سەردانەکانی سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەمریکا بۆ وڵاتانی عەرەبی، لە میانی رۆژانی 8 بۆ 15 جانیوەری ئەنجام دەدرێت.
بەپێی راگەیەنراوەکە، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ریاز تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەی کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی بکات کە سێ مانگ لەمەوبەر لە ناو کۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ کوژرا.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەمریکا، بڕیارە سەردانی هەر یەک لە وڵاتانی میسر، بەحرێن، ئیمارات، قەتەر، سعودیە، عەمان و کوێت بکات. پێدەچێ بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکیش سەردانی عێراق بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیانێکدا رایگەیاندووە، پۆمپیۆ لە میسر سەبارەت بە پابەندی ئەمریکا بە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتارێک پێشكەش دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.