میدیاکان بڵاویانکردەوە، گرووپێک کە لە ئەفسەرانی سوپای گابۆن پێکھاتوون ھەوڵی کودەتایان داوە و دەستیان بەسەر رادیۆی نیشتمانی ئەو وڵاتەدا، گرتووە.
ئەو ئەفسەرانە داوایانکردووە کە ئەنجوومەنێکی چاکسازی و نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێکبھێنرێت، ئەویش وەک ھەنگاوێک کە چاودێران بە ئاماژەیەک بۆ کودەتای سەربازی لەقەڵەمیانداوە.
بەپێی ماڵپەڕی ھەواڵی "ئۆوڵ ئەفریکا"، ئەو ئەفسەرانە بێ ئومێدی خۆیان نیشانداوە لە تواناکانی سەرۆک، عەلی بۆنگۆ ئۆندیمبا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات کە لەئێستادا لە مەغریب بە ھۆی نەخۆشیەوە چارەسەر وەردەگرێت.
لە ھەندێک دیمەندا کە لە ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە، تانک و زرێپۆشەکانی سوپا لە شەقامەکانی شاری لیبرێڤیل دەبیندرێن.
ئەو گرووپە ناوی نراوە (بزووتنەوەی نیشتمانی ھێزەکانی بەرگری و ئاسایش) لە گابۆن.
لە راگەیەندراوێکدا، فەرماندەی گرووپەکە، کیلی ئۆندو ئۆبیانگ ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گوتەیەی کە سەرۆکی وڵات، عەلی بۆنگۆ ئۆندیمبا لە سەری ساڵدا پێشکەشیکرد، ئەوەی دەرخستووە کە توانای نەماوە بۆ بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی ئەرکەکەی وەک سەرۆکی وڵات.
لە دووی ئەم مانگە سەرۆکی گابۆن، عەلی بۆنگۆ ئۆندیمبا رایگەیاندووە کە دوای باشبوونی رەوشی تەندروستی، بەم زووانە دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی
سهرچاوه - AA
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.