لیر بریتیە لە پەڵەیەكی سوور كەبەرز دەبێتەوە و رەنگێكی سپی كاڵ بەدەوری خۆیدا دروست دەكات، بەهۆی نەخۆشی هەستیاریەوە دروست دەبێت و قەبارەكەی جیاوازە و بە شێوەی گرێی گەورە و بچووك دەردەكەوێت جۆرەكانی زۆرە.
بە پێی هۆكاری هەستیارییەكە بە سەر لەشدا بڵاودەبێتەوە جا بە هۆی خۆراكەوە بێت یاخود بەهۆی بەركەوتنەوە بێت، ئەگەر بە هۆی خۆراكەوە بێت بە هەموو لەشدا بڵاودەبێتەوە و ئەگەر بە هۆی بەكەوتنەوە بێت تەنها لەو شوێنەدا دەردەكەوێت كە بەركەوتنەكە ڕوویداوە.
لەوبارەیەوە د.زانا محەمەد پسپۆری نەخۆشییەكانی پێست رایدەگەیەنێت:" نەخۆشی لیر جۆرێكە لە نەخۆشی هەستیاری ئەمەش بە هۆی تێكشكاندنی خانەكانی ماست دەبێت كە جۆرێكە لە خرۆكە سپیەكان، كاتێك ئەو خانانە تێكدەشكێن ماددەیەك دەردەدەن لە هەر شوێنێكدا بێت مزاعفات دروست دەكات، بەجۆرێك لە سییەكاندا كەسەكە تووشی هەناسە تەنگی و كۆكە دەكات و لەپێستیشدا وەك لیر دەردەكەوێت لە كۆئەندامی هەرسیشدا كەسەكە تووشی ئازاری گەدە و ریخۆڵەكان دەكات، هەروەها لە كۆئەندامی ئێسكدا ئیسك تووشی ئازار دەكات ئەمەش لەكاتێكدا دەبێت كە هەستیارییەكە زۆر بەهێز بێت چونكە خانەی ماست لە ئێسكدا بەهێزترن و بە ئاسانی تێكناشكێن".
ئەو پزیشكە لەبارەی هۆكارەكانی نەخۆشییەكەوە ئاماژە بە چەند هۆكارێك دەكات لەوانەش :
1- خۆراك، بە تایبەت ئەو خۆراكانەی ماددەی پرۆتینیان تێدایە وەك فاسۆڵیا و نۆك و پەتاتە و هێلكە و گوێز و بایەم و شلیك و باینجان و مۆز .
2-رەنگەكان، ئەو رەنگانەی دەكرێتە ناو خواردنەوەكانەوە وەك پیپسی و شەربەتەكان.
3-دەرمان، حەپەكان دەچنە خوێنەوە و هەستیاری دروست دەكەن وەك ئەمپسلین و ئەمۆكسلین و هاوشێوەكانی هەروەها ئەسپرین كە هەستیارییەكەی درێژخایەنترە و هەندێ جاریش بە هۆی دەرمانی نەخۆشی درێژخایەنەوە دروست دەبێت.
4-گۆڕانی وەرزەكان، ئەمەش پەیوەندی هەیە بە هەستیارییەوە بەتایبەت لە بەهاردا گەشەسەندن و بووژانەوەی گژوگیا و زیندەوەران دەبێتە هۆی دروستبوونی جووڵەی دەنكە هەڵاڵە لە نێوان گژوگیا و گوڵەكان و زیندەوەراندا ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستیاری بە هەموو جۆرەكانیەوە .
5-ئاو و ئارەقكردنەوە، هەندێ كەس بە هۆی بەركەوتنی ئاو و ئارەقكردنەوە تووشی هەستیاری دەبێت كە پەیوەندی بە هەستیاری دەمارەكانەوە هەیە و ئەو مادەیە دەردەكەن كە ئەو هەستیاریەكە دروست دەكات.
6-ماددەكان، بۆ نموونە بۆن و دەرمان بەكارهێنانیان هەستیاری دروست دەكات لەو شوێنەی ماددەكەی بەردەكەوێت.
7-بۆ ماوەیی، بۆ نموونە كەسەكە لە باوو باپیرانیانەوە رەبویان هەیە و ئەم كەسانە زیاتر ئەگەری تووشبونیان هەیە بە هەستیاری.
د.زانا محەمەد لەبارەی هۆكارەكانی خۆپاراستنەوە دەڵێت:"بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی هەستیاری پێویستە لەو خۆراكانە دووربكەوینەوە كە دەبنە هۆی دروستبوونی ئەو هەستیارییە یاخود رێژەیەكی كەمتر لەو جۆرە خۆراكانە بخورێت، هەروەها دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ئەو حەپ و دەرمانانەی كە دەبنە هۆی هەستیاری و هاوكات دووركەوتنەوە لەو دەرمانانەی كە بۆ كوشتنی مێرووە زیانبەخشەكان بەكاردێت،جگە لەمانەش خۆپاراستن لە تۆز و خۆڵ و لە وەرزی بەهاردا لە گژوگیا و دەنكە هەڵاڵە هەروەها دەكرێت بڵێین پێویستە نەخۆش خۆی بەدوور بگرێت لە دڵەراوكێ چونكە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستیارییەكەی".
ئەو پسپۆڕە دەربارەی چارەسەركردنی حاڵەتەكە ڕایگەیاند:" بۆ چارەسەر كردنی ئەم نەخۆشیە دژە ڤیتامین و حەپ و دەرزی تایبەت بە نەخۆشییەكە بەكاردێت كە بەكارهێنانی دەبێتە هۆی ئەوەی كەمتر ئەو خانە ماستانە تێكبشكێن ".
راشیگەیاند:" هەستیاری دوو جۆری هەیە كورتخایەن و درێژخایەن بە پێی جۆرەكانی پزیشك چارەسەر بۆ نەخۆش دەنوسێت، ئەگەر لە 6 هەفتە كەمتر بێت كورتخایەنە و بە چارەسەرێكی تایبەت نەخۆشەكە بە تەواوی چاك دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر لە 6 هەفتە زیاتر بوو ئەوا پێدەچێت ئەو دەرمانەی پزیشك دەیدات بە نەخۆشەكە چارەسەری نەخۆشەكە بكات بەڵام بە شێوەیەكی كاتی و سەرهەڵبداتەوەو دەشكرێت بپەرێت و نەمێنێت".
سهرچاوه - تەندروستی سلێمانی
شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.