Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 23:04

سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبۆوە

ئەمەریكا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هاوبەشی هەرێم و بەغدا دەمێنێتەوە
کوردستان TV
#6 #7
100%


سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات.

ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 1ـی 2019 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە دۆگڵاس سلێمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ستیڤ ڤاگین كونسوڵی ئەمەریكا لە شاری هەولێریش ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا  و شەڕی دژی تیرۆر كرا و، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە لە عێراقدا دەرفەتێكی تازە لە ئارادایە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هاوبەشی  هەرێم و بەغدا دەمێنێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێزانینی هەبوو بۆ كاری هاوبەشی ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە بووە هۆی بەدەستهاتنی سەركەوتن و جەختیشی لە بایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی كردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریكای كرد كە لەشەڕی دژی تیرۆریستان پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بووە و ئاماژەیشی بەوەدا كە بەهۆی هەماهەنگیی نێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە سەركەوتنی زۆر گەورە لە شەڕی دژی تیرۆر بەدەست هاتووە. هەروەها هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای بۆ كوردستان بە سەردانێكی گرنگ و جێگەی تەقدیر وەسف كرد. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە كەشوهەوای سیاسیی تازە لە عێراق ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە بڕوای وا بووە كە گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكات. هیوای ئەوەیشی خواست كە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چیتر بە هەڵواسراوی نەمێننەوە.

بارودۆخی سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ستراتیژیی وڵاتەكەی لە سووریا و بڕیاری كشانەوە و كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكای لە سووریا بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە. پەیوەست بە بارودۆخی سووریا سەرۆك بارزانی نیگەرانیی خۆی لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا ڕاگەیاند و داوای كرد كە گۆڕانكاری و پێشهاتە تازەكان نەبنە هۆی ئەوەی گەلی كورد لە سووریا چیتر تووشی ئازار و زیان ببێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.