تادێت رۆژانە رێژەی ئەو شەكر و شیرینیەی منداڵان دەیخۆن روو لەزیادبوونە و ئەوەش مەترسی دروست دەكات لەسەر تەندروستیان و تووشبوونیان بە نەخۆشی و قەڵەویی.
بۆیە پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن كە دەبێت منداڵان رۆژانە رێژەیەكی دیاریكراو شەكر بخۆن، بۆئەوەی بە تەندروستی بمێننەوە و رایدەگەیەنن پێویستە دایكان و باوكان زۆر ئاگادار بن لەوەی منداڵەكانیان چی دەخۆن بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیان لەدوارۆژدا.
لەوبارەیەوە كۆمەڵەی دڵی ئەمریكی American Heart Association، رێنوێنی نوێی بڵاوكردەوە سەبارەت بەو رێژەی شەكرەی رۆژانە لەلایەن منداڵان و هەرزەكارانەوە دەخورێت بەمەبەستی كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی و بەپێی رێنوێنیەكە دەبێت رۆژانە منداڵ شەش كەوچكی بچووك شەكر زیاتر بەكارنەهێنێت.
ئەو كۆمەڵە ئەمریكیە بڵاویكردەوە گیراوەی شەكر Syrups كەزیاد دەكرێت بۆ ناو خۆراك و خواردنەوەكان بۆئەوەی تامێكی جیاوازی پێببەخشێت، بوونی ئەو گیراوەیە لەناو شیرەمەنی و كێك و خواردنەوە گازییەكان بۆتە هۆی نیگەرانی لایەنە پەیوەندیدارەكان، چونكە خواردنەوە گازیەكان و خواردنەوە ووزە بەخشەكان برێكی زۆر شەكریان تێدایە و بۆ نمونە یەك قووتوی كۆلای 350 ملیمەتری واته زیاتر لە 9 كەوچكی بچووك شەكری تێدایە.
كۆمەڵەی دڵی ئەمریكی ئاماژەی بەوەكرد لەتەمەنی نێوان 2 بۆ 18 ساڵ دەبێت رۆژانە زیاتر لە 100 گەرمۆكە بەهۆی شەكرەوە بەكارنەهێنن كە دەكاتە شەش كەوچكی بچووك و منداڵانی خوار دووساڵ دەبێت شەكر نەخۆن.
ئەو كۆمەڵە ئەمریكیە ئەوەی خستەڕوو دیاریكردن و كەمكردنەوەی رێژەی شەكری خوراو لەلایەن منداڵانەوە دەبێَتە هۆی كەمبوونەوەی مەترسی ئالوودەبوون لەسەر خواردنی شەكرەمەنیەكان لەقۆناغەكانی داهاتووی ژیانیان.
دكتۆر میریام فۆس لێكۆڵەری سەرەكی ئەو لێكۆڵینەوەیە ووتی: ئامانجی رێنمایەكانیان بۆ كارئاسانی كردنە بۆ دایكان و باوكان كە نابێت منداڵ رۆژانە زیاتر لە شەش كەوچكی بچووك شەكر بخوات بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیان ، چونكە زۆر خواردنی شەكر لەقۆناغە سەرەتاكانی تەمەندا دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی و كێشەی تەندروستی وەك فشاری خوێن و قەڵەویی.
وتیشی: ئەو منداڵانەی رێژەیەكی زۆر شەكر بەكاردەهێنن ئەوا رێژەیەكی كەمتر خۆراكی تەندروست وەك میوە و سەوزەوات دەخۆن كەئەو خۆراكانەش زۆر گرنگن بۆ تەندروستی و گەشەكردنیان و زیادبەكارهێنانی شەكر تووشبوون بەنەخۆشی لای منداڵان زیاد دەكات بەتایبەت ئەو منداڵانەی كێشیان زیادە و زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بەجۆری دووی نەخۆشی شەكرە زیاترە.
سهرچاوه - تەندروستی سلێمانی
شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.