Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 06:32

ساڵح موسلیم: هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هه‌سه‌ده‌ بەردەوامە

ساڵح موسلیم: له‌هه‌ر شوێنێك كورد هه‌بێت توركیا دژایه‌تی ده‌كات
کوردستان TV
100%

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەده‌) رایگەیاند، تاوەکو  ئێستا هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا نەکشاونەتەوە و هەموو ئە هێزانەی لە سوریا جێگیرکراون لە شوێنەکانی خۆیانن.

ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەده‌)  بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، "كورده‌كانی رۆژئاوای کوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پشتیان به‌هێزی خۆیان به‌ستووه‌ بێئه‌وه‌ی پشت به‌ هێزێكی بیانی ببه‌ستن، تا كاتی هاتنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ئه‌وان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هاوكاریان كردین، به‌ڵام ئێمه‌ كاری خۆمان ده‌كه‌ین پشت به‌هێزی خۆمان ده‌به‌ستین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "كاریگه‌ری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت به‌ كورد و هه‌رێمه‌كه‌شه‌وه‌ به‌گشتی، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ توركیا ده‌یویست شه‌ڕی ناوخۆی سوریا ته‌شه‌نه‌ بسه‌نێت تا داگیری سوریا بكات، وه‌ توركیا نایه‌وێت هێزی ئه‌مریكی له‌هه‌رێمه‌كه‌ بێت تا گرژییه‌كان زیاتر بن".

ساڵح موسلیم راشیگەیاند، "له‌ عه‌فرین ئه‌زمونمان هه‌یه‌، كاتێك توركیا هاته‌ شاره‌كه‌ جگه‌ له‌ڕێگه‌گرتن له‌ ئاڵا و زمان، هاوكات زمانی توركی و په‌روه‌رده‌ی توركی هێنایه‌ عه‌فرین، توركیا به‌ ئومێدی داگیركردنی سوریا و خۆ فه‌رزكردنه‌، جگه‌له‌وه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش كورد قبوڵ ناكات".

رونیشیکردەوە، "تا ئێستا بۆ ئێمه‌ روون نیه‌ ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ ئه‌گه‌ر كراوه‌ له‌ نێوان ئه‌مریكا و توركیا چۆنه‌، ئه‌وه‌ به‌په‌له‌ ناكرێت به‌ پلان ده‌كرێت، به‌ڵام توركیا بۆ هه‌موو كورد له‌هه‌رشوێنێك یه‌ك تڕوانینی هه‌یه‌ له‌هه‌ر شوێنێك كورد هه‌بێت توركیا دژایه‌تی ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ بابه‌تی پاراستنی كورده‌كان له‌ ئه‌ستۆی هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌، قبوڵ ناكرێت هیچ هێزێكی دیکە بێته‌ ناوچه‌كه‌وە".

موسلیم وتیشی، " هاوكارییه‌كانی ئه‌مەریكا بۆ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌رده‌وامه‌ كه‌ كورده‌كان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و هێزه‌ دان".

موسلیم ئاماژه‌ی به‌خواستی كوردانی سوریا كرد بۆ دروستكردنی ناوچه‌ی دژه‌ فڕین له‌ باكوری سوریا كرد و وتی، "خواستی ئێمه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌رێمی دژه‌ فڕین هه‌بێت له‌ باكوری سوریا، چونكه‌ ئێمه‌ له ڕووی هێزی زه‌مینیه‌وه‌ به‌هێزین چونكه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ پاراستنی ئاسمانی بمێنێت".

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.