Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 02:24

تره‌مپ: من کوردم خۆشده‌وێ

دڵنیایى دەداتە كورد
تره‌مپ: من كوردم خۆش ده‌وێ
کوردستان TV
100%

به‌پێى هه‌واڵێكى سی ئێن ئێن، دۆناڵد تره‌مپ ئێواره‌ى رۆژى دووشه‌ممه‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ هۆتێل (تره‌مپ ئینته‌رناشیونال) دڵنیایى دایه‌ كورد و وتی: من كوردم خۆش ده‌وێ. 

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌ ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سوریاى دیموكراتى (مه‌سه‌ده‌) گوتووه‌ "من كوردم خۆش ده‌وێ".

ئیلهام ئه‌حمه‌د سه‌رۆكى جێبه‌جێكارى ئه‌نجوومه‌نى سوریاى دیموكرات ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ واشنتۆنه‌ و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مریكا و ئه‌ندامانى كۆنگرێس ده‌كات.

ئه‌حمه‌د له‌ كاتى ئێواره‌ خوانێك له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تى كۆنگرێس له‌ شه‌وى رۆژى دووشه‌ممه‌ كاتێك دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌ ته‌نیشتى مێزه‌كه‌یان ده‌ڕوات ماوه‌ى 10 خوله‌ك پیكه‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌ و تره‌مپ به‌ مه‌به‌ستى كه‌مپینێكى سیاسى بۆ پاره‌ كۆكردنه‌وه‌ له‌و هۆتێله‌ بووه‌ و تره‌مپ به‌ ئیلهامى گوتووه‌ من "كوردم خۆش ده‌وێ".

ئیلهام ئه‌حمه‌د پرسیارى له‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا كردووه‌ ئایا كورده‌كان له‌ سوریا به‌جێ ده‌هێڵێت كه‌ له‌لایه‌ن توركیا داگیر بكرێت، تره‌مپ به‌ڵێنى داوه‌ كه‌ كوردى رۆژئاواى كوردستان بۆ داگیركاریى توركیا به‌جێ ناهێڵێت.

هاوسه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سوریاى دیموكرات رایگه‌یاند: ئێستا زیاتر هه‌ست به‌ دڵنیایى ده‌كه‌م له‌ چاو جاران، به‌ڵام هێشتا چاویان له‌ دیدارى زیاتره‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، به‌تایبه‌تى كه‌ پێشبینى ده‌كرێت دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا، توركیا ئۆپه‌ڕاسیۆنى سه‌ربازى له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام بدات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى دڵنیایى زیاتر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كوردى رۆژئاوا له‌لایه‌ن توركیاوه‌ نه‌كرێنه‌ ئامانج.

جێى ئاماژه‌یه‌ شه‌وى 19ى كانوونى یه‌كه‌مى 2018، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا بڕیارى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى و گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ رۆژئاواى كوردستان راگه‌یاند و ئه‌و هه‌واڵه‌ش نیگه‌رانى زۆرێك له‌ هاوپه‌یمانانى لێكه‌وته‌وه‌ و چه‌ند كونگرێسیه‌كى ئه‌مریكى ره‌خنه‌یان له‌ بڕیاره‌كه‌ى ترمپ گرت.

هاوكات هه‌سه‌ده‌ هێزیكى سه‌ربازییه‌ و به‌ پشتوانى ئه‌مریكا بۆ رزگاركردنه‌وه‌ى ناوچه‌ داگیركراوه‌كانى رۆژئاواى كوردستان و سوریا له‌ رێكخراوى تیرۆریستى داعش پێكهاتووه‌ و شانبه‌شانى ئه‌مریكا له‌ دژى داعش جه‌نگاون، به‌ڵام توركیا هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات به‌ باڵێك له‌ سه‌ربازانى پارتى كرێكاران (په‌كه‌كه‌) وه‌سف ده‌كات و به‌ هه‌مان شێوه‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات چه‌ند جارێكیش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنى سه‌ربازى له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌دات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشتر دۆناڵد ترمپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند: توركیا له‌ رووى ئابوورییه‌وه‌ تێكده‌شكێنن ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌ سوریا بكاته‌ ئامانج كه‌ شانبه‌شانیان له‌ دژى داعش جه‌نگاون.

 

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز 

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.