فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی لێدوانەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق دەداتەوە سەبارەت بە ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، و پێیوایە ئامانج لەو لێدوانانە، لەقكردنی دۆخی سیاسی ئەرێنییە لە عیراق.
فراکسیۆنی پارتی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31-1-2019) لە راگەیەندراوێکدا جەخت دەکاتەوە لە ھەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی سەردانەکەی سەرۆک بارزانییە و دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردەی حیزبە سیاسییەکان لە بەغدا.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە ھەوڵەکان گوزارشت لە سیاسەتێکی نوێ و بەرپرسانە دەکەن بەرامبەر پێکھاتەکانی گەلی عێراق بە گشتی و کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەتایبەتی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بە بوونی ھێزێکی ھاوبەش.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دوێنێ رایگەیاندبوو: سەقامگیریی کەرکووک گەرەنتیکەری ئاسایشە بۆ عێراق و، جەختی کردەوە کە رێگە بە ھیچ رێککەوتنێک نادەن لەسەر حیسابی ئاسایش و سەقامگیریی کەرکووک.
راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی جەختیش دەکاتەوە لەوەی ئەو ھێزە ھاوبەشە پێکەوە رۆڵیان گێڕا لە شکستپێھێنانی تیرۆر و پاراستنی پێکھاتەکانی گەلی عێراق لە دڕندەیی تیرۆری داعش و جەختکردنەوەیە لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە لە لایەن پێکھاتەکانیانەوە.
فراکسیۆنی پارتی جەخت دەکاتەوە لەوەی کەشی سیاسی ئێستا ھاوکارە بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی بەپێی مادەی 140ـی دەستووری عێراق و پێشوازییەکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ھەیە بۆ سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لەو ناوچانە بە بوونی ھێزی ھاوبەش.
فراکسیۆنی پارتی لە راگەیەندراوەکەیدا دەشڵێ: ئەم دیدە سیاسییە بەرپرسیارە، جەختکردنەوەیە لەسەر کۆتاییھێنان بە سەربازیکردنی کەرکووک، کە بەرھەمی پەیڕەو و سیاسەتی ھەڵەی حکومەتی پێشووە و، بەوە زیادڕەوی کردە سەر دەستووری عێراق و ھێزە چەکدارەکانی لە ناکۆکی سیاسی تێوەگلاند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.