Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 18:31

نهێنییەکی سەرسوڕهێنەرە له‌ ژیانی "ستیڤ جۆبز" دا

دایكی وای كرد (ستیڤ) زۆر بڕوای بەخۆی بێت
کوردستان TV
100%

ستیڤ جۆبز لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (2007) یەكەم مۆبایلی هۆشمەندی ڕاستەقینەی دیزاین كردو بڵاویكردەوە بە ناوی (ئایفۆن) لە ڕێگەی كۆمپانیای (ئەپڵ) كە خۆی سەرۆكی بوو، ئەم كارەی (ستیڤ) وەرچەرخانێكی گەورەو داهێنانێكی مێژوویی بوو.

جۆبز بە داهێنانی ئایفۆن كە لە ڕاستیدا یەكەم كۆمپیوتەری بچووكی ناودەست بوو، لە ڕێگەی بەستنەوەی بە ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هێزو توانای بە هەموو تاكێك بەخشی لە سەرتاسەری جیهاندا ببێتە ڕۆژنامەنووس، وێنەگر، دەرهێنەر، ئەكتەر .

باوكی" ستیڤ " ناوی " عەبدولفەتاح جەندەلی " بوو، خەڵكی شاری حیمس بوو لە سوریا، لە ساڵی (1954) چووە بۆ خوێندن لە زانكۆی (ویسكۆنسۆن) لە ئەمریكا ، جەندەلی لە زانكۆ بووە هاوڕێی (جۆوانە كارۆل) كە ئافرەتێكی سپی پێستی ئەمریكی بوو، هەردووكیان ئەو كاتە تەمەنیان (23) ساڵ بوو، ئەوان یەكتریان زۆر خۆشدەویست و ویستیان هەوسەرگیری بكەن، بەڵام باوكی (جۆوانە) ڕازی نەبوو لەبەر ئەوەی (عەبدولفتاح جەندەلی) سوری و موسڵمان بوو .

ئەو كات شتێكی ئاسایی بوو لە ئەمریكا دایك و باوك ڕێگربن لە هاوسەرگیری كچەكەیان ئەگەر بە دڵیان نەبووایە، چونكە شۆڕشی ئازادییەكانی ژنان لە ئەمریكا كە بە ناسراوە هێشتا دەستی پێ نەكردبوو، ئەو شۆرش و بزووتنەوەیەی ژنان لە ئەمریكا لە ناوەڕاستی شەستەكان دەستی پێكرد.

لە ئەنجامی ئەم پەیوەندیە (عەبدولفەتاح) و (جۆوانە) لە ساڵی (1955) كوڕێكیان بوو و ناویان لێنا (ستیڤ)، بەڵام لەبەر ئەوەی هاوسەرگیریان نەكرد ئەو كوڕەیان بەخێو نەكردو بەخشیان بە خێزانێكی كاسۆلیكی دەوڵەمەند كە باوكەكە پارێزەر بوو، دایكەكەش مامۆستابوو، دوای بەخشینی كوڕە تازە لەدایك بووەكەیان بەو ژن و مێردە ئیتر هەرگیز كوڕەكەی خۆیان نەبینیەوە.

ڕۆژێك  " ستیڤ " لە تەمەنی (6) ساڵی لە قوتابخانە گەڕایەوە بە گریان و ووتی: دایكە برادەرەكانم پێم دەڵێن منتان لە كۆڵان دۆزیوەتەوە، دایكیشی لە وەڵامدا پێی ووت: كوڕم تۆمان لەناو هەزارەها منداڵ هەڵبژاردووە، چونكە تۆ منداڵێكی زۆر تایبەت بوویت، دەروونناسان دەڵێن: ئەم ڕستەیەی دایكی وای كرد هەر لە منداڵیەوە (ستیڤ) زۆر بڕوای بەخۆی بێت و دوایی ببێتە ئەو پیاوە بلیمەتەی كە نەوەك تەنیا بوو بە داهێنەری (ئایفۆن) بەڵكو ئەو دیزاینەری سەرەكی كۆمپیوتەری كەسیش بوو.

ستیڤ لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی (2011) لە تەمەنی (56) ساڵیدا بەهۆی شێرپەنجەی پەنكریاس لە كالیفۆرنیا كۆچی دوایی كرد، ئەو دوو منداڵ و هاوسەرەكەی دوای خۆی جێهێشت لەگەڵ سامانەكەی كە بە پتر لە (10) بلیۆن (ملیار) دۆلار مەزەندە دەكرێت، ناویشی هەتا هەتایە وەكو دا‌هێنەرە بلیمەتەكانی تر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.