Erbil 38°C ھەینی 06 ئازار 05:28

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق ده‌کات

شاندی میوان به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5/2/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز سیریل نان باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و خاتوو باربارا وۆڵف كونسولی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵییان به‌ دیداری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ربڕی و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها نه‌به‌ردیی پێشمه‌رگه‌یان له‌ شه‌ڕی دژی داعش و پاراستنی هه‌موو پێكهاته‌كان بێ جیاوازی به‌رز نرخاند.

به‌ڕێز باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ له ‌كاتی سه‌ردانی مه‌یدانیی به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕی دژی داعش ئه‌م ڕاستییه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌‌ و باسی له‌ كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ولێر كرد كه‌ له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ دروست كراوه‌ و ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ كراوه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سه‌ردانه‌كه‌ و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌ڵمانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا كرد، هه‌روه‌ها ستایشی ئه‌ڵمانیای كرد بۆ ئه‌و دیارییه‌ به‌نرخه‌ی پێشكه‌ش به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌یان كردووه‌ كه‌ له‌ ئاست قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌یه.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ماهه‌نگیی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌ردوولا له‌و ناوچانه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشی لێده‌كرێت تاوتوێ كرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا ئه‌نجام دراون و میكانزمێكی گونجاو دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاسی عێراقدا هه‌بێت.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و گفتوگۆ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.