فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان له پهیامێكدا 18ی شوبات ڕۆژی قوتابیان و لاوانی كوردستان پیرۆز دهكات كه ئهمهی خوارهوه دهقی پهیامهكهیه:
پیرۆز بێت 18ی شوبات ڕۆژی لاوانی كوردستان
بەڕێزان لە مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی لاوانی دیموكرانی كوردستان
سڵاو و ڕێز
ئەمساڵ (66) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتییە تێكۆشەرەكەتان تێدەپەڕێت، كە لەو مێژووە پڕ شكۆیەدا، بە ئەزموونی جیاواز و خۆشی و ناخۆشییەكی زۆردا تێپەڕیون، چونكە خەباتی ئێوە، بەشێكە لە خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان و ئەو ناخۆشی و كارەساتانەی كە بەر لایەنە شۆڕشگێڕەكانی كوردستان كەوتوون، پریشكی زۆریشی بەر ئێوە كەوتووه، چونكە ئێوە بەشێك بوون لەو هەوڵە نەتەوە و نیشتیمانییە شۆڕشگێڕییانەی، كە گەلەكەمانییان بەم ڕۆژە گەیاندووە و لە كەناری ئارامی هەمیشەیی نزیكتری كردیوینەتەوە.
بۆیە لەم بۆنە شكۆدارەدا، پیرۆزباییەكی گەرمتان ئاراستە دەكەین، هیوادارین هەمیشە سایەیەكی دڵنیا بن بۆ لاوانی كوردستان و گۆشكردنیان لەسەر بڕوای نەتەوەیی و نیشتیمانی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، كە ڕێبازی كوردایەتی و عەدالەتخوازی و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستییە.
نابێت لە هیچ كاتێكدا ئەو بڕوا و متمانەیەی باوكی ڕۆحمیان بارزانی نەمر لە بیربكەین، كە لاوانی كورد بە شورەی پۆڵاین بۆ پاراستنی كوردستان ناو دەبات، چونكە ئەوە متمانەیەكی گەورەیە و لە پاراستنی خاك و وڵات و زمان و نەتەوە و بەها بەرزە نەتەوەیی و نیشمانییەكاندا خۆی دەبینێتەوە.
لاوانی خۆشەویستی كوردستان.
وەك خۆتان ئاگادارن، بە گوێرەی بڕیاری ژمارە (10)ی پەرلەمانی كوردستان، كە لە ڕۆژی (19/9/1999) دەرچووە، ڕۆژی (18ی شوبات) وەك ڕۆژی قوتابیان و لاوانی كوردستان ناساندووە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان، كار بكەین بۆ ئەوەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان، وەك هەمیشە و بە گوڕوتینێكی زۆرترەوە، داینەمۆی بیری نەتەوەیی و تۆختركردنەوەی بەرپرسیارێتی زیاتر بن، لە بەرانبەر نەتەوە و وڵاتەكەیان باشتر هەست پێبكەن و هەروەها دەرفەت و ڕۆڵی زیاترییشان هەبێت، لە پێشخستنی وڵات و گەشەسەندنی زانست و بەشداری كردنی زیاتریان لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا.
ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەك هەمیشە پاڵپشتان دەبین و ئەوەی لە توانامان دا بێت، بۆ بە یاساییكردنی مافەكانتان، درێغی ناكەین.
لێرەوە جێی خۆیەتی، كە لەیادی (18)ی شوباتدا سڵاوی وەفاداری بۆ ڕۆحی شەهیدی دەستی تیرۆر (فرەنسۆ هەریری) و سەرجەم شەهیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان و لە سەرووی هەمووانەوە، سەركاروانی شەهیدان بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد بنێرین و دڵنیایان بكەینەوە، كە ڕێباز و خەباتیان بەردەوام دەبێت.
لەگەڵ ڕێزماندا....
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.