وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا كه له‌مه‌ودوا بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر و كرێ و ته‌كسی واتا هه‌ڵگری تابلۆی سور و زه‌رد پێویسته شۆفێران پشتگیری سه‌ندیكای كرێكاران و گواستنه‌وه به‌ده‌ستبهێنن.
رائیدی هاتووچۆ كاروان محه‌مه‌د صدیق گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتووچۆی سلێمانی رایدهگهێنێت سه‌ندیكای كرێكاران و گواستنه‌وه و مه‌كته‌بی ته‌نفیزی له رۆژی (3/1/2019)دا له نووسراوێكدا بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، داوایانكردووه ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌نی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر یاخود كرێن واتا ئۆتۆمبێله‌كانیان هه‌ڵگری تابلۆی (سورو زه‌رد)ن، له كاتی نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانهكانیاندا بنێردرێن بۆ سه‌ندیكای كرێكاران‌و گواستنه‌وه به‌مه‌به‌ستی هێنانی پشتگیری و پاش هێنانی ئه‌و پشتگیرییه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هاتووچۆدا كار‌و باری یاساییان بۆ بكرێت و ساڵانه‌كانیان بۆ نوێبكرێته‌وه".
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌شده‌كات وه‌زاره‌تی ناوخۆ له به‌رواری (19/1/2019)دا به‌نوسراوێك سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی هاتووچۆی ئاگاركردهوه كه هه‌روه‌ك چۆن پێشتر خاوه‌نی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر و كرێ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌كانیان پشتگری باجی ده‌رامه‌تیان هێناوه پێویسته به‌هه‌مان شێوه پشتگیری سه‌ندیكای كرێكاران‌و گواستنه‌وه بهێنن.
رائیدی هاتووچۆ كاروان محه‌مه‌د صدیق گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتووچۆی سلێمانی راشیدهگهێنێت به‌پێی نوسراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتووچۆی هه‌رێم كه ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی هاتووچۆكان كراوه، كار به‌و بڕیاره ده‌كرێت و پێویسته خاوه‌نی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه پشتگیری سه‌ندیكای كرێكاران و گواستنه‌وه بهێنن بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌كانیان.
شوان عه‌زیز

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.