Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 22:51

سەرۆک بارزانی: فەرهەنگی گەلی کوردستان ڕێگە بەوە نادات تیرۆریستان پێگەیان لە کوردستان هەبێت

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا دەكات
کوردستان TV
#6 #7
100%

جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا، پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پارلەمانی كوردستان.

ڕۆژی سێشەممە 19ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەلێكساندەر دیكرۆ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی بەلجیكا و كریستۆس سپێڵانز كۆمسیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ هاوكارییە مرۆییەكان كرد.

لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و دروستكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا هەبوو و ڕایشیگەیاند كە هاتنییان دووپاتكردنەوەی ئەو پەیامەیە كە یەكێتیی ئەوروپا و بەلجیكا پشتگیریی ئەو هەوڵانە دەكەن كە لە كوردستان و عێراق بۆ پێشكەوتن و بەدیهاتنی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئارادایە. ئەوەیشی خستەڕوو كە لەم ڕووەوە هێشتا كاری زۆر ماوە كە پێویستە ئەنجام بدرێن، بۆیەشە بەلجیكا و یەكێتیی ئەوروپا وەك هاوبەشی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە و پابەند دەبن بەو هاوبەشیە. سوپاسی دامودەزگای هەرێمی كوردستانیشی كرد كە لە كاتی قەیران و تەحەددیاتەكاندا هاوكاری یەكێتیی ئەوروپا وجیهان بوونە بە تایبەت لە پرسی تیرۆر و هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران.

پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا، پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پارلەمانی كوردستان و ئەوەی بە هەنگاوێكی ئیجابی لە پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە قەڵەمدا. شاندی میوان تەئكیدی لەوەیش كردەوە كە سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق و كوردستان بۆ یەكێتیی ئەوروپا بایەخێكی تایبەتی خۆی هەیە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی بەلجیكا و یەكێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیی دژی داعشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونە و وێڕای جەختكردنەوە لەوەی كە ئەو هاوكارییە ئەنجامی باشی هەبووە، ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە فەرهەنگی گەلی كوردستان ڕێگە بەوە نادات تیرۆریستان پێگەیان لە كوردستان هەبێت و سووربوونی كوردستانیشی لە دژایەتیكردنی تیرۆریستان بە شاندی میوان ڕاگەیاند.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی و مێژووییبوونی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی په‌رلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی یەكەم ئافرەت بە سەرۆكی پارلەمان و هەروەها جێگرێكی ئافرەت بۆ سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان بە ئاماژەیەكی زۆر باش زانی لە گەشەسەندنی سیاسی و پێشڤەچوونی كولتووری سیاسیی لە هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی هزری تیرۆر و توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان تاوتوێ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر جگە لە شەڕی سەربازی پێویستە شەڕی ئایدیۆلۆژییای تیرۆریش بكرێت.

بارودۆخی سووریا و هەروەها پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ و گەڕانەوەی ئاوارەكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و لەبارەی بارودۆخی سووریا سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی سەبارەت بە ئاییندەی كورد لە سووریا بە شاندی میوان ڕاگەیاند و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەكانی سووریا نەبێتە هۆی ئەوەی زیانی زیاتر بە خەڵكی سووریا و گەلی كورد لە سووریا بكەوێت.  

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.