Erbil 38°C پێنجشەممە 20 ئاب 04:26

مه‌سرور بارزانی و باڵیۆزی ئێران لە عێراق پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد

مه‌سرور بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆبووەوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆبووەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە 20/2/2019، مه‌سرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆبووەوە و تێیدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد.


لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای تیشک خستە سەر پەیوەندی لە مێژینەی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و گەلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئالووێرکردنی مامەڵەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژە بە دوا هەنگاوەکانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان درا و جەخت لە بایەخی پەلەکردن لەو هەنگاوە دیموکراسیانە لە نێوان لایەنەکان کرایەوە.


لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، تیشکی خستە سەر میکانیزمی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و دووپاتی لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، "لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر دەکەین و سەقامگیری کوردستان بۆ ئـێمە گرینگە".


پەرەسەندنی رەوشی ناوچەکە بەگشتی و ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی رەوشی ناوچە ئاڵۆزەکانی عێراق، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.