ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه 20ـی 2ـی 2019 له سه‌لاحه‌ددین سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له شاندێكی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا كرد كه پێكهاتبوو له جێمز جێفری نوێنه‌ری تازه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌ڕی دژی داعش و سه‌رۆكی شانده‌كه و جۆڵ ڕایبێڕن جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر به وه‌كاله‌ت و ئه‌ندامانی تیمی ئه‌مه‌ریكی تایبه‌ت به سووریا.
له دیداره‌كه‌دا بارودۆخی سیاسیی ناوچه‌كه و عێراق و هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرا و نوێنه‌ری تازه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌ڕی دژی داعش پێزانینی هه‌بوو بۆ پێشڤه‌چوون و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان و ڕایگه‌یاند سه‌رباری بوونی ته‌حه‌ددیات و هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه له سه‌ركه‌وتووترین ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. هه‌روه‌ها ته‌ئكیدیشی له‌وه كرده‌وه كه تێكشكاندنی تیرۆر و به‌دیهێنانی سه‌قامگیری، ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌ریكایه له ناوچه‌كه‌دا.
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دانیشتنه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاته‌كانه سیاسی و مه‌یدانییه‌كان و نیگه‌رانی و پێشنیاره‌كان له‌مه‌ڕ ئایینده‌ی كورد له سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و په‌یوه‌ست به‌م باسه‌وه جه‌خت له هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه ئه‌ویش به مه‌به‌ستی دابینكردنی سه‌قامگیری و ڕێگه‌گرتن له شه‌ڕ و كاولكاری و هه‌روه‌ها ڕێگه‌گرتن له ئازار و نه‌هامه‌تی بۆ گه‌لی كورد له سووریا.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان بۆسه‌ر ئاساییشی ناوچه‌كه خرایه به‌ر باس و گفتوگۆ و ئه‌وه دووپاتكرایه‌وه كه هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شی هاوپه‌یمانان و هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتن و ئه‌نجامی زۆر ئیجابی له تێكشكاندن و پاشه‌كشه‌كردن به تیرۆر لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
به‌رده‌وامیی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ردوولا و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و هه‌روه‌ها پڕۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێم ته‌وه‌ری دیكه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بوون.
كوردستان تیڤی/ كامران

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.