وەزیری ناوخۆی تورکیا، رایگەیاند، هەڕەشەکانی پەکەکە لەناوخۆی تورکیا بەڕێژەی 65% کەمبوونەتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە رەوشی پەکەکە لە خراپیدایە.
سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆبوونەوەی ھەڵسەنگاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ساڵی 2018 لە فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی جەندرمە گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند "لە زستاندا پلان بۆ ئەنجامدانی چوار ھەزار و 407 ئۆپەراسیۆن لە 357 ناوچە داندراوە و بەڕێژەی 67%ی ئەو ئۆپەراسیۆنانە تەواوبوون. هەڕەشەکانی پەکەکە لەناوخۆی تورکیا بەڕێژەی 65% کەمبوونەتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە رەوشی پەکەکە لەخراپیدایە".
سۆیلو گوتیشی "لە 2017ـەوە تاوەکو ئێستا 104 گەریلا بەهۆی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و 784 گەریلاش بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە جەنگییەکان کوژراون. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان 297 حەشارگەیان دەستنیشانکردووە و لەناوبراون. لە 2017دا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێر، 15 ھەزار و 786 کاژێر لە فڕیندابوون و لە 2018شدا، 22 ھەزار کاژێر لە فڕیندابوون. رۆڵی باڵایان هەبووە لە ئاشکراکردنی شوێنەکانیان و رێگەیشیان لە جموجۆڵی تیرۆریستان گرتووە".
لەبارەی ژمارەی گەریلاکان لەناوخۆی تورکیادا، وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی "ژمارەیان لە دەورووبەری 700 گەریلادایە. لە ساڵی 2018دا، 97 ھەزار و 107 ئۆپەراسیۆنمان بۆ سەر حەشارگە و بنکەکانی پەکەکە لە ناوچەی گوندەوارەکان ئەنجامداوە".
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە حەوت ھەزار و 427 ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر رێکخستنە نێوخۆییەکانی نێو شاری پەکەکە/کەجەکە ئەنجامداوە و 16 ھەزار و 232 کەس دەستگیرکراون.
گوتیشی "لە ساڵی 2018دا، 383 كهس خۆیان رادەستکردووە. لەگەڵ خێزانی 165 لەمانەدا چاوپێکەوتن ئەنجامدراوە و لەڕێگەی رازیکردنەوە خۆڕادەستکردنیان دەستەبەرکراون. هەروەها لە 2018دا، 108 بەرپرسی باڵای پەکەکە کوژراون کە 13ـیان ناویان لە لیستی داواکراواندا بووە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.