پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، کە دەبێت بە پێی یاسای بودجە مانگانە بڕی ٥٥٨ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی، خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، ڕوونی کردووەتەوە، کە ئەو گۆڕانکارییەی پەرلەمانی عێراق لە بڕگەی ج لە ماددەی ١٠ ی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامی دا، ھەروەھا گۆڕانکاری لە پشکی پەرەپێدانی ھەرێمەکان و تەرخانکردنی سێ ترلیۆن دینار بۆ یەدەکی فریاکەوتن، ھەموو ئەمانە بوون بەھۆی گۆڕانکاری لە پشکی ھەرێمیش.
ئاماژەی بەوەش داوە، کە دەمێنێتەوە میکانیزمی شیکردنەوەی بڕگەی ج لە ماددی ١٠ ی یاساکە. ھەروەھا نووسیویەتی: "بەدەر لە پشکی پێشمەرگە، بودجەی خەمڵێنراوی ھەرێم نزیکەی ١٠ ترلیۆن دینارە و لەو بڕە پارەیەش پێنج ترلیۆن و ٤٤٨ ملیار دینار مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمە، ئەوەی کە دەمێنێتەوە بودجەی بەکاربەر و بەرھەمھێنان و ..ھتد، نزیکەی چوار ترلیۆن و نیوە".
مەسعود حەیدەر، باس لەوەش دەکات، کە بۆ حیسابکردنی ئەو زیانەی لە یاساکە ئاماژەی پێکراوە، دەبێت نرخی بەرھەمھێنانی نەوت دەربھێنرێت لە نرخی نەوتی خەمڵێنراو لە یاساکە و لەو حاڵەتە ئەو پارەیەی کە دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، ٤٥٤ ملیار دینار مووچە و ٦٨ ملیار دینار پشکی پێشمەرگە و ٣٧ ملیار دینار پەرەپێدانی ھەرێمەکان و ٢٩ ملیار دینار وەبەرھێنان و تەمویلی پرۆژەکان لە قەرز بێت.
جەختیش دەکاتەوە، کە کۆی گشتی ئەو بودجانە دەکاتە ٥٨٨ ملیار دینار مانگانە. ھەروەھا دەڵێت: "لە حالەتێکدا ئەگەر جیاوازی ھەبوو بۆ شیکردنەوەی بڕگەی ج لە ماددەی ١٠ ی یاساکە، دەبێت ئەو بڕە پارەیەی بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت لە ٥٢٢ ملیار دینار کەمتر نەبێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.