Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 04:07

ئه‌رێ ھۆڵی (گه‌ل)ـتان بیرماوه‌؟

خاوه‌ن په‌یام و دیدگایه‌كی تایبه‌ت بوون بۆ كوردایه‌تی
کوردستان TV
100%

 ن/ شاخه‌وان مسته‌فا

ڕۆژانێك ھۆڵێك له‌و ھه‌ولێره‌ شیرینه‌ ھه‌بوو ناوی (گه‌ل) بوو، ئه‌و ھۆڵه‌ش ببوو به‌ سه‌نته‌ری په‌یامی سیاسی و ده‌ربڕینی ھه‌ست و سۆزی نه‌ته‌وایه‌تی ھونه‌رمه‌ندان بۆ پێشمه‌رگه‌ و گیان فیداكانی نیشتمان، به‌جۆرێك ته‌ختی شانۆ ببوو به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ نێو دڵی جه‌ماوه‌ردا، ھه‌موو ئه‌و ھونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ له‌و ھۆڵه‌شدا نمایشه‌ شانۆییه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كرد، خاوه‌ن په‌یام و دیدگایه‌كی تایبه‌ت بوون بۆ كوردایه‌تی، له‌وانه‌ش جوانتر ئه‌و سه‌نته‌ره‌ ھونه‌رییه‌ ببووه‌ شوێنی كۆڕ و سیمیناره‌ جیا جیاكان بۆ به‌رز ڕاگرتنی ھونه‌ری كوردی و، ھه‌ولێر به‌ تایبه‌تی.

له‌وێدا ھه‌موو بواره‌ ھونه‌رییه‌كان به‌ جوانترین شێوه‌ خۆیان ده‌نواند و، ھۆڵی (گه‌ل)، ته‌نیا شوێنێك نه‌بوو بۆ ھونه‌ر، به‌ڵكو سه‌نته‌رێكی كارا بوو بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌یامی پێشمه‌رگه‌ و جوامێرانی شاخ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ دژی ڕژێمی پێشووی عێراقدا.

به‌ڵام... چی لێھات ئه‌و ھۆڵه‌؟!، بۆچی خاپووركرا، ئه‌ی نیه‌ت نه‌بوو، به‌ جوانترین شێوه‌ نۆژه‌ بكرێته‌وه‌؟.

كاتێك دیواره‌كانی ئه‌و ھۆڵه‌ ڕوخێندرا، ھه‌موومان گه‌شبین بووین به‌وه‌ی كه‌ جارێكی تر به‌ سیمایه‌كی جوانتر ئه‌و ھۆڵه‌ ده‌بینینه‌وه‌، جارێكی تر ده‌ست له‌ ملی شانۆ و به‌رھه‌مه‌ سینه‌ماییه‌كان و گشت ھونه‌ره‌ جوانه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌، جارێكی تر تابلۆ جوانه‌كانی تیپه‌ میللییه‌كه‌ی ھه‌ولێری لێده‌بینینه‌وه‌، مخابن!، كه‌ ئه‌وه‌ بوو به‌ خه‌ون و كه‌سیش ھه‌ر بیری نه‌ماوه‌ و له‌ خه‌یاڵی ھه‌موواندا سڕایه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ ھۆڵی (گه‌ل) ده‌رگاكانی بكرێنه‌وه‌!.

بۆیه‌، وه‌ك ھونه‌رمه‌ندێكی فیلمساز، له‌و چه‌ند دێڕه‌دا پێشنیار ده‌كه‌م و ڕوو له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی ھه‌رێم ده‌كه‌م، كه‌ خه‌مێكی جیدی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بخۆن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ھۆڵی (گه‌ل) بكه‌ن به‌ پڕۆژه‌ی پێشوه‌خته‌ی بۆ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی ھه‌رێم، تا له‌سه‌روبه‌ندی دامه‌زراندنی كابینه‌كه‌، ھۆڵه‌ شیرینه‌كه‌ی ھه‌ولێر ده‌رگاكانی به‌ ڕووی ھونه‌رمه‌ندان دا بكاته‌وه‌، كه‌ توڕاسێكی مێژوویی ئه‌و شاره‌یه‌ و نابێ وا بێخه‌م بین له‌ ئاست ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا.

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.