لە ماوەی 72 كاتژمێردا دوو كلاسیكۆمان بینی كە یەكەمیان كلاسیكۆی جامی شای ئیسپانیا بوو ، دووەمیشیان كلاسیكۆی لیگا بوو ، دوور لەئەنجامی هەردوو یاری كە لە بەرژەوەندی یانەی بەرشلۆنە بوو ، ئەم دوو كلاسیكۆیە زۆر لەیكەتر جیاوازبوون .
سەڕەرای جیاوازی بارودۆخی هەردوو یاری ، هەردوو كلاسیكۆ لە دوو خولی جیاواز ئەنجامدران كەهەریەكێكیان ئامانجی جیاوازی هەبوو ، لە كلاسیكۆی جام یاریەكە یەكلاكەرەوە بوو بۆیە فشارێكی زۆر لەسەر یاریزانانی هەردوو یانە هەبوو كە ئامانجیان گەیشتن بوو بۆ یاری كۆتایی ، ریال مەدرید لەكلاسیكۆی جام ئاستێكی باشی پێشكەش كرد و هەموو شتێكی كرد تەنیا گۆڵ تۆماركردن نەبێت لەبەرامبەردا بەرشلۆنە بەرگریەكی باشی كرد بەپشتبەستن بە گۆڵپارێزێكی لێهاتووی وەك ئەندرێ تیریشتیگن كە هۆكاری بردنەوەی یانەكەی بوو ، هێرشبەرانی بەرشلۆنەش لەبەرامبەر گۆڵی ریال مەدرید زۆر كاریگەر بوون لە 4 دەرفەت 3 گۆڵیان تۆماركرد . ئەم ئەنجامە كاریگەری لەسەر كلاسیكۆی لیگا هەبوو چونكە ماوەی 72 كاتژمێر كاتێكی زۆر كەمە بۆ ئامادەكردنەوەی تیپەكە بە تایبەتی ئامادەكردنەوەی یاریزانانی ریال مەدرید لەلایەنی دەروونیەوە .
یاری كلاسیكۆی لیگاش ئەنجامدرا كە جیاواز بوو لە كلاسیكۆی جام چونكە ئەم یاریە یەك یاریە لەكۆی 38 یاری وەرزێكی تەواوی لیگا و ئەنجامەكەش تەنیا 3 خاڵە ، لەمجۆرە یاریانە كەلەخول ئەنجام دەدرێن قەرەبۆكردنەوەی هەیە و هەرگیز كلاسیكۆ پاڵەوانی خول دیاری نەكات بۆ نمونە لەو وەرزەی كە ئەتلەتیكۆ مەدرید بووە پاڵەوانی لیگا بەرشلۆنە هەردوو كلاسیكۆی چوون و گەڕانەوەی لەریال بردەوە بەڵام نەبووە پاڵەوان .
لە خویندنەوەیەك بۆ كلاسیكۆی لیگا كە بەرشلۆنە بەتاكە گۆڵی راكیتیچ سەركەوتنی بەدەستهێنا ئەوە بەدی دەكرێت كە راهێنەری بەرشلۆنە ئەرنیستۆ ڤاڤێردی خوێندنەوەی بۆ یاریەكە باشتر بوو لە خوێندنەوەی راهێنەری ریال مەدرید سانتیاگۆ سۆلاری ، ڤالڤێردی یەك گۆڕانكاری لە پێكهاتەكەی كرد بەبەشداركردنی یاریزان ئارسەر لە شوێنی نیلسۆن سمیدۆ و گەڕاندنەوەی سیرجی رۆبەرتۆ بۆ هێلی بەرگری ، مەبەست لەم گۆڕانكاریەش راگرتنی مەترسیەكانی ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی بوو ئەوەش بەهەماهەنگی لەگەڵ راكیتیچ ، لەم پلانەش تا رادەیەك سەركەوتوو بوو ، بەشداریكردنی ئارسەریش هاوسەنگی بۆ هێلی ناوەراستی بەرشلۆنە گەڕاندەوە ، بۆیە كۆنترۆڵی تۆپ لەلایەن یاریزانانی بەرشلۆنە لەم یاریە زۆر باشتر بوو لە یاریەكەی جامی شا ، هەربۆیە لەم یاریەدا مەترسیەكانی ڤینیسیۆس كەمتر بوو ، هەڕەشەكانی سەرگۆڵی بەرشلۆنەش زۆر كەمتر بوو بەبەراورد لەگەڵ یاری كلاسیكۆی جامدا .
لەبەرمبەردا سانتیاگۆ سۆلاری دوو گۆڕانكاری لە پێكهاتەكەی كرد بەبەشداریكردنی گۆڵپارێز كۆرتوا و یاریزان گاریس بێل لە شوێنی لۆكاس ڤازكێز ، سەرەتا یاریكردنی بێل و ڤینیسیۆس بەیەكەوە هەڵەیەكی زەقی سۆلاری جا نازانین ئەم بڕیارە هی خۆی بوو یان لەسەری فەرزكرابوو ، بەشداریكردنی ئەم دوو یاریزانە بەیەكەوە وا دەكات كەمەترسی هێرشەكانی مێرنگی كەمبێتەوە ، دیار بوو كە گاریس بێل هەر زیاد بوو لەهەمان كاتدا مەترسیەكانی ڤینیسیۆس بەبەراورد لەگەڵ یاری یەكەم زۆر كەمتربوو ، هەردوو یاریزان مۆدریچ و كرۆس نەیانتوانی دەرفەت بۆ هاوڕێكانیان دروست بكەن بۆ یەك جاریش كەریم بنزیمە دەرفەتی بۆ نەرەخسا ، كێشەی گەورەی ریالیش هێلی بەرگریە كە چەندین جار یاریزانانی بەرشلۆنە بە ئاسانی ئەم بەربەستەیان بڕی و گۆڵێكیشیان بەم شێوازە تۆماركرد ، چونكە هەماهەنگی نێوان رامۆس و ڤاران زۆر لاواز بوو ، ئاستی كارفەخاڵیش دابەزیوە .
بەرشلۆنە لە دوو كلاسیكۆدا ئامانجی خۆی پێكا ، گەیشتن بۆ یاری كۆتایی جامی شا و دوورخستنەوەی ریال مەدرید لە ململانێی لیگا ، ئێستاش قۆناغێكی تازە بۆ ریال دەست پێدەكات كە جەختكردنەوەیە لەسەر یاریەكانی چامپیۆنزلیگ و بەدەستهێنانی نازناوەكە بەڵام ئەم ئامانجە پێویستی بەرێكخستنەوە و گەڕاندنەوەی متمانە هەیە بۆ خودی یاریزانەكان و بڕینی بەربەستی ئەیاكسە چونكە ئەوەی لە دوای ئەیاكس دێت زۆر لە ئەیاكس بەهێزترە ، لەبەرامبەردا بەرشلۆنە دوو هەنگاوی گەورەی بڕی بۆ بەدەستهێنانی دوو نازناو كە جام و خولە بەڵام بۆ چامپیۆنزلیگ بارودۆخی بەرشلۆنە لەریال باشتر نیە و ئێستاش هاندەران و خودی یاریزانانی بەرشلۆنە سیناریۆی یاریگای ئۆلۆمپیكۆیان لەبەرچاوە و بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم سیناریۆیە پێویستیان بەكارێكی زۆر گەورەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بەجام و نازناوی چامپیۆنزلیگ شادببنەوە .
سالار جەلال
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.