Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 07:57

فازڵ میرانی رێککه‌وتننامه‌ی نێوان پارتی و یه‌کێتیی به‌ زه‌رووره‌ت و هه‌نگاوه‌ هه‌ره‌ باشه‌کان وه‌سف کرد

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌گه‌ڵ شاندێكی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%

پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان جه‌خت له‌ یه‌كڕیزیی ناو ماڵی كوردستان و پارت و لایه‌نه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ و رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌ هه‌نگاوێكی باش و پێویستیییه‌كی گرنگ وه‌سف ده‌كه‌ن .

فازڵ میرانی،  سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ میانی دیدارێكی له‌گه‌ڵ شاندێكی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان كه‌ له‌ به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا و سه‌عد خالید، ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و شوان محه‌مه‌د و بێكه‌س قادر، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ پێكهاتبوون، باسی له‌ ره‌وشی كوردستان و پرۆسه‌ی سیاسی و یه‌كریزیی ناو ماڵی كوردستان كرد .

له‌و دیداره‌دا كه‌ ئازاد به‌رواری و مه‌حمود محه‌مه‌د و جه‌عفه‌ر ئێمنكی و سه‌ڵاح ده‌لۆ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و عه‌لی حوسین به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردستانی و عێراقیی پارتی ئاماده‌ی بوون، فازڵ میرانی وێڕای باسكردنی ره‌وشی ئێستای كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێو ماڵی كوردستانی و په‌یوه‌ندیی پارت و لایه‌نه‌كان كرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوونی زیاتری هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی كوردستان .

هاوكات فازڵ میرانی رێككه‌وتننامه‌ی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستانی به‌ زه‌رووره‌ت و هه‌نگاوه‌ هه‌ره‌ باشه‌كان وه‌سف كرد .

له‌ لایه‌ن خۆشیییه‌وه‌ به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا جه‌ختی له‌ به‌هێزی و په‌یوه‌ندیی قوڵی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان كرده‌وه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند .

هاوكات پیرۆزبایی له‌ سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بۆ واژووكردنی رێككه‌وتنی چواری ئاداری دووهه‌زار و نۆزده‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان و هیوای خواست كه‌ سه‌رجه‌م پارته‌كان له‌ ئاستی به‌رپرسیاریه‌تیی قۆناغه‌كه‌دا بن و یه‌كڕیزییان پته‌وتر بكه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی كوردستان .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.