خەسرۆ گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموكراتى كوردستان، رایگەیاند" رێککەوتنی پارتى و یەکێتی، کە لە 18 خاڵ پێکهاتووە، دەستکەوتی زیاتر بۆ خهلكى کوردستان مسۆگەر دەکات.
خەسرۆ گۆران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمریکا، هەروەها رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنەکە، چەند لێژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی پێک دێن و پێش ئەوەی لێژنەکانیش دەستبەکاربن، دەبێ فراکسیۆنی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەنەوە.
هەروەها رایگەیاندووە، ئەولەویەتی رێککەوتنەکە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ”رێککەوتنەکە کاملە و هەمووی دەگرێتەوە“.
خەسرۆ گۆران جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کێشەی پارێزگاری کەرکووک و وەزیری دادی عێراقیش بەپێی رێککەوتنەکە چارەسەر دەکرێت و هەردوو پۆستەکە بۆ یەکێتی دەبێ، بەو مەرجەی کاندیدەکە ”ڕەزامەندی هەردوولا“ی لەسەر بێت.
رۆژی دووشەممە 4-3-2019، شاندی باڵای مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە و دواتر نێچیرڤان بارزانیی جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵی جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، رێککەوتنی ههردوولایان واژوو کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.