Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 06:26

سوپاسالاری هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ : له‌ سنووری نه‌ینه‌وا و که‌رکووک جموجۆلی داعش له‌ زیادبووندایه‌

 لێژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ده‌ستیان به‌كاره‌كانیان كردووه‌
کوردستان TV
#7
100%

فه‌ریق جه‌مال ئێمینكی ، سوپاسالاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاندووه‌: زیاتر له‌سه‌دا ٨٠ی ئاواره‌كانی قه‌زای شنگال به‌هۆی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ و لقه‌كانی سه‌ربه‌ په‌كه‌كه‌وه‌ ناوێرن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان، ترسیان له‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌، نه‌وه‌ك رووبه‌ڕووی توندوتیژی ببنه‌وه‌.

ئه‌و گوتیشی: هه‌ر ته‌نها په‌كه‌كه‌ نین كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی ناسه‌قامگیری قه‌زای شنگال، به‌ڵكو چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبیش هۆكارێكی دیكه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی شنگالن، بۆشایی ئه‌منی و سه‌ربازی و سیاسییان له‌ ناوچه‌كه‌ دروستكردووه‌.

سوپاسالاری پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر دۆخی شنگال ئارام و سه‌قامگیر بێت، ئاواره‌كان ده‌ستبه‌رداری ژیانی ئاواره‌یی ده‌بن و له‌بری ئه‌وه‌ی له‌نێو كه‌مپه‌كان بژین ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان، به‌ڵام خۆیان له‌ كه‌مپه‌كان پارێزراوتر ده‌بینن.

سوپاسالاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فه‌ریق جه‌مال ئێمینكی له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و جموجۆله‌كانی داعش گوتی: "هه‌تا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كاندا جێگیر بوون، داعش هیچ ده‌رفه‌تێكی نه‌بوو خۆی رێكبخاته‌وه‌ و جموجۆل و چالاكی تیرۆریستی ئه‌نجام بدات، به‌ڵام له‌ رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكبۆبه‌ری ٢٠١٧وه‌، به‌هۆی بۆشایی ئه‌منی، سه‌ربازی و سیاسی له‌ ناوچه‌كه‌، داعش سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و جموجۆلیان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك".

فه‌ریق جه‌مال ئێمینكی ئاماژه‌ به‌و ناوچانه‌ ده‌دات كه‌ داعش تیایدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت "له‌ سنووری قه‌زای شنگال و ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا، هه‌روه‌ها له‌ رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای مووسڵ و سنووری قه‌زای مه‌خموور به‌ تایبه‌ت چیای قه‌ره‌چووغ،  هه‌روه‌ها له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك رۆژ دوای رۆژ چالاكی تیرۆریستی و جموجۆله‌كانی داعش له‌ زیادبووندایه‌".

سوپاسالاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ گوتیشی: "داعش هه‌ڕه‌شه‌ نابێت بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر باش توندوتۆڵ كراون و ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ به‌رگرییه‌كن، به‌ڵام ناوچه‌ كوردستانییه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌هۆی نه‌بوونی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره‌".

سوپاسالاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ سه‌باره‌ت به‌ لێژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق گوتی: "لێژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ده‌ستیان به‌كاره‌كانیان كردووه‌ و تا ئێستا له‌ كاره‌كانیان به‌رده‌وامن، یه‌كێك له‌ كاره‌كانیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رووپێوێكی گشتی بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ن".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.