وهزیری پهروهردهی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە وتارێکدا گوتى: ئێمە هەڵەبجەمان بۆیە هەڵبژارد، چونکە مافى خۆیەتى کە خزمەتى گەورەى پێشکەش بکرێت و هەموومان قەرزاربارى ئەم پارێزگایەین.
ڕێکخراوى کویکاى حکومەتى کۆریاى باشوور کە چەندین ساڵە لە ڕووى پەروەردەیی و خزمەتگوزارییەوە، لە هەرێمى کوردستان کار لەسەر پڕۆژەکانى دەکات، ئەمرۆ لە پارێزگاى هەڵەبجە و بە ئامادەبوونى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و دکتۆر پشتیوان سادق وەزیرى پەروەردە و پارێزگار و چەندین بەڕێوەبەرى حکومى و حزبی شارەکە، گەورەترین کۆمەڵگەى پەروەردەیی لە عێراق کە بۆ خزمەتى هەڵەبجەییەکان دروست کراوە، کردەوە کە لەسەر ڕووبەری 8 دۆنم زەوی و بەتێچووی حەوت ملیۆن دۆلار دروست کراوە و قۆناغەکانى باخچەی ساوایان تا پۆلی 12ى ئامادەیی لە خۆ دەگرێت و سێ یاریگا و باخچە و چەند خزمەتگوزارییەکی یاری منداڵانیشى تێدا جێ کراوەتەوە.
لە مەراسیمێکى بەرفراواندا جێگیرى سەرۆکى حکومەت وتارێکى پێشکەش کرد و گوتى "وڵاتى کۆریا هاوکارێکى گەورەى کەرتى پەروەردە بووە لە هەرێمى کوردستان و ئەمەیش جێگەى ڕێزە و دواتر لە ستایشى وەزارەتى پەروەردە باسى لەوە کرد کە "بەداخەوە ئێمە لە چەند ساڵەى پێشوو لە قەیراندا بووینە و بەمەیش کێشە بۆ باشتر بەڕێوەچوونى پەروەردە دروست بووە، بەڵام سوپاس بۆ وەزیر و وەزارەتى پەروەردە کە لەم ماوەیەدا بەردەوام لەسەر خەت بوونە لەگەڵ مامۆستایان و دڵنیاین حکومەتى نوێش کارى گەورەتر و گرنگى زیاتر بەم کەرتە دەدات.
پاشان دکتۆر پشتیوان سادق وهزیری پهروهردهی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە وتارێکدا گوتى ئێمە هەڵەبجەمان بۆیە هەڵبژارد، چونکە مافى خۆیەتى کە خزمەتى گەورەى پێشکەش بکرێت و هەموومان قەرزاربارى ئەم پارێزگایەین"، دواتر باسى لەوە کرد کە وەک وەزیرى پەرورەدە لە کۆتایی کابینەکەى خۆیدایە، "بەڵام دڵخۆشم بەوەى کە ئەم سەفەرەم 63یەمین سەردانى حکومیمە بۆ دەڤەرى سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان.
وەزیرى پەروەردە لە وتارەکەیدا تیشکى خستە سەر خزمەتەکانى وڵاتى کۆریا لە هەرێمى کوردستان کە زیاتر لە ٤٠ ملیۆرن دۆلارى بۆ پەروەردە تەرخان کردووە، وڵاتێک کە ساڵى شەستەکان یەکێک بوو لە وڵاتە دواکەوتووەکان کەچى پەروەردەى کردە سەنتەرى پێشکەوتنى خۆى و ئێستا بووەتە وڵاتێکى پێشکەوتووى دونیا و هەر ئەمەیش واى کردووە کە هاوکارى ئەو گەل و وڵاتانە بدات کە خوازیارى پێشکەوتنن لە ڕێگەى پەروەردەوە.
پاشان وەزیرى پەروەردە باسى ئامارى نێوان سەردەمى ڕاپەڕین و ئێستاى هەرێمى کوردستان کرد و گوتى "ئێمە لە هەرێمى کوردستان و لە ساڵى 1991ى زایینى تەنیا 500 هەزار قوتابیمان هەبوو کەچى ئێستا نزیکەى ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار قوتابی و خوێندکار خەریکى خوێندن لە هەرێم، ئێمە پیشتر تەنیا 20 هەزار مامۆستامان هەبوو، بە خۆشییەوە ئێستا زیاتر لە 123 هەزار مامۆستا و 60 هەزار فەرمانبەرمان هەیە، پێشتر نزیکەى 1000 باڵەخانەى قوتابخانەمان هەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە 6000 هەزار قوتابخانەمان هەیە. ئەم ڕێژانە باشن، بەڵام هێشتا زیاتر پێویستمان بە کارکردنە لەو بوارەدا. ئەگەر ئەو قەیرانە نەبوویە ئێستا ژێرخانى پەروەردە باشتر بوو و پیشکەوتنى گەورەى بە خۆیەوە دەبینى.
وەزیرى پەروەردە ئەوەشى باس کرد کە " قەیرانی دارایى سەر هەرێمى کوردستان ڕەنگدانەوەى ڕاستەوخۆی لەسەر پەروەردە دروست کرد، ئومێدەوارین لە کابینەى داهاتوو بتوانریت ژێرخانى پەروەردە گرنگى زیاتری پێ بدریت"، پاشان دکتۆر پشتیوان سادق ئەوەشى گوت کە وەزارەتى پەروەردە لەگەڵ زۆر لە ڕێکخراوەکانى دونیا لە بوارى پەروەردە هاوبەشى و هەماهەنگى هەیە و لەسەر بنەماى ستاندەرە جیهانییەکان گرنگى بە قوتابخانەو بە قوتابى و مامۆستا و سەرپەرشتیار و کارگیرى قوتابخانەکان دەدات و لە لایەن ڕێکخراوى یونیسێف و یونسکۆ و بریتش کاونسێڵ چەندین خول و ڕاهێنانی دروستکردنى سەرکردەیان لە بوارى پەروەردە لە ناوەندەکانى خویندن پەروەردە کردووە.
دواتر بەڕێز چۆى قونسوڵى گشتى وڵاتى کۆریا لە هەرێمى کوردستان بە جلوبەرگى نەتەوەیی وڵاتەکەیەوە وتارێکى پێشکەش کرد و سوپاسى وەزیرى پەروەردەى کرد کە هاوکارێکى ڕاستەوخۆ و هەمیشەیی ئەوان بووە لە پڕۆژە پەروەردەییەکان و دواتر گوتى "ئێمە چەندین چیرۆکى سەرکەوتوومان هەیە لە بوارى پەروەردە و مرۆییدا و ئەو هاوکاریانەمان پێشکەش بە هەموو جیهان کردوە. ئێمە لە ناسنامەى گەلان تێگەیشتووین و پێمان وایە پەروەردە و فێربوون یەکیکە لە بنەما سەرکییەکانى تێگەیشتى مرۆڤ و پێویستە هەموو مرۆڤێک خەونى پێگەیشتنى هەبیت.
چۆى لە درێژەى وتارەکەى ئاماژەى بەوە دا کە ئەو زۆر متمانەی بە خۆی هەیە لە پاش تەواوکردنى پڕۆژەکەیان لە هەڵەبجە، "چونکە بەمەش هەست دەکەم کە لە هەرێمى کوردستان خەونەکان بەدى هاتوون. هەموومان دەزانین خەڵکى هەڵەبجە بەدەست ئەم چەکە کیمیاییەوە دەناڵێنێت، هەر بۆیەش پەیوەندییەکى پتەومان لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە و هەڵەبجە بە سیمبول دەزانین و زۆر دڵنیاین کە داهاتوویکى خوشگوزان لە نێوان هەرێم و کۆریا دەبێت و هەردوولا بەرەو پیش دەبات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.