Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 04:05

فۆکسه‌کانی نمایشی (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) چیمان پێده‌ڵێن

له‌ نووسینی  و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند "هیوا سوعاد یونس"
کوردستان TV
100%

كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

ئه‌گه‌ر له‌ مانشێتی شانۆگه‌رییه‌كه‌ ده‌ست پێبكه‌ین (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) سه‌ره‌تا راسته‌وخۆ فۆكسمان بۆ ئه‌و بۆ ئه‌و دۆزه‌خه‌ و به‌هشته‌ ده‌چێت ، كه‌ خودای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا  باسی لێوه‌ده‌كات ، به‌ڵام دوای بینینی نمایشه‌كه‌ ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی له‌و دۆزه‌خه‌یه‌ كه‌ خودی  مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا به‌گشتی به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤ  وه‌به‌  تایبه‌تیش به‌رامبه‌ر ئافره‌ت ئه‌نجام ده‌دات .

روداوه‌كانی شانۆگه‌رییه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی  گێرانه‌وه‌ی روداوی راسته‌قینه‌ی پێنج ئافره‌ته‌ كه‌ له‌ژێر دڕندایه‌تی مرۆڤدا  گه‌یشتوون به‌ دۆزه‌خ  ده‌ست پێده‌كات كاتێ پیاو به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌ دژی ره‌گه‌زی مێینه‌ هه‌ڵس وكه‌وت ده‌كات  باس له‌ پێنج دیارده‌ی قێزه‌ وونی ناو كۆمه‌ڵگا كه‌له‌ژێرپه‌رده‌ی ئاین و كلتوور وحه‌ز و ئاره‌زووه‌كان، ئه‌نجامی ده‌دات.

ktv

ده‌رهێنه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی فیدباك روداوه‌كان ده‌گێرَته‌وه‌ ، كاتێ پێنج ئافره‌ته‌كه‌ له‌ تابوته‌كان دێنه‌ده‌ره‌وه‌ هه‌ره‌یه‌كه‌و باس له‌ چۆنیه‌تی كوشتنی خۆیان ده‌كه‌ن ، ده‌رهێنه‌ر  به‌ نیشاندان و فۆكس كردنی له‌سه‌ر رووداوێكی وه‌كو كوشتنی (دوعا) به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وینداری له‌گه‌ڵ كوره‌ موسڵمانێك هه‌یه‌ پاشان روداوی كچه‌ كریستانه‌كه‌ی به‌غدا و له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ئینگلیزه‌ی ته‌مه‌ن (17) ساڵان (ساراكان) كه‌له‌لایه‌ن باوكی ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته‌ سه‌ری بۆیه‌ (ساراكان) خۆی ده‌كوژێت به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌رێگه‌ی كاركته‌ری (ڤیان) باس له‌ ئافره‌تانی ئێزێدییه‌كان و كریستانیه‌كانی  ژێر ده‌ستی داعش ده‌كات كه‌ چۆن به‌ناوی ئاین جینۆساید ده‌كرێن و ده‌ستدرێژی سێكسیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ،له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندین فۆكسی تر وه‌كو كوشتنی ئافره‌تێك به‌هۆی بوختان هه‌ڵبستن  وكوشتنی ئافره‌ت له‌سه‌ر ئابروو به‌ڵام هه‌ندێك له‌ تاوانه‌كان خودی ئافره‌ت هۆكار بوو بۆ كوشتنی ئافره‌ت به‌ تایبه‌تی له‌دیمه‌نی بووختان هه‌ڵبستن له‌سه‌ر ناپاكی و خیانه‌تكردن.

 ده‌رهێنه‌ر ئه‌و هه‌موو رووداوه‌  تاوانكارییه‌ نه‌بستۆته‌وه‌ به‌ شوێنێك یان كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت مرۆڤ دڕنده‌یه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك بێت یان له‌سه‌ر هه‌ر ئایین و مه‌زهه‌بێك بێت  به‌ڵام زیاتر فۆكسه‌كان بۆسه‌ر نێو كۆمه‌ڵگای خۆمان بوون.

ده‌رهێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای نمایش بینه‌ر بخاته‌ نێو كه‌شوهه‌وای شانۆگه‌رییه‌كه‌و به‌شداربووی رووداوه‌كان ببن له‌رێگه‌ی تونێلێكی تاریك ده‌چنه‌ ناو هۆڵی نمایش كه‌ گوزراشت له‌ودۆزه‌خه‌ ده‌كات كه‌ مرۆڤی دڕنده‌ به‌ده‌ستی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌ت ئه‌نجامی ده‌دات.

ktv

راسته‌ پێنج ئه‌كته‌ری كچ رۆڵه‌كانیان به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا جگه‌ له‌ رۆڵی سه‌ره‌كی خۆیان چه‌ندین رۆڵی تریان به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نیه‌ كه‌ له‌یه‌ك كاتدا بتوانی دوو تا سێ كاركته‌ر به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین به‌تایبه‌تی له‌رووی ده‌نگ و ئاماژه‌كان به‌ڵام پێنج ئه‌كته‌ره‌ كچه‌كه‌ تاراده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بوون ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك جار له‌رووی ده‌موو دوو جۆره‌ تێكه‌ڵ بوونێك هه‌بوو به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر نواندنه‌كه‌ نه‌بوو چونكه‌ وه‌كو زانراوه‌ جۆری ده‌نگی ئافره‌ت له‌گه‌ڵ ده‌نگی پیاو جیاوازه‌  به‌ڵام ئه‌وان زۆر جار له‌رێگه‌ی گۆرینی به‌شێك له‌ جل وبه‌رگیان كه‌سایه‌تی پیاویان به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد گرنگ ئه‌وه‌ بوو  به‌گشتی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر نمایشه‌كه‌ نه‌بوو ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی بوو له‌گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ گه‌یشته‌ بینه‌ران ،قوماشه‌ سپییه‌كه‌(كفن) هاوكارێكی باش بوو هه‌م وه‌كو ئیكسسوارات هه‌م وه‌كو جل و به‌رگ به‌ چه‌ندین شێوه‌ به‌كاری بهێنن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ له‌وه‌ی قوماشی سپی ماناومدللولی زۆر هه‌ڵده‌گرێت وه‌كو پاكی و راستگۆیی...

ئه‌گه‌ر باس له‌ سینۆگرافیای نمایشكه‌ بكه‌ین دیكۆر و رووناكی و میوزك له‌گه‌ڵ ئیكسسوارت هاوكارێكی باشی ئه‌كته‌ره‌كان بوو به‌كارهێنانی تابوته‌كان گۆرینی بۆ چه‌ندین فۆرم لای من ماییه‌ تێرامان بوو له‌ هه‌مان كاتدا هاوكارێكی زۆری كه‌ش گشتی نمایشه‌كه‌ بوو تا ئه‌و راده‌ییه‌ی  بینه‌رانی به‌ ته‌واوی نقومی نمایشه‌كه‌ كردبوو .

ktv

له‌ كۆتاییدا ده‌ست خۆشی له‌ ستاڤی شانۆگه‌ری (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) ده‌كه‌م به‌هیوای كاری زیاتر .

شانۆگه‌ری (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) له‌ نووسینی  و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند "هیوا سوعاد یونس" نواندنی هه‌ریه‌ك له‌(كه‌ژاڵ حه‌سه‌نی،شه‌یما فریاد ،سۆنیا هیوا، عه‌سه‌ل ئه‌حمه‌د حه‌سه‌نی، ئه‌ژین بێلاف سارمه‌می) بوو له‌22-24/1/2019  بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت نمایش كرا له‌ 5/2/2019له‌ شاری ده‌ربه‌ندیخان نمایش كرا ، له‌ 7/2/2019 له‌ شاری سلێمانی پایتخه‌تی رۆشنبیری نمایش كرا (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) به‌رهه‌می به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆیی هه‌ولێر بوو .

كوردستان / تیڤی

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.