Erbil 38°C پێنجشەممە 20 ئاب 20:05

ئەنجومەنی وەزیران: 11ی ئازار بەڵگەی ئاشتیخوازی و لێبوردەیی گەلی کوردستانە

یادكردنەوەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار، ڕێزگرتنە لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلەكەمان
ئەنجومەنی وەزیران: 11ی ئازار بەڵگەی ئاشتیخوازی و لێبوردەییی گەلی كوردستانە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئازاری 2019 لە یادی 49 ساڵەی ڕێككەوتنی 11ی ئازاردا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئەمڕۆ ٤٩ ساڵ بەسەر واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠دا لەنێوان سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و حكوومەتی ئەوسای عێراقدا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێككەوتنە دەستكەوتێكی گرنگی شۆڕشی ئەیلوول و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو لەپێناو مافە ڕەواكانیدا.

ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار، وێڕای ئەوەی دۆكیومێنتێكی گرنگی فەرمی بوو بۆ دانپێدانانی حكوومەتی عێراق بە مافی سیاسی و ئیداری و فەرهەنگیی گەلی كوردستان و ناساندنی شۆڕشە ڕزگاریخوازەكەی، وەك خەباتێكی ڕەوای خاوەن پەیام و ئامانجی نیشتیمانیی دروست، بەڵگەی ئاشتیخوازی و لێبوردەییی گەلی كوردستان و سەركردایەتیی شۆڕشەكەشی بوو كە هەمیشە دیالۆگ و ڕێككەوتنیان لەگەڵ حكوومەتە یەك بە دوا یەكەكانی عێراقدا بە بژاردەی سەرەكیی خۆیان داناوە.

یادكردنەوەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار، ڕێزگرتنە لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلەكەمان و خواستی ئاشتیخوازانەی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانی، هاوكات وانە و پەندێكی مێژووییی گرنگیشە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەی كە جگە لە بژاردەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و جێبەجێكردنی ڕاستگۆیانەی ڕێككەوتنەكان، هەر بژاردەیەكی دیكە، تەنها كارەسات و ڕووداوی نەخوازراو دەخوڵقێنێت.
هەرێمی كوردستان، لە ئاستی عێراق و لەگەڵ گەلان و وڵاتانی ناوچەكەیشدا، هەمیشە هەڵگری پەیامی لێكگەیشتن و دیالۆگی سەردەمیانە و دۆستایەتیی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتنی ئیرادە و بەرژەوەندیەكانی هەموو لایەكە. دڵنیاشین كە ئەم دیدگا ئاشتیخوازانەی هەرێمی كوردستان، لای هەموو لایەك بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانرێت.

لەم یادە شكۆدارەدا، لەگەڵ ناردنی پەیامی ئاشتی و دۆستایەتیی هەرێمی كوردستان و گەلەكەی بۆ سەرجەم گەلانی دۆست و وڵاتانی دراوسێ و جیهان، ڕێز و ستایش بۆ هەموو هەوڵ و لایەن و هەڵوێستی ئاشتیخوازانە و دۆستانە دەردەبڕین. بە ئومێدی ئاشتی و برایەتیی بەردەوام بۆ گەلانی ناوچەكە و هەموو جیهان.

بەرز و پیرۆز بێت یادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ١٩٧٠.
سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان  11ی 3ی 2019

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.