Erbil 38°C پێنجشەممە 20 ئاب 20:52

فراکسیۆنی پارتی: رێککەوتنی 11ـی ئادار خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە مێژووی گەلەکەماندا

فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ساڵیادی ڕێککەوتننامەى 11ی ئادار بلاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%


فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ساڵیادی ڕێککەوتننامە مێژووییەکەی ١١ی ئادار و ڕاپەڕینی هەولێری پایتەخت بڵاو کردەوە.

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

 

ڕاگەیاندراوی فراکسیۆنی پارتی

بەبۆنەی ساڵیادی رێککەوتننامەی ١١ـی ئادار و راپەڕینی ھەولێری پایتەخت، پیرۆزبایی لە جەماوەری کوردستان دەکەین.

لەسایەی خەبات و بەرخودانی گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتیی بارزانی نەمر، ڕێبەری شۆڕشی ئەیلوول و بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، رژێمی عێراق ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت و رێککەوتنی ١١ـی ئاداری ١٩٧٠ واژۆ کرا.

رێککەوتنی ١١ـی ئادار خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە مێژووی گەلەکەمان و بۆ یەکەمجار دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان نرا، پاشان ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو بە بنەمای وەدستھێنانی مافەکان و ڕاپەین و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم و جاڕدانی فیدڕاڵی.

ھەر لەو رۆژە مێژووییەدا، لە ١١ـی ئاداری ١٩٩١ خەڵکی ھەولێر ھاوشێوەی شارەکانی دیکەی کوردستان، لە دژی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێمی بەعس راپەڕین و ئەو شارە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا، لە بەعس و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکان پاک کرایەوە.

ڕاپەرین و ئازادی ھەولێر وەک گەورەترین شاری کوردستان و پایتەختی ھەرێمی کوردستان ، بووە خاڵی یەکلاکەرەوە لە شکستی بەعس و مانەوە و بەردەوامی دەستکەوتەکانی ڕاپەرین.

لەورۆژەدا، ناکرێ رۆڵی شەھید خەجەباوە لەیاد بکەین، کە وەک شێرەژنێک رۆڵێکی گرنگی لە راپەڕینی ھەولێر ھەبوو و نموونەیەک بوو لەسەر خەباتی ئافرەتانی کوردستان لە دژی داگیرکەران ھاوشانی پیاوان.

وەک فراکسیۆنی پارتی، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و گەلەکەمان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان دەکەین بەبۆنەی ١١ـی ئادار و ھەردوو یادە مەزنەکە.

رۆڵی سەرۆک بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو و رێبەرایەتیی گەلی کوردستانی کرد لە راپەڕین لە دژی رژێمی بەعس، بەرز دەنرخێنین و پەیمان دەدەین لەسەر رێ و رێبازەکەی بارزانی نەمر و پارتە پێشڕەو و نەتەوەییەکەمان بەردەوام بین و بەردەوام داکۆکیی لە مافە رەواکانی گەلەکەمان بکەین و لەپێناو کوردستانی بەھێز لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیان بکەین.

دروود بۆ گیانی شەھیدانی شۆڕشی ئەیلوول و راپەڕین و ھەموو شەھیدانی رێگای ئازادی کوردستان و سەروەریان بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو.

فراکسیۆنی پارتی
لە پەرلەمانی کوردستان
٢٠١٩/٣/١١

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.