بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی یەکەکانی 70 و 80، شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ 17-3-2019 بەسەرپەرشتی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و ئەندامانی بۆردی چاکسازی وەزارەت و هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرپەرشتی کۆلۆنێڵ تان دیر، جێگری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کۆبوونەوە و پرسی چاکسازییان تاوتوێکرد، کە فەریق جمال محەممەد، سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون".
لەو کۆبوونەوەیەدا کە تایبەت بوو بە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، باس لەچۆنییەتی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەتایبەتی لەنێوان هێزەکانی یەکەی 70 و 80 لەڕووی کارگێری، دارایی، مەشق، راهێنان و خانەنشینی پێشمەرگە کرا.
هەروەها لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە روونکردنەوە و هەنگاوەکانی ئەنجامدانی چاکسازی باسی لێوەکرا و هاوپەیمانانیش پشتگیری خۆیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هەموو هێزەکان خستەڕوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.