د. حه‌سه‌ن عه‌لی سوڵتان، قوتابیی دكتۆرا له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی پۆزنان-پۆڵه‌ندا، به‌هێزیی نامه‌ی دكتۆراكه‌ی سه‌رنجی چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پۆڵه‌ندای به‌لای خۆیدا ڕ‌اكێشا و وه‌ك یەکێک لە 5 باشترین توێژینه‌وه‌ی ساڵ هه‌ڵبژێردرا.
ڕێكخراوی زانستیی The European Community on Computational Methods in Applied Sciences (ECCOMAS) كه بنكه سه‌ره‌كییەکەی له شاری به‌رشلۆنه‌ی ئیسپانیایه، ساڵانه پێشبڕكێی باشترین 5 توێژینه‌وه‌ی شاره‌كانی ئه‌ورووپا ڕێك ده‌خات.
شایانی باسه بۆ ساڵی ٢٠١٨، ڕێكخراوه‌كه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی پۆڵه‌ندیی Polish Association of Computational Mechanics لیستی ٥ باشترین توێژینه‌وه‌ی ساڵیان دیاری كرد و تێیدا نامه‌ی دكتۆرای حه‌سه‌ن عه‌لی وه‌ك چواره‌م باشترین توێژینه‌وه بۆ ساڵی ٢٠١٨ له‌سه‌ر ئاستی پۆڵه‌ندا هه‌ڵبژێردرا.
توێژینه‌وه‌كه‌ی د. حه‌سه‌ن باس له به‌رگریی باڵه‌خانه‌كان لە به‌رانبه‌ر بۆمب و ته‌قینه‌وه‌دا ده‌كات. ئه‌و توێژینه‌وه‌یە سوودێكی گه‌وره به كه‌رتی سه‌ربازی له جیهاندا به‌گشتی و له كوردستان و عێراقدا به‌تایبه‌تی ده‌گه‌یەنێت. له لایه‌كی تره‌وه، سه‌لامه‌تییه‌كی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر دەکات.
زیاد ڕه‌ئووف، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پۆڵه‌ندا، ئه‌و توێژینه‌وەیە و سه‌ركه‌وتنه‌ی د. حه‌سه‌ن عه‌لیی به‌رز نرخاند‌و هیوای خواست كه قوتابیانی كورد به‌رده‌وام له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی تواناكانی خۆیاندا بن و به‌هه‌مووانی نیشان بده‌ن كه تاكی كورد ده‌توانن جیهان به‌ره‌وپێش ببه‌ن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.