Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 23:17

سەرۆک بارزانی: فەرهەنگی پێکەوەژیان باشترین چەکە بۆ لەناوبردنی هزری توندڕۆیی و تیرۆر

سەرۆك بارزانی لەگەڵ كەسایەتی و نوێنەرانی دانیشتوانی دەڤەری زوومار كۆبۆوە
کوردستان TV
#6 #7
100%

سەرۆك بارزانی راگه‌یاند: كلیلی شكستی داعش لە زوومار بوو و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە زوومارەوە دەستی پێكرد و ستاییشی فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئەو ناوچەیەی كرد و ڕایگەیاند كە مایەی خۆشحاڵییە كە تیرۆریستان و ناحەزان نەیانتوانی فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئەو ناوچەیە تێك بدەن.

ڕۆژی سێشەممە 19ـی 3ـی 2019 سەرۆك مەسعود بارزانی بە مەبەستی تاوتوێكردن و گفتوگۆ لەسەر كێشە و گرفتەكانی ناوچەی زوومار، لەگەڵ كەسایەتی و ڕیشسپی و نوێنەرانی پێكهاتەكان و جەماوەر و دانیشتوانی دەڤەری زوومار كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كرد و، لە وتەكەیدا ئاماژەی بە قوربانیدان و خۆڕاگریی جەماوەری دەڤەری زوومار لەبەرانبەر پەلاماری تیرۆریستان و هێرشی ناحەزان لە ساڵانی ڕابردوو دا و لەبارەی بایەخی ناوچەی زوومار لە شەڕی تیرۆریستان ڕایگەیاند كە كلیلی شكستی داعش لە زوومار بوو و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە زوومارەوە دەستی پێكرد.

سەرۆك بارزانی ستاییشی فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئەو ناوچەیەی كرد و ڕایگەیاند كە مایەی خۆشحاڵییە كە تیرۆریستان و ناحەزان نەیانتوانی فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئەو ناوچەیە تێك بدەن. جەختیشی كردەوە كە ناكۆكیی سیاسیی لەگەڵ دەستەڵات و حكوومەتەكان نابێ ببێتە هۆی ناكۆكیی نێوان نەتەوە و ئایینەكان.

لەدرێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی تیرۆر جەختی لەوە كردەوە كە فەرهەنگی پێكەوەژیان باشترین چەكە بۆ لەناوبردنی هزری توندڕۆیی و تیرۆر ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە فكری تیرۆر ڕیشەكێش بكرێت و لە كوردستاندا ئێمە هەموومان لە مرۆڤبووندا براین و جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی كێشە نییە، هەڵسەنگاندنی مرۆڤیش لەسەر بنەمای ڕەفتارەكانیەتی نەك بیروباوەڕ.

لەبارەی چارەنووسی ناوچەكانی ماددەی 140ـیش سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەگەر هاتبا و دەستوور جێبەجێ كرابا ئێستا دۆخی عێراق بە شێوەیەكی باشتر دەبوو و بە پێویستیشی زانی كە ماددەی 140 بە تەفاهوم و ئاشتی جێبەجێ بكرێت. جەختیشی لەوە كردەوە كە هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقعێك كە پێچەوانەی جیۆگرافیا و مێژوو و باری كۆمەڵایەتیی ناوچەكان بێت گرفتەكان قووڵتر دەكاتەوە و قابیلی قبوڵكردنیش نییە.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆمی كرد و ئەوەی دووپات كردەوە كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق قۆناغێكی تر هاتووەتە ئارا و هەموو لایەك هەوڵ دەدەین كە سوود لەو كەشە ئیجابییە وەربگرین بۆ جێبەجێكردنی پڕەنسیپەكانی برایەتی و پێكەوەژیان ونەهێشتنی تیرۆر.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان ڕا و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دانیشتوانی ناوچەكە بە سەرۆك بارزانی گەیاند و سەرۆك بارزانیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئیجابییەی كە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئارا، ئامۆژگاری و شیكردنەوەی پێویستی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و باشتربوونی دۆخی خەڵكی دەڤەری زوومار خستەڕوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.