Erbil 38°C چوارشەممە 04 ئازار 18:11

مەکتەبی سیاسی پارتی: نەورۆز، وەک داستانێکی مێژوویی و رۆژێکی چارەنووسساز، هەردەم سروشبەخشی بەرەنگاریی و شۆڕش بووە

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە
کوردستان TV
#7
100%

بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنەوەی سەری ساڵی كوردیەوە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند: ئەو بۆنە پیرۆزە موژدەی ساڵێكی پڕهات و خێر و خۆشی پێ بێت بۆ كوردستانیانی خۆشەویست و خۆراگر. له‌ په‌یامێكیدا وێنه‌یه‌كی بۆ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی هاتووه‌، ئەمە دەقەکەیەتی:

بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنەوەی سەری ساڵی كوردیەوە، چەپكە نێرگزی پیرۆزبایی پێشکەشی گەلەكەمان لە كوردستان و هاونیشتیمانیان لە سەرتاسەری جیهان دەكەین، پیرۆزبایی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدە نەمرەكان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەكەین و، هیوادارین ئەو بۆنە پیرۆزە موژدەی ساڵێكی پڕهات و خێر و خۆشی پێ بێت بۆ كوردستانیانی خۆشەویست و خۆراگر.

نەورۆز، دیرۆكی دێرینی بەر لە هەزاران ساڵی نەتەوەكەمانە و لە نێوكوولتوری رەسەنی میللیماندا سەریهەڵدا  و سەرچاوەی گیانی مانەوە و خۆراگری بووە، هەروەك نەریتێكی نەمرو جەژنێكی مێژوویی و نەتەوەیی، نیشانەی ژیاندۆستی و رابوون و هێمای خۆری ئازادی و تێكشكاندنی زنجیری ژێردەستی و زۆرداری بووە.

نەورۆز، وەك داستانێكی مێژوویی و رۆژێكی چارەنووسساز، هەردەم سروشبەخشی بەرەنگاریی و شۆڕش بووە دژ بە ستەم و چەوساندنەوە، هەروەها ئەڵقەیەكی گرنگی نێو زنجیرەی راپەڕینەكانی ئاداری (1991)ە، كە هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدان و راپەڕینی شاری كەركووكی دڵی كوردستان، لەگەڵ ئازادكردنی شاری برایەتی و خۆراگریی، هەر بەو بۆنەیەوەو بە یادی (28) هەمین ساڵیادی راپەڕینی شاری كەركووك، وێرای هەلومەرجی ناهەموارونەویستراوی ئەو شارە خۆشەویستە، پیرۆزباییەكی گەرم لە هاووڵاتیان و خەڵكی ئەو شارە دەكەین و هیوای بەختەوەری و ئاسوودەیی و سەرفرازیان بۆ دەخوازین.
 
نەورۆز، سەری ساڵی كوردی و یەكەم رۆژی وەرزی بەهارەو پەیامی نوێبوونە و هەبوونی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەكەمانە، لەو هەلومەرجە هەستیارەی ئەمڕۆشماندا هیواخوازین جەژنی نەورۆز وەك چۆن سیمبوولی تێكۆشانی نەتەوەیی و نیشتیمانیمانە، ئاوهاش هاندەر و مایەی پتەوبوونی هاوهەڵوێستی و یەكڕیزی و برایەتی گشت پارت و لایەنە سیاسیییەكان بێت تا بتوانین بە یەكخستنی هەوڵ و كۆششەكانمان زیاتر داكۆكی لە دەسكەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانمان بكەین و هەنگاوی كاراتر بنێین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهاتنی ئامانجە نزیك و دوورەکانی گەلەكەمان.

لەم جەژنی نەورۆز دا ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەکو ھەمیشە جەخت دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و یەكدەنگیی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و ھاوکات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و زیاتر پتەوكردنی گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانی و رەخساندنی زەوینەیەكی ئەوتۆ کە كۆتایی بە گیروگرفت و كێشەكان بهێنین و لە ئاست خواست و داواکاری جەماوەر و زیاتر لە خەمی خۆشگوزەرانی و ئارامیی تێکڕای هاووڵاتیان دابین.

یادی نەورۆز، هاندەر و هەوێنی بەردەوام بوونی خەبات و تێكۆشان و ئومێدبەخشی زیاترمانە بۆ بەدیهێنانی مافەكانمان و بەرقەراربوونی زێتری سەقامگیریی و ئاسوودەیی...

جارێكی دیكە جەژنی دێرین و مێژوویی و نەتەوەییمان، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2719ی کوردی لە هاووڵاتییان و تێكڕای كوردستانیانی خۆشەویست، پیرۆز بێت...

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان

1ی خاكەلێوەی2719ی كوردی
20ی ئاداری 2019ی زایینی

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.