Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 03:43

ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی سیله‌

به‌هۆی به‌كتریای مایكۆبه‌كتریه‌م تیبی تووشی مرۆڤ ده‌بێت
کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ 24/3 رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی سیل- ه‌،رێكخراوی ته‌ندروستی وه‌ك رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی سیل دیاریكردووه‌ تاكو رێكخراوه‌ ته‌ندروستییه‌ جیهانییه‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی پزیشكان و میدیاكان هۆشیاری له‌باره‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌  له‌م رۆژه‌دا له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهان به‌ به‌شداری و هاوكاری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی چالاكی جۆراوجۆر و به‌ربڵاو ئه‌نجامده‌درێت بۆ سوود وه‌رگرتن له‌و رۆژه‌ و به‌هه‌ل زانینی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی زیاتری وشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌ مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ و یه‌كخستنی تواناكانی وڵاتان و رێكخراوه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تا جیهانییه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ چاره‌سه‌ركردنی سوكه‌ و ده‌توانرێت له‌ سه‌دا سه‌د چاره‌سه‌ر بكرێت.

به‌ڵام به‌هۆی ناهۆشیاری هاووڵاتیان و كه‌مته‌رخه‌می له‌ خێرا وه‌رگرتن و به‌ڕێكی به‌كارهێنانی ده‌رمان هاوكات له‌گه‌ڵ سستی پرۆگرامی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن بووه‌ته‌ هۆی په‌یدابوونی جۆرێك له‌ میكرۆبی نه‌خۆشییه‌كه‌ كه‌ به‌رگری هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر زۆربه‌ی ده‌رمانه‌كانی دژه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵی مه‌ترسیداره‌ له‌ كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌.

سه‌ره‌ڕای دووباره‌ زیادبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی توشبووان به‌نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشی ئایدز هه‌روه‌ها جه‌نگ و شه‌ڕی ناوخۆیی و كاره‌ساتی سروشتی كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك ئاواره‌ ده‌بن و شوێنی گونجاویان ده‌ست ناكه‌وێت به‌مه‌ش بنه‌ماكانی پاكژی په‌یڕه‌وناكرێت، هه‌روه‌ها قه‌ره‌باڵغیش هۆكارێكی تره‌ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی نه‌خۆشییه‌كه‌.

له‌هه‌رێمی كوردستان به‌هاوكاری پرۆگرامی نیشتمانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی نه‌خۆشی سیل له‌ عیراق و رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی پرۆگرامی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی نه‌خۆشی سیل جێبه‌جێده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی هۆبه‌ی كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و راوێژكاری نه‌خۆشییه‌كانی سنگ و سیل له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی كوردستان كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌داڕشتن و جێبه‌جێكردنی پلانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ كوردستان، هه‌روها سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌شه‌كانی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی سیل له‌ شارۆچكه‌كانی هه‌رێم.

هاوكات ئه‌م ئه‌ركانه‌ش ئه‌نجام ده‌ده‌ن:-

1- ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆش

2- به‌دواداچوونی نه‌خۆش و به‌ركه‌وتووه‌كان

3- په‌تاگه‌ری، كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر سه‌رجه‌م نه‌خۆشه‌كان و به‌ركه‌وتووان ...

4- دابینكردنی پێداویستییه‌كان وه‌ك تاقیگه‌یی بۆ پشكنین و به‌دواداچوونی نه‌خۆش و به‌ركه‌وتووه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌رمان و كه‌لوپه‌لی تری پێویست بۆ تۆماركردن و په‌تاگه‌ری

5- سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌شه‌كانی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی سیل له‌ شارۆچكه‌كان

6- ئه‌نجامدانی خولی به‌هێزكردنی تواناكان بۆكارمه‌ندانی به‌شه‌كانی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی سیل له‌ شارۆچكه‌كان.

7- وشیاركردنه‌وه‌ی نه‌خۆش و به‌ركه‌وتووه‌كان له‌ڕێگه‌ی یه‌كه‌ی وشیاری ته‌ندروستی له‌ڕاوێژكاری نه‌خۆشی سینگ و سیل.

8- ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی وشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ و چۆنیه‌تی خۆپاراستن لێی به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌شی راگه‌یاندن له‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ شارۆچكه‌كان به‌شی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی سیل هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ئه‌ركانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن:-

1- سه‌رپه‌رشتی چاره‌سه‌ری نه‌خۆش ده‌كه‌ن (پشكنین و ده‌رمان پێدان)

2- ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌و به‌شانه‌ ئه‌وانی تریش له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین پێداویستییه‌كانیان بۆ دابین بكه‌ین بۆ ده‌ستنیشانكردن.

3- كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و ره‌وانه‌كردنی بۆ راوێژكاری نه‌خۆشییه‌كانی سینگ و سیل.

ئێستا له‌ كوردستان سیسته‌می چاره‌سه‌ری كورتی ژێرچاودێری راسته‌وخۆ (DOTS) په‌یڕه‌وده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆش كه‌ تیایدا نه‌خۆش بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌ژێر چاودێری كارمه‌ندی ته‌ندروستی شاره‌زا ده‌رمان وه‌رده‌گرێت.

شایانی باسه‌ نه‌خۆشی سیل به‌هۆی به‌كتریای مایكۆبه‌كتریه‌م تیبی تووشی مرۆڤ ده‌بێت و زۆرتر كار له‌ سییه‌كانی مرۆڤ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ش مه‌ترسی تووشبوونیان هه‌یه‌، سیل به‌یه‌كێك له‌ 10 هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مردن داده‌ندرێت و ده‌تواندرێت چاره‌سه‌ر و رێگری بكرێت.

سه‌رچاوه‌/ئاژانسه‌كان

 دارشتنه‌وه‌ی/ كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.