Erbil 38°C دووشەممە 16 شوبات 00:12

میسی یان کریستیانۆ ... کریستیانۆ یان میسی

كامەیان باشترە لەوەكەی دیكە
کوردستان TV
100%

لەم بابەتە باسی ئەم دوو ئەستێرەیە دەكەم كە هەموو جیهانیان بەهاندەران و دەزگاكانی راگەیاندن سەرقاڵ كردووە ، نامەوێ‌ بەرواردێك بكەم لە نێوان لیۆنێل میسی و كریستیانۆ رۆنالدۆ بۆ ئەوەی بیسەلمێنم كامەیان باشترە لەوەكەی دیكە ، نامەوێ‌ ئەوە بسەلمێنم كە كامەیان باشترینی مێژووی تۆپی پێی یان یەكێكن لە باشترینەكانی مێژوو ، نامەوێ‌ باسی كاریگەری ئەو دوو ئەستێرەیە بكەم لەسەر تیپەكانیان و ئەو دەسكەوتانەی كە بەدەستیان هێناوە ، نامەوێ‌ باس لە خەڵاتەكانی ئەو دوو ئەستێرەیە بكەم كە لەسەر ئاستی كەسی بەدەستیان هێناوە ، دەمەوێ یاسی ئەوە بكەم بۆ كریستیانۆ و میسی ئەوەندە باس دەكرێن و رۆژانە مانشێتی رۆژنامەكان و هەواڵی تیڤیەكان دەبێ باسی ئەوانەی هەر تێدا بێت ، بۆچی ئەگەر یەكێك لەم دووانە تووشی پێكان دێن ، هەموو هەوادارانی تۆپی پێ پەرۆشی ئەوەن كە بزانن جۆری پێكانەكە و ماوەی دووركەوتنەوەیان چەندە .


زیاتر لە 40 ساڵە سەیری یاری تۆپی پێ دەكەم بەتایبەتی یاریە جیهانیەكان و خولەكانی ئەوروپا ، زیاتر لە 10 مۆندیال و 10 یۆرۆم بینیوە و لەساڵی 1978وە بەلانی كەم ساڵانە یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگم بینیوە ، ئاشنای توانای چەندین ئەستێرە تۆپی پێ بووم لە كرۆیف و مارادۆنا تا دەگاتە كیگان و رۆمەنیگە و دووبرا لاودروب و كرانكل و گۆلێت و ڤان باستن و پلاتینی و زیكۆ و سوكرات و رۆبەرتۆ باجیۆ و زێدان و پۆتراگینۆ و هاجی و رۆنالدۆی دیاردە و رۆنالدینهۆ ...هتد ، بەڵام وەك دوو ئەستێرەیە نەبوون ، جاران وەكو ئێستا تۆپی پێ زەحمەت نەبوو ، بەڵام ئێستا زەحمەترە لەبەرئەوەی شێوازی یاریكردن رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردێت و زانستیانە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت ، تا ئێستا هیچ ئەستێرەیەك نەبووە وەك میسی و كریستیانۆ بەردەوام بوونیان هەبێت بە ئاستێكی جێگیر بۆ زیاتر لە 10 ساڵ ، هۆكارەكەشی بۆ زیرەكی میسی و كریستیانۆ دەگەڕێتەوە كە خۆیان لە هەموو مەترسیەكان پاراستووە و بۆیە تا ئێستا بە درەوشاوەیی لە یاریگاكان بەردەوامن .


لە مۆندیالی 1982 مارادۆنا وەك یاریزانێكی بلیمەت لەگەڵ ئەرژەنتین بەدیار كەوت بەڵام ئەو ئاستەی پێشكەش نەكرد ، لە مۆندیالی 1986 درەوشایەوە و جامەكەی بەرزكردەوە ، لە رووی هونەری تۆپی پێ و توانای یاریزانان هاوشێوەی نەبوو بەڵام نەیتوانی پارێزگاری لە خۆی بكات ، تووشی هەڵسوكەوتی خەراپ هات لە بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان و لە كەمتر لە 10 ساڵ ئەستێرەی ئاوا بوو بەخەراپترین شێوە خەریك بوو گیانیشی لەدەست بدات ، رۆنالدۆی دیاردە هێرشبەرێكی بێ هاوتا بوو ، بەڵام نەخۆشی وپێكان ناچاریان كرد وازبێنێت ، تەمەنی راستەقینەی ناو یاریگاكان زۆری نەخایاند ، بەهەمان شێوە ڤان باستن و ئەستێرەكانی دیكە هیچ كامیان بۆ 10 ساڵ بەهەمان ئاست بەردەوام نەبوون .


لەساڵی 2008 كریستانۆ چامپیۆنزلیگی لەگەڵ مان یونایتد بەدەست هێنا و ساڵێك دوای ئەو میسی لەگەڵ بەرشلۆنە بەدەستی هێنا و لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ ئەم دوو ئەستێرەیە ساڵ لە دوای ساڵ چێژ بەهەوادارانی تۆپی پێ دەبەخشن ، ئەوەش بۆ زیرەكی خۆیان دەگەڕێتەوە لەبەرئەوەی هەردوو یاریزان خۆیان پاراستووە لەهەموو كاریگەریە خەراپەكانی دەرەوەی یاریگا و بایەخێكی تایبەت بە تەندروستی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی لە پێكانی مەترسیدار دوور بكەونەوە .


هەموو ساڵێك دەڵێن ئەم ساڵە باشترین ساڵی كریستیانۆیە بەڵام ساڵی دواتر كارێكی دیكە پێشكەش دەكات كەساڵی پێشترمان لەبیردەباتەوە ، هەموو ناحەزانی كریستیانۆ دەیانوت تەمەنی گەورە بووە و تەنها لە خولی ئیسپانیا دەتوانێت باش یاری بكات و گۆڵ تۆمار بكات بەڵام بۆی سەلماندین كە تەمەن لای كریستیانۆ تەنها ژمارەیە و لەخولی ئیتالیاش گۆڵكار و دروستكەرە .
كە میسی بەدیاركەوت ناحەزانی ئەو ئەستێرەیە دەیانوت میسی چی دەكات ئەگەر زاڤی و ئەنێستای لەگەڵ نەبێت ، ئەوە ئێستا خۆ ئەوانە نەماون بەڵام میسی ئاستی باشتر بووە لە جاران ، هەموو ساڵێكیش كاری وادەكات كە لەبیرو هزری هیچ كەسێك نییە .


جۆزێ مۆرینهۆ كەیەكێكە لە باشترین راهێنەرانی مێژووی تۆپی پێ دووپاتیكردەوە كە هیچ یاریزانێكی نەبینیووە وەك ئەم دوو یاریزانە بەهەمان ئاست 10 ساڵ لەسەر یەك لەیاریگاكان بەردەوام بن و ساڵ لەدوای ساڵ باشتربن .


ئێمە وەك هەوادارانی تۆپی پێ دەبێ سوپاگوزاربین كەلەسەردەمی ئەم دوو ئەستێرەیە سەیری تۆپی پێ دەكەین و هەفتانە چێژ لەیاریكردنیان وەردەگرین .


سالار جەلال

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.