Erbil 38°C دووشەممە 16 شوبات 00:12

یۆرۆی 2020 جیاوازه‌ و له‌13 وڵات به‌ڕێوه‌ده‌چێت

خوێندنەوەیەك بۆ یاریەكانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2020
کوردستان TV
100%

 


لەماوەی هەفتەی رابردوودا و لە رۆژانی فیفادا یاریەكانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2020 دەستی پێكرد كەتیایدا هەڵبژاردەكانی كیشوەری ئەوروپا بەسەر 10 گروپ دابەشكراون بۆ مسۆگەركردنی 24 كورسی لە یاریەكانی كۆتاییەكان ، ئەم یۆرۆیە جیاوازە لەبەرئەوەی لە 13 وڵات ئەنجام دەدرێت بەبۆنەی تێپەڕبوونی 60 ساڵ لەسەر دەستپێكردنی ئەم پاڵەوانەتیە . یاریەكانی قۆناغی كۆتایی و پێش كۆتایی لەیاریگای ویمبلی لە شاری لەندەن بەڕێوەدەچن .

چۆن هەڵبژاردەكان سەردەكەون بۆ كۆتاییەكان ؟ 
یەكەمجارە لە مێژووی یۆرۆدا هیچ هەڵبژاردەیەك گەیشتنی بۆ كۆتاییەكان بەبێ پاڵاوتن مسۆگەر نەكردووە واتا دەبێ هەموو هەڵبژاردەكان بەشداربن لە پاڵاوتنەكان ، لە 10 گروپی پاڵاوتن 20 هەڵبژاردە سەردەكەوێت كە یەكەم و دووەمی هەرگروپێك سەركەوتن بۆ یاریەكانی كۆتایی مسۆگەر دەكەن ، 4 هەڵبژاردەكەی دیكە تایبەتە بە خولی نەتەوەكانی ئەوروپا كە بۆ یەكەمجارە ئەنجام دەدرێت ، لەهەر چوار ئاستی خولی نەتەوەكانی ئەوروپا پاڵەوانێك دیاری دەكرێت و ئەم پاڵەوانەش راستەوخۆ دەگاتە كۆتاییەكان ، ئەگەر هەڵبژاردەیەك لە خولی نەتەوەكانی ئەوروپا لە گروپەكەی خۆی سەركەوتنی مسۆگەر كردبوو ئەوە هەڵبژاردەی دوای ئەو شوێنی دەگرێتەوە بەمەش 24 هەڵبژاردە دەگەنە كۆتاییەكان .

دوو گەڕی یەكەمی پاڵاوتنەكان : ئاستێكی نایاب بۆ ئینگلتەرا و فرەنسا 
لەرۆژانی فیفادا لە مانگی ئاداری 2019 دوو گەڕی پاڵاوتن ئەنجامدران ، هەندێك هەڵبژاردە دوو یارییان ئەنجامداوە بە تایبەتی ئەو گروپانەی كە لەشەش هەڵبژاردە پێك هاتوون ، هەندێكیشیان یەك یاریان ئەنجامداوە ، بەپشت بەستن بە ئەنجامی یاریەكان لەم دوو گەڕەدا هەندێك هەڵبژاردە بە ئاستێكی باش و ئەنجامی گەورە دیاركەوتن ، ئینگلتەرا توانی لەدوو یاریدا بەرامبەر كۆماری چیك و مۆنتینیگرۆ 10 گۆڵ تۆمار بكات ، ئەوەی تێبینیش دەكرا كە پێكهاتەی ئینگلتەرا پێكهاتەیەكی لاو بوو ، یاریزانی تەمەن 18 ساڵیشی تێدا بوو ، 5 لە یاریزانانی ئینگلتەرا پاڵەوانی مۆندیالی لاوانی 2017 بوون ئەوەش مانای ئەوەیە كە ئینگلتەرا رێچكەیەكی باشی دۆزیوەتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەكەی كەبەدەستهێنانی نازناوێكی گەورەیە لە دوای تاكە نازناوەكەی لە مۆندیالی 1966 .

هەڵبژاردەی فرەنسا پاڵەوانی مۆندیالی روسیا 2018 بەهەمان پێكهاتە و ئاستی مۆندیال بەدیار كەوت و دوو سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا بەرامبەر مۆلدۆڤا و ئایسلەندا و 8 گۆڵی تۆماركرد، راهێنەر دیشامب پێكهاتەیەكی تۆكمەی هەیە و خاوەن چەندین یاریزانی لێهاتووە لە پێش هەموویان كلیان ئمباپێ كە داهاتوو و هیوای تۆپی پێی فرەنسایە.

لەدوای دابڕان لە مۆندیالی 2018 ئیتالیا جارێكی دیكە خۆی رێكخستەوە و توانی دوو سەركەوتن تۆمار بكات ، راستە بەرامبەر فنلەندا و لیشتنشتاین بوو كە دوو هەڵبژاردەی لاوازن بەڵام ئەم دوو سەركەوتنە متمانە بۆ تۆپی پێی ئیتالیا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی وەكو جاران ململانێ لەسەر نازناوەكان بكات ، هەڵبژاردەی بەلژیكاش كە خاوەن باشترین پێكهاتەیە لە ئەوروپا دوو سەركەوتنی لەسەر یەك بەدەستهێنا و هیچ مەترسی لەسەر نییە بۆ گەیشتن بۆ كۆتاییەكان . بەهەمان شێوە هەڵبژاردەی ئیسپانیا كە ئێستا لە قۆناغی نوێبوونەوەدایە لە گروپەكەی خۆی دوو سەركەوتنی بەدەست هێنا و هەڵبژاردەی لارۆخا هەردەم لە كۆتاییەكان ئامادەبوونی مسۆگەرە .

دوو هەڵبژاردە ئاستیان وەك پێویست نەبوو لەم دوو گەڕەدا ، یەكەمیان هەڵبژاردەی پورتوگال پاڵەوانی یۆرۆی 2016 كە دوو یاری لەسەر یاریگای خۆی ئەنجامدا و لەهەردوو یاری یەكسان بوو بەرامبەر هەڵبژاردەكانی ئۆكرانیا و سربیا ، پورتوگال خاوەن كۆمەڵێك ئەستێرەیە لەپێش هەموویان كریستیانۆ رۆنالدۆ بەڵام راهێنەر سانتۆس بەهەمان سیستەم یاری دەكات كە ئەوەش لەلایەن ركابەرەكانی ئاشكرا بووە بۆیە رێگای سەركەوتنی وون كردووە، هەڵبژاردەی دووەم كرواتیایە دووەمی مۆندیالی روسیا كە لەدوو یاریدا یەك سەركەوتنی بەدەستهێنا ، بەزەحمەت لە ئازەربێجانی بردەوە و لەیاری دووەم بەهەڵبژاردەی هەنگاریا دۆڕا ، وادیارە ئەو پێكهاتەیەی ئێستای كرواتیا پێویستی بە گۆڕانكاریە چونكە هەندێك لە ئەستێرەكانی راهێنەر زلاتكۆ ئاستیان دابەزیوە و ئەو هەڵبژاردەیە پێویستی بە خوێنی تازەیە .

خۆشترین یاری ئەم دوو گەڕە یاری هۆڵەندا و ئەڵمانیا بوو كە هەردووكیان لەیەك گروپ یاری دەكەن و پێشبینی دەكرێت هەردوو هەڵبژاردە گەیشتنیان بۆ كۆتاییەكان مسۆگەر بكەن ، ئەڵمانیا گێمی یەكەمی نمونەیی پێشكەش كرد بەڵام وا دیارە هێشتا ئەڵمانیاكەی جاران زۆری ماوە بگەڕێتەوە ئاستی خۆی لەبەرامبەردا هۆڵەندا كەسایەتیەكی بەهێزی لەگێمی دووەم پێشكەش كرد .

هەندێك هەڵبژاردە دوو سەركەوتنیان تۆماركرد وەك توركیا و كۆماری ئێرلەندا و پۆلەندا ، هەندێك هەڵبژاردەش ئاستێكی باشیان نواند وەك دانیمارك و وێلز و سویسرا و سوید ، بەشێوەیەكی گشتی یاری بەهێزمان بینی و بەدڵنیایەوە گەڕەكانی داهاتوو یاریەكان بەهێزتر دەبن و لە یۆرۆی 2020 هەندێك سوپرایز دەبینین لە گەیشتنی چەند هەڵبژاردەیەكی بچووك و نەناسراو بۆ كۆتاییەكان .


سالار جەلال

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.