ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2/4/2019 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له برۆنۆ ئۆبرت باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌م دیداره‌دا، كه كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له ھه‌ولێر ئاماده‌بوو، دوا پێشهاته‌كانی عێراق و ناوچه‌كه تاوتوێكران و دووپات له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌لی فه‌ره‌نسا و كوردستان كرایه‌وه.
مه‌سرور بارزانی پشتیوانی و یارمه‌تییه‌كانی فه‌ره‌نسای بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رزنرخاند، كه به‌رده‌وام له قۆناغه جیاكاندا هاوكار و پشتیوانی گه‌لی كوردستان بووه.
هه‌روه‌ها باسی له هه‌نگاوه‌كانی پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ك و پێشڤه‌چوونه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان ھه‌رێمی كوردستان و به‌غدا كرد و هه‌نگاوه‌كانی به ئه‌رێنی وه‌سفكرد.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا بارودۆخی سوریا و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی دوا مۆڵگه‌ی داعش و هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و چاره‌سه‌ری سیاسیانه‌ی كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته تاوتوێكرا و جه‌خت له‌وه كرایه‌وه، كه پێویسته له هه‌نگاوه‌كانی داهاتوودا قوربانی و مافی هه‌موو پێكهاته‌كان له‌به‌رچاوبگرێت.
له‌لای خۆیه‌وه باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له عێراق وێڕای به‌ئاوات خواستنی سه‌ركه‌وتن بۆ مه‌سرور بارزانی له سه‌رۆكایه‌تی كردنی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی له فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه و رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له پشتیوانی و هاوكاری هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.