مێژووی بەکارهێنانی زاراوەی ئۆتیزم دەگەڕێتەوە بۆ ئۆگین بلولەر كه بۆ یەکەم جار لەساڵی 1908 دا ووشەی ئۆتیزمی بەکارهێنا بۆ ئەو نەخۆشانەی لە لای بوون و شیزۆرینیان هەبوو، ئەم نهخۆشانه تێکەڵاو بە کەس نەدەبوون و زۆر گۆشەگیربوون.
دواتر لە لایەن پزیشکی دەروونی ئەمەریکی لەیوکانەر لە ساڵی 1943 دا کاتێک چارەسەری 11 منداڵی دەکرد لە نەخۆشخانەکەیدا ، ئەم منداڵانە هەندێ نیشانەیان تیادابوو زۆر جیاواز بوو لە منداڵەکانی تر، گرفتی گفتوگۆکردن، گۆشەگیری ، ئەمیش بە ئۆتیزم ناویبردن ، ئەم شێوەیەش ناونرا بە تەنگژەی کلاسیك هەروەها تەنگژەی کانەر.
دواتر لە ساڵی 1944 چەند حاڵەتێکی تر دەستنیشانکرا لە لایەن زانایەکی نەمساوی بە ناوی هانس ئەسپێرگەر و نوسراوێکی بڵاوکردەوەو باسی لە شێوەیەکی تری ئۆتیزم کردو باسی لەو منداڵانە کرد كه هەمان نیشانەی ئەو منداڵانەیان تیادابوو وەك ئەوانەی لەلای لەیکانەر بوون ، ئەمانیش بەناوی خۆیەوە ناونرا تەنگژەی ئەسپێرگەر.
هەروەها لەلایەن ئەندرێس ڕیت چەند حاڵەتێکی تر دەستنیشانکرا بەڵام ئەمجارەیان زیاتر لەلای کچ لە ساڵی 1966 و ناونرا تەنگژەی ڕیت، بەم شێوەیە تا دەهات ئەم حاڵەتانە بەرەو زیاتر دەڕۆیشتن و هەر جارەش لە ژێرناوێکدا ، تەنانەت لە ساڵانی هەشتاکاندا دایك و باوکی ئەو منداڵانە هیچ چارەیەکیان نەبوو منداڵەکانیان بە شێوەیەك لە شێت دەدایە قەڵەم ، بۆ دواجار ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەکان لە یەکێك لە دانیشتنەکانیان لە ڕۆژی 18ی دیسەمبەری ساڵی 2007 دا ڕۆژی 2ی ئەپرێل دەستنیشانکرا وەك ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم.
ئۆتیزم لەزانستی پزیشکیدا چییە وە هۆکارو چارەسەری چین؟
ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و بەهۆی کێشە لە کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت واتا بریتیە لە تێكچوونی باری گەشەكردنی ئەقڵ كە كاریگەری لەسەر مێشك دەبێت لەڕووی چالاكی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكانی بەدەوروبەرەوە لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا دەرەکەوێ
ئەومنداڵانەی تووشی ئۆتیزم دەبن بەم جۆرە دەردەکەون:
* تووشبووانی ئۆتیزم لە قسەكردن تێناگەن یاخود بەگران توانای تێگەیشتنی وشەكانیان هەیەو ناتوانن گوێ لەوانیتر بگرن و لە ئاماژەكانی جەستەی بەرامبەر بگەن و كۆنترۆڵی چینەكانی دەنگ و ڕیتمیەكەی بكەن و هەندێك جاریش وشەی كەسەكانی تر چەند بارەدەكەنەوە و بێتواناشن لەوەی بتوانن پەیوەندی بەوانیترە بكەن لەرووی كۆمەڵایەتیەوە.
* پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناغێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشاندەکرێن و دەست بەچارەسەریان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتر دەبن.
* دەستنیشانكردنی نەخۆشی ئۆتیزم لەرێگەی چاودێریكردنی راستەوخۆی رەفتاری ئەو منداڵانەوە دەبێت لەلایەن كەسانی پسپۆڕەوە بەتایبەتیش بەر لەتەمەنی سێ ساڵی و كۆكردنەوەی زیاتر زانیاری لەباری ئەو منداڵانە لەرێگەی دایك و باوك و كەسە نزیكەكانیانەوە.
* دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە بەسێ قۆناغدا تێدەپەڕێت پاشان بڕیاری كۆتایی دەدرێت لەوەی كە ئەو منداڵە ئۆتیزمی هەیە یاخود نا كەئەو قۆناغانەش بریتین لەوەی كە منداڵەكە لەلایەن پزیشكی منداڵا ن-پسپۆڕی مێشك-پزیشكی دەروونییەوە دەبینرێت تا پشكنینی وردو و وێنەی تیشكی بۆبگیرێت ودڵنیاببنەوە لەوەی كە منداڵەكە ئۆتیزمی هەیە.
نیشانەكانی ئۆتیزم:
بوونی نیشانەیەک یان دوان یان سێ مانای ئەوە نییە کە منداڵەکە ئۆتیزمی هەیە واتا ئەبێ کەسانی پسپۆڕ و پزیشکان دەریخەن کە منداڵەکە ئۆتیزمی هەیە یاخود نا.
نیشانەکان ئۆتیزم بەشێوەکی گشتی ئەمانەن:
1- بەگران تێكەڵاو بەكەسانی تر دەبێت واتا پەیوەندی کۆمەڵایەتیان زۆر لاوازە.
2- وەك منداڵێكی لاڵ هەڵسوكەوت دەكات
3- حەزی بەفێربوون نییەو دژی دەوەستێتەوە. هەندێ کاتیش زوو فێر ئەبێ
4- جموجۆڵی زۆرە
5- پێكەنین و قاقا بەبێ هۆ. یاخوود گریانی نا ئاسایی
6- زیاد لە پێویست هەستیارن بۆ دەنگ یاخوود بە پێچەوانەوە
7- حەزی بەدەستلەملان نییە
8- سەرنج دانیان نییە
9- زۆر دووبارەکردنەوەی ڕەفتارەکان
10- هۆگربوونی بەشتەكان و یاریكردن لەگەڵ ئەو شتانە بەبەردەوامی
11- گۆشەگیرەوحەزدەكات بەتەنیا بمێنێتەوە
هۆکارەکانی ئۆتیزم
تاکو ئێستا هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە دیارنییە
بەلام هەندێ کات هۆکارەکان ژینگەیین وە هەندێ کات بۆماوەیی
کاتێک تاکێکی منداڵی دووانە تووشی ئۆتیزم دەبێت، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکەی دیکە 70-90% دەبێت، ئەمەش ئاشکرایدەکات کە نەخۆشییەکی بۆماوەییە و کۆمەڵێک بۆهێڵ بەرپرسن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە
هۆکاری ژینگەیی وەک تووشبوونی دایک بە نەخۆشی ڤایرۆسی و ژەهراوی بوون لەکاتی دووگیانی ئەگەری تووش بوونی کۆرپەلە بە ئۆتیزم زیاد دەکەن
چارەسەری ئۆتیزم
توێژینەوەكان سەلماندویانە باشترین چارەسەر دەستێوەردانی پێشوەختە لە پێش تەمەنی سێ ساڵی منداڵەكەوە دەبێت.
کۆمەڵێک چارەسەر هەن بۆ تووشبووانی ئۆتیزم، کە زۆربەیان پەیوەستن بە چارەسەری رەفتار و گەشەی منداڵان و تاکو ئێستا دەرمانێکی تایبەت بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە
هەندێک جار منداڵان ڕاهێنانی تایبەتیان پێدەکرێت، تاکو بتوانن خۆیان خواردن بخۆن و خۆیان پاکبکەنەوە، هەروەها فێری گفتوگۆکردن و چالاکی جەستەیی دەکرێن، هەروەک لە زۆر وڵات قوتابخانە و فێرگەی تایبەت هەن بۆ خوێندنی منداڵانی ئۆتیزم کە پێویستە لەلایەن ڕاهێنەران و شارەزایانی ئەو بوارەوە چاودێری بکرێن و چارەسەرەکان لای ئەوان بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.