لە یارییەكی دراماتیكیدا، كە سێ كاتژمێری خایاند تیپی تۆپی بالەی یانەی هەولێر لە هۆڵی داخراوی شەهید فرانسۆ هەریری توانی بەئەنجامی سێ گێم بەرانبەر دوو گێم لە یانەی قوە جویە بباتەوە لە چوارچێوەی یارییەكانی خولی بژاردەی عێراق بۆ تۆپی بالە.
لەم یارییەدا جەماوەر پاڵەوانی یارییەكە بوو، كە بەرێژەیەكی بەرچاو لە نێو هۆڵەكە ئامادەبوون تا دوا خاڵ پاڵپشتی یاریزانەكان بوون.
لە گێمی یەكەم ركابەری نێوان هەردوو یانە گەیشتە لووتكە، بەڵام یاریزانانی قوە جویە توانیان ئەم گێمە بەئەنجامی (31-29) خاڵ لە بەرژەوەندی خۆیان تەواو بكەن.
لە گێمی دووەمی یارییەكەدا كورانی قەڵای زەرد توانیان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن و ئەم گێمە لە بەرژەوەندی خۆیان تەواو بكەن بەئەنجامی (25-19) خاڵ و لە گێمی سێیەمی یارییەكە زەردپۆشەكان لە ئاستە بەرزەكەی خۆیان بەردەوام بوون و توانیان ئەم گێمە بەئەنجامی (25-22) خاڵ ببنەوە، بەڵام لە گێمی چوارەم یاریزانانی جەویە یارییەكەیان یەكسانكردووە دوای ئەوەی ئەم گێمەیان بەئەنجامی (25-22) خاڵ بردەوە.
لە گێمی پێنجەم و كۆتا گێمی یارییەكە هەردوو یانە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد و لە یەكسانبوون بەردەوام بوون تا زەردپۆشەكان توانیان ئەم گێمە بەئەنجامی (24-22) خاڵ لە بەرژەوەندی خۆیان تەواو بكەن و یارییەكە بەئەنجامی (3-2) گێم ببنەوە.
بەم ئەنجامە هەولێرییەكان دوو خاڵی گرنگیان بەدەستهێنا و هاتنە ریزبەندی پێنجەمی خولەكە بەكۆكردنەوەی (11) خاڵ و بەجیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ خاوەن پلەی چوارەم یانەی نەفتی میسان، كە كۆی خاڵەكانی (13) خاڵە.
وا بریارە رۆژی شەممە كاتژمێر (3)ی ئێوارە یانەی هەولێر لە نێو هۆڵی داخراوی شەهید فرانسۆ هەریری مێوانداری یانەی گازی جنوب بكات.
راگهیاندنى یانهى وهرزشى ههولێر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.