به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان ئاشكرای كرد، به بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زه‌وی به‌سه‌ر ڕزگاربووانی شاڵاوی ئه‌نفاله‌كان و ڕ‌اگیراوانی زیندانیانی سیاسی‌دا دابه‌ش ده‌كرێت.
به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسیدا ڕایگه‌یاند" به بڕیاری سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ست به دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر ڕزگاربووانی شاڵاوی ئه‌نفاڵه‌كان و ڕ‌اگیراوانی زیندانیانی سیاسی له ته‌واوی قه‌زا و ناحییه‌كانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیاندا ده‌كرێت."
به‌رزان كه‌ریم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد" لە کۆی (11141) پارچە زەوی لە سنووری کوردستاندا (2259) زەوی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دابەش دەکرێت".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان گوتیشی: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە هەردوو شارەوانیی ڕزگاری و کفری زەوی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکەین کە ناویان لە سنووری ئەو دوو شارەوانییەدا هەیە".
ئیداره‌ی گه‌رمیان له سه‌رده‌می ڕژێمی دیكتاتۆری عێراقدا به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وت و 182000 هه‌زار هاووڵاتیی سیڤیل زینده‌به‌چاڵ كران، چه‌ندین هاووڵاتیش ڕزگاریان بوو، هاووڵاتییەكی زۆریش به‌هۆی پشتیوانیان له شۆڕشی كوردستان و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی حوكمڕانیی ڕژێمه‌كه‌ی سەددام حووسێن ده‌ستگیر كران و ساڵانێكی زۆریان له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه و له سووچی زیندانه‌كاندا به‌سه‌ر برد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.