Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 06:14

پارتی ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات پیرۆز دەکات

رۆژنامەی خەبات سەلماندوویەتی، كە خاوەن ناسنامەی رەسەن و تایبەتمەندیی خۆیەتی
کوردستان TV
100%

 

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و دەزگای رۆشنبریی و راگەیاندن (60)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات پیرۆز ده‌كات:

بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی نووسین و هونەركاران و سەرجەم كارمەندانی رۆژنامەی (خەبات)

ئەمڕۆ(60)ساڵ بەسەر بەئاشکرا دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات) رەت دەبێ، یەكەمین و بەتەمەنترین رۆژنامەی رۆژانە لەكوردستان،  بەو بۆنەوە  گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان لە ئێوە و نووسەران و خوێنەرانی رۆژنامە ئازیزەکەتان دەكەین و، دەستخۆشیتان لێ دەکەین بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبوونە  بەردەوامەی رۆژانەتان، دڵنیاشین لەوەی بۆ ساڵی داهاتوو بە هەمان گیانی بەرپرسیاریەتی و لەخۆبردووییەوە زیاتر برەو بە كار و هەوڵ و كۆششتان بدەن لە پێناو خزمەتگەیاندن بە رەوتی رۆژنامەگەریی و گەیاندنی پەیامی راستەقینەو رەوای گەلەكەمان بە ناوخۆ و دەوروبەر و جیهان.

راستیەكی حاشاهەڵنەگرە، كە رۆژنامەی (خەبات) وەكو یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەو زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان شانبەشانی دەسكەوتەكانی دیكە، دەسكەوتێكی گرنگ و بەرچاوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بوو بەرابەرایەتی ((بارزانی نەمر)) لە بواری رۆژنامەگەریی كوردیدا، هەروەها سەنگەرێكی دیكەی خۆراگریی بوو بۆ داكۆكیكردن لە داخوازیە رەواكانمان و پرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئازادی و  سەكۆیەكی فرەبەخششی بێ جیاوازی تێكڕای رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان بوو.

ئەو كاروانەی تەمەنی رۆژنامەی (خەبات) سەلماندوویەتی، كە خاوەن ناسنامەی رەسەن و تایبەتمەندیی خۆیەتی لە بواری رۆژنامەنووسیداو لە مێژووی تێكۆشانی رۆڵەكانی گەلەكەماندا رۆڵێكی دیار و كاریگەری گێڕاوە لە رووی هۆشیاركردنەوە و جۆشدانی هەستونەستی نیشتیمانپەروەری و شۆڕشگێڕیی و پتەوكردنی گیانی تەبایی و یەكڕیزیی و یەكدەنگیی، هەروەها بەو تەمەنە دەوڵەمەند و بەپێزەی توانیویەتی خزمەتێكی زۆری زمان و ئەدەب و كوولتوری نەتەوەییمان بكات.

ھەڤاڵانی بەڕێز..
نكوڵی لە رۆڵی گرنگ و كاریگەری رۆژنامەگەریی لە ھیچ دەورو قۆناغێكدا ناكرێ، بۆیە رۆژنامەی (خەبات) كە هەڵگری ئەو كارنامە زیندووەیە بەحەق جێپەنجەی بەسەر رەوتی سەرفرازانەی رۆژنامەگەریی كوردیدا روون و دیارەو وەكو گەنجینەیەكی سوودمەند و بەهادار سەنگ و كاریگەری خۆی ھەبووە و هەیە، هەر بۆیەش ئەو تەمەنە بێسرەوتنەی لە بەرهەم و داهێناندا مایەی رێز و ستایش و شانازییە.

هیوادارین لەو یادە پیرۆزەدا زیاتر و باشتر لەرووی چەندایەتی و چۆنیەتیەوە بەرەوپێش بچن و وەك هەمیشە برەو بە بنەماورێسا راست و دروستەكانی كاری رۆژنامەگەریی بدەن و لەرووی راستگۆیی و بەرپرسیاریەتیەوە هەر لە پێشەنگ دابن و بەدەنگ خواست و ویستی هاووڵاتیان و كێشە و گیروگرفتەكانیانەوە بچن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.

جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پاڵشتی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوام بوون و پێشوەچوونی رۆژنامەكە دووپات دەكەینەوە، ئومێدەوارین هەردەم هەنگاوی نوێتر و بەرهەمدارتر بنێن..

هەزاران سڵاو بۆ یادی رۆژنامەوانانی پێشەنگ و ماندوونەناس..

دروود بۆ گیانی پاكی ئەوانەی لەو رێگایەدا سەریان نایەوە و ئەو كاروانەیان بەمڕۆكە گەیاند..

بەرزوپیرۆزبێت(60)ساڵ بەرهەم و خزمەتی بێسرەوتنی رۆژنامەی(خەبات)..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
3/4/2019

 
پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی(60)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات)
 
بەڕێزان/ سەرنووسەر و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و سەرجەم كارمەندانی رۆژنامەی(خەبات)
 
بەر لە(60)ساڵ لە(4/4/1959) یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی(خەبات) وەك زمانحاڵی پارتیمان بە ئاشکرا دەرچوو، بەو یادە پیرۆزەوە سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان لە ئێوەو خوێنەرانی بەڕێزی رۆژنامەی خەبات دەكەین، هیواخوازین بۆ لەمەودوا زیاتر  هەوڵ بدەن بۆ پێشخستنی رۆژنامەكەو بۆ ساڵی داهاتوو  لە هەموو روویەكەوە هەنگاوی باشتر بنێن و زیاتر بەرەو پێش بچن.
 
رۆژنامەی (خەبات)كە بەپێی قۆناغەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلەكەمان هەمیشە وەك مینبەرێكی حەقخواز و راستیبێژ بووە بۆ خستنەرووی كێشە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكەمان و بەرگریكردن لە بنەماكانی دیموكراسی و ئازادی رادەربرین  و فرەدەنگیی و كۆكردنەوەی بیروبۆچوون و ئایدیا جیاوازەكان.
 
 لە قۆناغە یەكلەدواییەكەكانی وەك رۆژنامەیەكی مولتەزیم و خاوەن مسداقیەت، رۆژنامەی(خەبات)، شوناس و پەیامی خۆی پاراستووە چ بە ئاشكرا یا نهێنی، چ لە شاخ یا لە شار،  سەنگەرێكی دیكەی شەرەفمەندانی تێكۆشان بووە دژ بە ستەمكاریی و چەوسانەوە، بۆیە لەو كاروانە سەركەشەیدا ئەو شانازییەی پێ بڕا وەك رۆژنامەیەكی خەباتگێڕ و كۆڵنەدەو بوێر رۆڵی شیاوی خۆی ببینێ لە بەدیهاتنی ئەو دەسكەوتانەی ئەمڕۆ و مافە رەواكانی گەلەكەمان.
 
بێگومان رۆژنامەی(خەبات) نموونەی رۆژنامەیەكی پرۆفیشناڵە لە پەیرەوكردنی پرەنسیپ و ئیتیكی راستەقینەی رۆژنامەوانیی  بەرەچاوكردن و بەهەندگرتنی بەرپرسیاریتی و پیشەوەریی و قوتابخانەیەك بووە بۆ بەرهەمهێنان و پێگەیاندنی سەدەها كادیری رۆژنامەوان و هاوكات وەك سەرچاوەیەكی ئەكادیمی و زانستی و تۆماری خەباتی نەتەوەییمان، ئەرشیفێكی دەوڵەمەندی سیاسی و مێژوویی و كولتووریی و بوارەكانی دیكەی مەعریفییە بۆ توێژی میدیاكاران و رۆشنبیر و زانستخوازان، هەر بۆیەش تا ئەمڕۆ بەردەوامە لە هەنگاوی بونیاتنەرانە و بەرهەمدار بۆ پێشخستنی رەوشی رۆشنبیریی و كوولتوری بەگشتی و بواری رۆژنامەگەریی بەتایبەتی و بەتەمەنترین رۆژنامەی سەر گۆڕەپانی كوردستانە.
 
ئەرك و كاری رۆژانەی رۆژنامە و رۆژنامەوانان و میدیا بەگشتی زۆر بایەخدار و هەستیارە بەتایبەتی لەو رۆژگارەی ئەمڕۆدا، بۆیە پێویستە بە هەمان رۆحیەتی بەرپرسیاریتی و دڵسۆزانە بەردەوام بن لە پێناو پاراستنی ئەو ئەزموونە و دەسكەوتەكانمان و گەیشتن بە ئامانجەكانمان، بۆ ئەمەش دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن تەواوی پاڵپشتی خۆی بۆ رۆژنامە ئازیزەکەتان دووپات دەکاتەوە..
 
سڵاو لەو ماندوونەناسانەی ئەو كاروانەیان بەمڕۆكە گەیاند..  
بەرزوپیرۆز بێت (60)ەمین ساڵیادی خەباتی بەردەوامی رۆژنامەی(خەبات)..
 
دەزگای رۆشنبریی و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
3/4/2019

 

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.