ئه‌ندامێكی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند: له‌سه‌رده‌می سه‌دامدا ته‌نیا سه‌دام و بنه‌ماڵه‌كه‌ی گه‌نده‌ڵ بوون، به‌ڵام ئێستا سه‌دان سه‌دام و بنه‌ماڵه ده‌ركه‌وتووه.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی پێشووی خولی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له به‌رنامه‌ی دیڤچوونی كوردستان تیڤی، ڕه‌وشی عێراق دوای 16 ساڵ له ئازادكردنی چه‌ند پرسێكی خسته‌ڕوو.
سه‌ره‌تا شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا گوتی: پێشه‌كی پیرۆزبایی له خه‌ڵكی عێراق ده‌كه‌م به‌هۆی رووخانی رژێمی به‌عس، پیرۆز ده‌كه‌م له كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان كه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان زیانیان به‌ركه‌وتووه، بێگومان رووخانی رژێمی به‌عس بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بوو.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا گوتی: راسته ئێمه رزگارمان بوو له رژێمێك، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئه‌مرۆ هاتوونه‌ته سه‌ر حكووم كه زۆر جار گوێمان لێ ده‌بێت موماره‌سه‌ی هه‌مان ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌دام دووباره ده‌كه‌نه‌وه، له دژی پێكهاته‌كانی عێراق.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتیشی: بۆ نموونه به‌غدا له‌سه‌رده‌می سه‌دامدا ئارامترین پایته‌ختی وڵاتانی عه‌ره‌بی له قه‌ڵه‌م ده‌درا، هه‌موو خه‌ڵك خزمه‌تگوزارییه‌كی پێشكه‌ش ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌مووی پێچه‌وانه بۆته‌وه خه‌ڵكه‌كه‌ی له دژی گه‌نده‌ڵی و فه‌ساد ده‌ناڵێنێت، سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بیش ئه‌مه‌یان بۆ پشتڕاست بۆته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد له‌سه‌رده‌می سه‌دام سیسته‌مه‌كه دیكتاتۆری و تاكڕه‌ویی بووه و تاكه حزبیش بووه له ده‌سه‌ڵات، زیاتر كه‌سێك بڕیاری داوه جا چ بۆ قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات یان بۆ قۆرخكردنی سه‌رماییه‌ی عێراق.
سه‌باره‌ت به گه‌نده‌ڵیشی، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا گوتی: گه‌نده‌ڵی كه‌سێك له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی كۆمه‌ڵێك جیاوازی هه‌یه له عێراق، سه‌دام بۆ خۆی گه‌نده‌ڵ بوو بنه‌ماڵه‌كه‌شی گه‌نده‌ڵ بوو، ده‌ستیان گرتبوو به‌سه‌ر هه‌موو عێراق، ته‌نانه‌ت وه‌زیره‌كانیش نه‌یانده‌توونی ده‌ست بۆ گه‌نده‌ڵی به‌رن، به‌س بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌بوو، به‌ڵام له‌دوای 2003 ده‌یان سه‌دام دروستبووه له سه‌روه‌تی عێراق ده‌بات و ته‌خشان و په‌خشانی پێ ده‌كات ده‌یدزێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاری ده‌هێنن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد هه‌ندێ هه‌ڵه‌ی ئه‌مریكا هه‌یه كه ئه‌مه‌ی كرد ئه‌مه دروست بێت، بۆ نموونه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپای عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی، رێگات بۆ میلیشیات خۆش كرد پێگه‌ی خۆیان له نێو سوپاس به‌هێز بكه‌ن، به‌تایبه‌تی میلیشیا شیعه‌كان پێگه‌ی خۆیان له نێو سوپا به‌هێزكرد.
له‌باره‌ی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا گوتی: من پێم وایه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت ئه‌مانه له سه‌دام باشتر نابن به‌رامبه‌ر به كورد، هه‌رچی زووه كورد له ناوچه كوردستانیه‌كان یه‌ك ده‌نگ بێت، ده‌بێت به‌رنامه‌ی هه‌بێت رێگر بێت ئه‌و تاوانانه‌ی كه له‌سه‌رده‌می سه‌دام له دژی كورد ده‌كرا دووباره نه‌بێته‌وه، چونكه خه‌ڵكی ئێمه له مه‌نده‌لی بگره تا ده‌گاته سنجار دۆخێكی ئه‌منی زۆر خراپ ده‌ژێین، ئه‌گه‌ر فریایه‌ن نه‌كه‌ون دۆخی باش نابێت دۆخی ئابووریش تێكده‌چێت.
ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ: سامان زاهیر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.