بەشی یەكەم
رۆژی سێشەممە 9/4/2019 یاریەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا (چامپیۆنزلیگ) دەست پێدەكاتەوە بە ئەنجامدانی یاریەكانی چوونی قۆناغی هەشتەم كە تیایدا چوار یاری بەهێز ئەنجام دەدرێن ، دوانیان شەوی سێشەمە ، دوانەكەی دیكە شەوی چوارشەممە .
* یاری یەكەم
لیڤەرپول * پۆرتۆ
كاتژمێر 10ی شەو بەكاتی كوردستان یاریگای ئەنفیلد رۆد لەشاری لیڤەرپول میوانداری یاری نێوان هەردوو یانەی لیڤەرپولی ئینگلیزی و پۆرتۆی پورتوگالی دەكات ، ناوبژیوانی ئیسپانی ئەنتۆنیۆ ماتیۆ لاهۆز ئەم یاریە بەڕێوەدەبات ، لە چامپیۆنزلیگ مێژوو لەگەڵ لیڤەرپولە لەكاتی یاریكردنی بەرامبەر پۆرتۆ ، شەش یاریان لەگەڵ یەك ئەنجامداوە ، لیڤەرپول لە سێ یاری براوە بووە و سێ یاریەكەی دیكە هەردوو یانە یەكسان بوون واتا پۆرتۆ نەیتوانیوە لە لیڤەرپول بباتەوە . لیڤەرپول 12 گۆڵی لە پۆرتۆ تۆماركردووە بەرامبەر تەنها 2 گۆڵ بۆ یانەی پۆرتۆ ، كەواتە هەموو ئامارەكان لەبەرژەوەندی لیڤەرپولن بەڵام ئەوە هەمووی رابردووە و هیچ لە بارودۆخی ئەم یاریە ناگۆڕێت تەنها ئەگەر ورەی یاریزانانی ریدز بەرزبكاتەوە .
هەردوو یانە و راهێنەرەكانیان بەتەواوی شارەزای شێوازی یاریكردنی یەكترن بەڵام لێرە زیرەكی راهێنەر بەدیاردەكەوێت بەدانانی پلانێك كە لەپێشبینی تیپی بەرامبەر نەبێت ، راهێنەر یۆرگن كلۆپ ئەزموونی زیاترە لە راهێنەری یانەی پۆرتۆ كۆنسیساو ، لەهەمان كاتدا جۆری یاریزانانی لیڤەرپول باشترن لە یاریزانانی پۆرتۆ ، بەڵام فشار لەسەر یاریزانانی لیڤەرپول زیاترە چونكە هەموو پێشبینیەكان بۆ ئەوە دەچن كە لیڤەرپول ئەم قۆناغە ببڕێت ، بۆیە یاریزانانی پۆرتۆ بەبێ فشار و بە ئاسووەدەیی ئەم یاریە ئەنجام دەدەن ، ئەگەر ماڵئاوایش بكەن ئەوە هیچ گلەییان لەسەر نابێت و گەیشتنیان بۆ ئەم قۆناغە دەسكەوتێكی زۆر باشە .
چەكی بەهێزی لیڤەرپول سێكوچكەی پێشەوەیە كە بریتین لە محەمەد سەلاح و سادیۆ مانێ و فیرمینهۆ ، ئەم سێ یاریزانە هەمەهانگی تەواو لە نێوانیان هەیە بە پاڵپشتی هەریەك لە ڤینالدۆم و میلنەر لە هێلی ناوەراست و سەركەوتنی باڵەكان هەرچەندە لەم یاریە لیڤەرپول باڵێكی شكاوە بە راگرتنی یاریزان رۆبەرتسۆن كە لەوانەیە یاریزان ئەلبرتۆ مۆرینیۆ لەشوێنی یاری بكات . هێلی بەرگری لیڤەرپول بە بوونی ڤان دایك و گۆڵپارێز ئەلیسۆن لە بارودۆخێكی زۆر باشە .
لەبەرمبەردا چەكی بەهێزی یانەی پۆرتۆ یاریكردنی بە كۆمەڵی ئەو تیپەیە كە توانی بەم شێوازە خۆی بگەیەنێتە ئەم قۆناغە ، پۆرتۆ دوو لە یاریزانە باشەكانی لەدەستداوە بە هۆی كارتی زەردەوە كە ئەوانیش هەریەك لەبەرگریكار پیپی و یاریزانی هێلی ناوەراست هێرێرای مەكسیكیە ، پۆرتۆ پشت بەئەزموونی گۆڵپارێزێكی مێژوویی چامپیۆنزلیگ وەك ئیكەر كاسیاس دەبەستێت بۆ راگرتنی هێرشەكانی لیڤەرپول .
لە وەرزی رابردوو لەم یاریگایە هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەكسان بوون لەیاری گەڕانەوەی قۆناغی 16 بەڵام دوای ئەوە بوو كە لیڤەرپول 5-0 لەیاری چووندا سەركەوتوو بوو . ئەمجارەیان لیڤەرپول دەیەوێ لەیاریگای خۆی گەیشتنی بۆ چوار گۆشەی زێڕن مسۆگەر بكات و پۆرتۆش دەیەوێت بەكەمترین زەرەرو زیان بگەڕێتەوە یاریگای دراگاو .
سالار جەلال
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.