Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 08:38

هه‌موو شێک له‌باره‌ی" که‌ڵه‌شاخ" بزانه‌

دوو جۆری هه‌یه‌
کوردستان TV
100%

له‌ كۆنه‌وه‌ به‌شێك له‌ پسپۆڕ و شاره‌زایانی بواری كه‌ڵه‌شاخ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خوێنی پیس له‌ له‌شی مرۆڤ له‌ چه‌ند شوێنێكی دیاریكراودا كۆده‌بێته‌وه‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی پشت و به‌ ده‌رهێنانی ئه‌و خوێنه‌ مولووله‌كانی خوێن ده‌كرێنه‌وه‌ و سووڕی خوێن چالاكتر ده‌بێت.

كه‌ڵه‌شاخ دوو جۆری هه‌یه‌، یه‌كه‌میان كه‌ڵه‌شاخی وشك و دووه‌میان كه‌ڵه‌شاخی ته‌ڕ.

كه‌ڵه‌شاخی وشك بریتییه‌ له‌وه‌ی ته‌نها كاسه‌ی خوێن وه‌رگره‌كه‌ له‌سه‌ر شوێنێكی پشت داده‌نرێت و ته‌نیا هه‌وای ناو كاسه‌كه‌ هه‌ڵده‌مژرێت و هیچ شوێنێكی پشت بریندار ناكرێت. به‌ڵام كه‌ڵه‌شاخی ته‌ڕ بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ كاسه‌ی خوێن وه‌رگره‌كه‌ له‌سه‌ر شوێنێكی پشت داده‌نرێت و هه‌وای ناو كاسه‌كه‌ هه‌ڵده‌مژرێت پاشان چه‌ند شوێنێكی كه‌م له‌ پشت بریندار ده‌كرێت و دووباره‌ كاسه‌كه‌ داده‌ندرێته‌وه‌ و به‌مه‌ش دوای چه‌ند خوله‌كێك به‌شێك له‌ خوێنه‌ پیسه‌كه‌ ده‌ڕژێته‌ ناو كاسه‌كه‌ و ئه‌و كرداره‌ش وه‌ك پسپۆڕان باسی ده‌كه‌ن، پێویسته‌ هه‌موو كه‌سێك ساڵی جارێك ئه‌نجامی بدات.

مامۆستایه‌كی ئایینی كه‌ ماوه‌ی چوارده‌ ساڵه‌ ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام ده‌دات، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت تا ئێستا نزیكه‌ی ٢٥٠ هه‌زار كه‌ڵه‌شاخی بۆ خه‌ڵك ئه‌نجامداوه‌ و ئاماژه‌ به‌ سووده‌كانی ئه‌و كرداره‌ ده‌كات و وه‌كو پێویستییه‌كی ساڵانه‌.

له‌ یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌كانی شاری هه‌ولێر، مامۆستای ئایینی، مه‌لا عه‌لی تاهیر كه‌ هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ و توێژینه‌وه‌ی ماسته‌ره‌كه‌ی به‌ ناونیشانی "كه‌ڵه‌شاخی نموونه‌یی له‌ نێوان پزیشكی نه‌به‌وی و پزیشكی سه‌رده‌م" بووه‌، له‌كاته‌ گونجاوه‌كاندا به‌ بێ به‌رامبه‌ر كه‌ڵه‌شاخ بۆ خه‌ڵك ئه‌نجام ده‌دات.

مه‌لا عه‌لی تاهیر به‌ ئاژانسی ئانادۆڵو راگه‌یاند: "كه‌ڵه‌شاخ له‌ رووی شه‌رعییه‌وه‌ سوونه‌ته‌ و پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ئامۆژگاری موسوڵمانانی كردووه‌ كه‌ ئه‌نجامی بده‌ن و ٢٧ فه‌رمووده‌ی له‌سه‌ره‌، هه‌روه‌ها كاتێك پێغه‌مبه‌ر (د.خ) چووته‌ ئیسرا و میعراج ئه‌وا له‌وێ له‌ ئاسمان باسی كه‌ڵه‌شاخ كراوه‌".

مه‌لا عه‌لی گوتیشی: "له‌ رووی ته‌ندروستیشه‌وه‌، ئه‌و خوێنه‌ی ناچالاك و پیس بووه‌، له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی پشت كۆ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و خوێنه‌ جیاوازه‌ له‌و خوێنه‌ی كه‌ له‌ ده‌ماره‌كان وه‌رده‌گیرێت، چونكه‌ خوێنی ده‌ماره‌كان خوێنێكی سروشتییه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ پشت كۆده‌بێته‌وه‌ خوێنێكی ناسرووشتییه‌".

ئه‌و مامۆستا و شاره‌زاییه‌ی بواری كه‌ڵه‌شاخ ئاماژه‌ی به‌ كاته‌كانی ئه‌نجامدانی ئه‌و كرداره‌ كرد و گوتی: "ماوه‌ی ١٤ ساڵه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌م و تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی ٢٥٠ هه‌زار كه‌ڵه‌شاخم بۆ خه‌ڵك كردووه‌ و ئه‌مه‌ش كاتی خۆی هه‌یه‌ كه‌ باشتر وایه‌ له‌ مانگه‌كانی ئادار و نیسان و ئایار ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وانیش له‌ هه‌ر مانگێك ده‌بێت ته‌نها له‌ ماوه‌ی ١٠ رۆژ ئه‌نجامی بده‌ین ئه‌وانیش له‌ ١٧ی هیجری ده‌ست پێده‌كات تا ٢٧ی هیجری، به‌ڵام ئه‌و رۆژانه‌ی كه‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری له‌سه‌ره‌ بریتییه‌ له‌ ١٧ و ١٩ و ٢١ی مانگی هیجری".

له‌باره‌ی هۆكاری كاته‌كه‌ و دیاریكردنی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ كه‌ كاره‌كه‌ی تێدا ئه‌نجام بدرێت، مه‌لا عه‌لی تاهیر گوتی: "ئه‌مه‌ حاڵه‌تێكی فه‌له‌كناسییه‌ و له‌و چه‌ند رۆژه‌دا مانگ پڕ نییه‌ چونكه‌ ئێمه‌ سه‌یر ده‌كه‌ین كاتێك مانگ پڕ ده‌بێت له‌ شه‌ودا، ئه‌وا شه‌پۆڵی ده‌ریاكان جووڵه‌یان زیاتره‌ و له‌ رۆژدا كه‌متر شه‌پۆڵ ده‌ده‌ن، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌دا سووڕی خوێن له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤ كه‌متر چالاك ده‌بێت له‌به‌ره‌به‌یان و هه‌ر بۆ ئه‌وه‌شه‌ كه‌ رێنمایی ده‌ده‌ین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ڵه‌شاخ بۆخۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن ئه‌وا باشتر هیچ خواردن و خواردنه‌وه‌یه‌ك نه‌خۆن بۆ ئه‌وه‌ی سووڕی خوێن چالاك نه‌بێت و بتوانرێت خوێنه‌ پیسه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ شێوازه‌كانی كه‌ڵه‌شاخ، مه‌لا عه‌لی تاهیر گوتی: "دوو شیواز بۆ كه‌ڵه‌شاخ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌نجامی ده‌ده‌ین به‌ رێگای كاسه‌ و ئاگر، ئه‌وه‌ی دووه‌میان به‌ رێگای په‌مپ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ئێمه‌ رێگای یه‌كه‌ممان پێ ته‌ندروستتره‌ و چونكه‌ به‌ رێگای یه‌كه‌م كاتێك ئاگر ده‌خه‌یته‌ ناو كاسه‌كه‌ ئه‌وا یه‌كه‌م ئۆكسیدی كاربۆن دروست ده‌كات و به‌م جۆره‌ش هیچ به‌كتریایه‌ك ناتوانێت بچێته‌ ژووره‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌م كه‌ به‌ رێگای په‌مپ ئه‌نجام ده‌درێت ناتوانێت رێگا له‌ به‌كتریا و ڤایرۆس بگرێت".

قسه‌ زۆره‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا له‌دوای ئه‌نجامدانی كه‌ڵه‌شاخ نابێت هه‌موو جۆره‌ خواردنێك بخورێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ مه‌لا عه‌لی تاهیر گوتی: "دوای كه‌ڵه‌شاخ بۆماوه‌ی دوو رۆژ نابێت به‌رووبوومه‌كانی شیره‌مه‌نی وه‌كو ماست و په‌نیر و شیر بخورێت و باشتره‌ راسته‌وخۆ دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و كرداره‌، خورما بخورێت".

یه‌كێك له‌و چه‌ند كه‌سه‌ی كه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كه‌ڵه‌شاخ له‌ هۆڵی مزگه‌وته‌كه‌ دانیشتبوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ماوه‌ی ١٠ ساڵ ده‌بێت هه‌موو ساڵێك ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌دات و وه‌ك خۆی ده‌یڵێت سوودی لێ بینیووه‌ و توانیوویه‌تی له‌ نه‌خۆشی بیپارێزێت.

هاووڵاتییه‌ك به‌ناوی حاجی موئه‌یه‌د بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوه‌ی ده‌ ساڵ ده‌بێت كه‌ڵه‌شاخ بۆخۆم ده‌كه‌م و ئه‌و كات نه‌خۆش بووم و جه‌ڵته‌ی مێشك لێیدابووم و دوای ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شاخم ئه‌نجامدا بۆ رۆژی دواتر ده‌سته‌كانم كه‌وتنه‌وه‌ كاركردن و ئێستاش ماوه‌ی ده‌ ساڵ ده‌بێت ساڵانه‌ كه‌ڵه‌شاخ ئه‌نجام ده‌ده‌م و سوودێكی زۆرم لێی بینیووه‌".

كه‌ڵه‌شاخ یان حیجامه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ ناوچه‌ی پشت ئه‌نجام ده‌درێت و به‌م دواییه‌ش ئه‌م كرداره‌ له‌ ناوچه‌كانی ئه‌ورووپا به‌ زه‌قی هه‌ستی پێده‌كرا كه‌ خه‌ڵكی ئه‌ورووپی به‌ مه‌به‌ستی باشتربوونی ته‌ندروستییان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و ساڵانه‌ش له‌كاته‌ دیاریكراوه‌كاندا له‌لای موسوڵمانان ئه‌نجام ده‌درێت.

سه‌رچاوه‌/ AA

داڕتشتنه‌وه‌ی / كامران

ktv

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.