Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 08:34

ئایا هه‌موو پشت ئێشه‌یه‌ک ئینزلاقه‌ ؟

شت به‌رز كردنه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی هه‌ڵه‌
کوردستان TV
100%

گرنگترین هۆكاره‌كانی پشت ئێشه‌ :
پێكهاتووه‌كانی پشتی مرۆڤ : 
 ئازاری پشت یه‌كێكه‌ له‌ به‌ربڵاوترین كێشه‌ ته‌ندروستیه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ؛ به‌ڵام له‌هه‌مان كات دا زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك پێویست زانیاری ته‌واویان نیه‌ ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی پشت ئێشه‌ و شێوازی ده‌ست نیشانكردنی نه‌خۆشیه‌كانی ئازاری پشت و ڕێگاكانی چاره‌كردنی ۰
سه‌ره‌تا بۆ زانینی هۆكاره‌كانی پشت ئێشه‌ پێویسته‌ بزانین كه‌ پێكهاتووه‌كانی پشتی مرۆڤ ئه‌مانه‌ن :
۱ ــــ ڕه‌گی ده‌ماره‌كان كه‌ به‌ ناو بڕبڕه‌كانی پشت دا ده‌ڕوات بۆ هه‌ردوو قاچ ۰ 
۲ ــــ ئه‌و ده‌ماره‌ بچووكانه‌ی تایبه‌تن به‌ بڕبڕه‌كانی پشت خۆی ۰ 
۳ ــــ ماسولكه‌كانی پشت ۰ 
٤ ـــ دیسكی نێوان بڕبڕه‌كانی پشت ۰ 
٥ ـــ بڕبڕه‌كانی پشت و جومگه‌كانی نێوان بڕبڕه‌كان و به‌سته‌ره‌ ڕیشاڵه‌كانیان ۰ 
----- هه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت له‌ یه‌كێك یان زیاتر له‌م پێكهاتووانه‌ ئه‌وا ئازاری پشت دروست ده‌كات ۰ 
گرنگترین هۆكاره‌كانی پشت ئێشه‌ : 
۱ ـــ پچڕانی ماسولكه‌كان یان زۆرهیلاك بوونی ماسولكه‌كان : ئه‌مه‌ باوترین هۆكاری ئازاری پشته‌ ،هه‌رچه‌نده‌ ماسولكه‌كانی پشت زۆر به‌هێزن و قه‌باره‌یان گه‌وره‌یه‌ به‌ڵام پچڕانی چه‌ند ڕیشاڵێكی ئه‌م ماسولكانه‌ ئازارێكی زۆر دروست ده‌كات و ڕوو ده‌دات له‌ كاتی :
ــــ به‌رزكردنه‌وه‌ی شتی قورس به‌ شێوه‌ی هه‌ڵه‌ ۰ 
ــــ جووڵه‌ی كتوپڕ له‌ كاتی وه‌رزش پێش ئیحماكردنی پێویست ۰ 
---- له‌گه‌ڵ پچڕانی ماسولكه‌كان بۆریه‌ بچووكه‌كانی خوێنی ناو ماسولكه‌كان ده‌ته‌قێت و به‌ هێواشی خوێن كۆده‌بێته‌وه‌ و ماسولكه‌ه‌ ده‌ئاوسێت و ته‌شه‌نج ده‌كات ؛ بۆیه‌ زۆربه‌ی كه‌سه‌كان پاش چه‌ند سه‌عاتێك ئیتر هه‌ست به‌ ئازار ده‌كه‌ن ۰ 
ـــ ئه‌م جۆره‌ ئازاری ڕه‌نگه‌ زۆر بێت به‌ڵام له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژ بۆ دوو هه‌فته‌ چاك ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری گونجاو وه‌ربگرێت ۰ 
۲ ـــ ئینزلاقی فه‌قه‌رات یان خزانی دیسكی نێوان بڕبڕه‌كانی پشت : 
---- مه‌به‌ست له‌ تێكشانی دیواری ئه‌و دیسكه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان هه‌ر دوو بڕبڕه‌یه‌كی پشتدا هه‌یه‌ و دواتر ئه‌و مادده‌ جیلاتینه‌یی كه‌ له‌ ناو دیسكه‌كه‌ هه‌یه‌ دێته‌ ده‌ر و له‌ ئه‌نجامدا فشار ده‌خاته‌سه‌ر دڕكه‌په‌تك یان ده‌ماره‌كانی ناو بربره‌كانی پشت و كه‌پیدا ده‌ڕوات ..

گرنگترین نیشانه‌كانی ئینزلاقی دیسكی نێوان بڕبڕه‌كانی پشت :

۱ــــ پشت ئێشه‌ یان ئازار له‌ سمت یان ئازاری زۆر له‌ قاچ و پێ ؛ زۆر جار لایه‌كی له‌ش ئێشێت یان ئازاری زۆرتره‌ ۰ 
۲ ـــ سڕبوون یان ته‌زوو هاتن یان ھه‌ست كردن به‌ مێروله‌كردن له‌ سمت و قاچ تا په‌نجه‌كانی پێی ؛ زۆر جار لایه‌كی له‌شه‌ یان زۆرتره‌ له‌ لایه‌كه‌ی تر ۰ 
۳ ـــ بێهیزی یان پوكانه‌وه‌ی ماسولكه‌كانی قاچ و پێ و پشت : بۆ نموونه‌ ناتوانیت له‌سه‌ر نووكی پێ بووه‌ستیت ۰ 
٤ ـــ ئازاره‌كه‌ت به‌ پێكه‌نین ، پشمین ، كۆكه‌ زیاتر ده‌بێت ۰ 
٥ ـــ ئازاری پشت و نیشانه‌كانی ترت زیاتر ده‌بێت دوای پشوو و ئیسراحه‌ت و دانیشتنی زۆر ۰ 
٦ ـــ نیشانه‌كانی نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌ هه‌ندێ جووڵه‌ زیاد ده‌كات وه‌ك نوشتانه‌وه‌ی پشت ، سوژده‌ بردن ، كه‌وتنه‌ سه‌ر لا ، چه‌مینه‌وه‌ ۰

گرنگترین هۆكاره‌كانی ئینزلاقی فه‌قه‌راتی پشت :

۱ ـــ شت به‌رز كردنه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی هه‌ڵه‌ ؛ بۆ نموونه‌ به‌كارهێنانی ماسوولكه‌كانی پشت له‌ جیاتی ماسوولكه‌كانی قاچ و ئه‌ژنۆ ۰ 
۲ ـــ سوڕانه‌وه‌ یان ئاوه‌ڕدانه‌وه‌ له‌ كاتی هه‌ڵگرتنی شتی قورس به‌ شێوه‌ی هه‌ڵه‌ ۰ 
۳ ـــ به‌ركه‌وتنی زه‌بر به‌ بڕبڕه‌كانی پشت وه‌ك له‌ كاتی كه‌وتن ، وه‌رزش ، ڕووداوی هاتووچۆ ۰ 
٤ ـــ جووڵه‌ی كتوپڕ ؛ وه‌ك هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی قه‌ڵه‌م یا هه‌ر شتێكی تر به‌ تایبه‌ت دوای دانیشتی زۆر یان پاڵكه‌وتنی زۆر۰
٥ ـــ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕ بوونی ته‌مه‌ن كڕكڕاگه‌ی نێوان بڕبڕه‌كانی پشت وشك ده‌بێته‌وه‌ و بێهێزتر ده‌بێت بۆیه‌ ئه‌گه‌ری ئینزلاق زیاد ده‌كات ۰ 
٦ ـــ هۆكاری بۆماوه‌یی : له‌ هه‌ندێك خێزان دا زیاتره‌ ۰

ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی ئه‌گه‌ری ئینزلاق زیاتر ده‌كه‌ن :

---- قه‌ڵه‌وی و زۆری كێش ۰
---- دانیشتن بۆ ماوه‌ی زۆر : بۆ نموونه‌ له‌ شۆڤێر و فه‌رمانبه‌ری پشت كۆمپیوته‌ر زیاتره‌ ۰ 
---- ئه‌و كه‌سانه‌ی شتی زۆر قورس به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ هۆی پێشه‌كانیان یان هه‌ندێ وه‌رزش ۰ 
---- كه‌می جووڵه‌ و ئه‌نجام دانی وه‌رزش ۰

شێوازی ده‌ست نیشانكردنی :

--- تیشك ؛ تیشكی ( X-Ray ) ، ( MRI) ، ( C-T Scan ) ۰ 
--- هێڵكاری ماسوولكه‌كانی قاچ وپێ (EMG ) ۰ 
--- فه‌حسی خوێن به‌ گوێره‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ پزیشك بڕیاڕ ده‌دات ۰

شێوازی گشتی چاره‌سه‌ركردنی ئینزلاق :

--- زۆرێنه‌ی حاڵه‌ته‌كان نه‌شته‌رگه‌ری ناوێت و ده‌توانرێت چاره‌بكرێت له‌ ڕێگه‌ی :
۱ ــ دابه‌زینی كێش له‌و كه‌سانه‌ی قه‌ڵه‌ون یان كێشیان زۆره‌ ۰ 
۲ ــ ده‌رمانی ئازارشكێن به‌ تایبه‌ت جۆری ( NSAID) به‌ڵام نابێت بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر و به‌رده‌وام بخورێت ۰ 
٣- به‌كارھێنانی ھه‌ندێ ده‌رمان كه‌بۆكه‌م كردنه‌وه‌ی فشاری ده‌وری ده‌ماره‌كان به‌كاردێن و له‌گه‌ڵ كه‌م كردنه‌وه‌ی ڕۆشتنی سیگناڵی ئازار بۆ مێشك و زیادكردنی مادده‌ی ئیندۆرفین و نۆر ئیپنفرین و سیرۆتۆنین له‌ له‌شدا كه‌ ئازار كه‌م ئه‌كه‌نه‌وه‌ ( وه‌كو دژه‌ په‌ركه‌مه‌كان ، ھێوركه‌ره‌وه‌كان) ..
۳ ــ هه‌ندێ ڤیتامین و كانزا و پێكهاتووی خۆراك : وه‌ك ئۆمێگا سێ ، ڤیتامین دی ، كالسێوم ۰ 
٤ ـــ چاره‌سه‌ری سروشتی ۰
٥- وه‌رزش كردن ، مه‌له‌كردن ، یۆگا و میدیته‌یشن ...

- ئه‌گه‌ر نه‌خۆش به‌ شێوازی په‌یڕه‌وكراو چاره‌سه‌ری بۆ نه‌كرا ئه‌وا ئه‌م ڕێگه‌ تازانه‌ هه‌یه‌ :

۱ ـــ لێدانی جۆرێك له‌ ده‌رزی له‌ ژێر ئامێری ڤلۆرۆسكۆپی : ئه‌م ڕێگه‌یه‌ زۆر سه‌ركه‌وتووه‌ و به‌نجی ناوێت و دوای یه‌ك سه‌عات نه‌خۆش ده‌ڕواته‌ ماڵه‌وه‌ و ڕۆژی دواتر ده‌توانێت ئیش و كاری ڕۆژانه‌ی خۆی ئه‌نجام بدات ، به‌ڵام ڕێگا چاره‌ی ته‌واوه‌تی نیه‌ ته‌نیا ئازارشكێنه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك ...
۲ ـــ چاره‌سه‌ر به‌ ئامێری ته‌ره‌دوودی حه‌راری ( radiofrequency) ، كه‌ زیاتر بۆ داخورانی جومگه‌ی نێوان بڕبڕه‌كان ده‌كرێت و یه‌كێكه‌ له‌ تازه‌ترین ڕێگه‌ چاره‌كان ، كه‌ ده‌رئه‌نجامی خراپه‌ی نیه‌ ۰ 
٣- ئه‌نجامدانی له‌یزه‌ر و ئۆزۆن بۆ دیسكه‌كه‌ و لابردنی فشاری ده‌وری ده‌ماره‌كان و پاك كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی دڕكه‌ په‌تك كه‌ له‌ژێر ئامێری فلۆروسكۆپی دا ئه‌نجام ده‌درێت و به‌نجی مه‌وزوعی و مانه‌وه‌ی ناوێت له‌نه‌خۆشخانه‌ ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ كوردستان ناكرێت ...
۳ ـــ لابردنی به‌شێك له‌ كڕكڕاگه‌ زیان پێ كه‌تووه‌كه‌ بێ نه‌شته‌رگه‌ری له‌ ژێر ئامێری ڤلۆرۆسكۆپی و له‌ڕێگه‌ی نازوور ، ئه‌م ڕێگه‌یه‌ زۆر سه‌ركه‌وتووه‌ و به‌نجی ناوێت و دوای یه‌ك سه‌عات نه‌خۆش ده‌ڕواته‌ ماڵه‌وه‌ و ڕۆژی دواتر ده‌توانێت ئیش و كاری ڕۆژانه‌ی خۆی ئه‌نجام بدات ۰

چ كاتێك نه‌شته‌رگه‌ری پێویسته‌ بۆ ئینزلاقی دیسك ؟؟؟ 
١- له‌كاتی له‌ده‌ستدانی كۆنترۆڵكردنی میز و پیسایی ...
٢- له‌كاتی پووكانه‌وه‌و بێھێزی ماسولكه‌كانی قاچ و ڕان ...
٣- له‌كاتی دروست بوونی حاڵه‌تێك كه‌ به‌ (foot drop)ناسراوه‌ ، كه‌تیایدا پێیه‌كان تۆنیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و شل ده‌بن ھه‌روه‌ھا به‌ عه‌ره‌بی پێده‌وترێت (سقوگ قدم)..

# وێنه‌كان ھه‌ندێ وه‌رزشی تیادایه‌ كه‌ بۆ ئینزلاقی دیسك گونجاوه‌ ..

نووسینی د ۰ هه‌ڤین كه‌مال شاه محمد
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج

كوردستان تیڤی/ كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.