Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 06:06

چیرۆکی یانزه‌مین کتێبم !

كۆمه‌ڵێك شیعری كۆن و نوێ
کوردستان TV
100%

من و شیعر پێوه‌ندییه‌كی قووڵمان به‌یه‌كه‌وه‌ ھه‌یه‌، ھه‌ر زوو، ئه‌و كاته‌ی بیرم كرده‌وه‌ و وێنه‌كانم بینی، به‌ نموونه‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ خود و خودا، بینینی ئه‌و بارانه‌ی له‌ مه‌غریبێكدا زه‌رد ده‌بارێ، په‌نام بۆ باڵه‌كانی شیعر برد و ده‌مزانی بێ فڕین، مرۆڤ ناتوانی بیربكاته‌وه‌ و ببینێت.

ھه‌وڵمدا بنووسم، له‌ شیعر نووسیندا، ئه‌وكات، كه‌ ھه‌رزه‌كاربووم و ئێسته‌یش، كه‌ مووه‌ سپییه‌كانی قژم حیكمه‌تم پێ ده‌به‌خشێ نه‌ك پیریی، من شیعر بۆ خۆم ده‌نووسم، نه‌ك بۆ ئه‌وانیتر، له‌ شیعردا ته‌واو خۆمم و ئاگام له‌ كه‌س نییه‌، ته‌نانه‌ت ھه‌ندێ كه‌ڕه‌ت نزیكه‌كانیشم لێم دڕدۆنگ ده‌بن، لێ ئه‌وه‌ باڵی شیعره‌ و له‌ شه‌ققه‌ی باڵ ده‌دا و ده‌فڕێت، ده‌فڕێت و به‌ دڵی خۆی، له‌ شوێنێكدا ده‌نیشێته‌وه‌، جار ھه‌یه‌ به‌سه‌ر لاشانی ژنێكه‌وه‌ ھه‌ڵده‌نیشێ و جاریش ھه‌یه‌ له‌ ته‌ك فرمێسكێكدا ماڵ چێ ده‌كا، ئه‌و فڕینه‌ ھێنده‌ یاخییه‌، جار ھه‌یه‌ منیش تووڕه‌ ده‌كات و عه‌قڵم لێ ده‌سه‌نێته‌وه‌ و دڵم ده‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، ئاگام لێ نییه‌، ھه‌ندێ كه‌ڕه‌ت دڵم داوه‌ته‌ شه‌پۆڵێك و ھه‌ندێ كه‌ڕه‌تیش له‌ شه‌وه‌زه‌نگێكدا جێمھێشتووه‌، ھه‌وڵم داوه‌ ھه‌ر به‌ باڵی شیعره‌وه‌ بگه‌مه‌ خۆر، له‌وێ، له‌به‌رده‌م خۆردا خۆم ڕووت بكه‌مه‌وه‌، ئاخر شیعر جۆرێكه‌ له‌ ڕووتبوونه‌وه‌ له‌به‌رخۆردا !..

كه‌ سیاسه‌ت و وه‌زیفه‌، به‌ ھه‌موو دڵڕه‌قی خۆیانه‌وه‌ منیان له‌ مه‌له‌كووتی شیعر دوورخسته‌وه‌، به‌رده‌وام چاوم له‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ بوو، په‌نجه‌ره‌ی خۆر، په‌نجه‌ره‌ی ڕووتبوونه‌وه‌ و فڕین، ماوه‌یه‌كی زۆر باڵه‌كانم شه‌كه‌ت بوون و نه‌مده‌توانی شیعر بنووسم، ئاخر شیعر نه‌نووسین واته‌ نه‌فڕین و ڕووتنه‌بوونه‌وه‌ و خۆرنه‌بوون و خۆنه‌بوون، زۆرجار قێزم له‌ خۆم ده‌كرده‌وه‌ و ھه‌ستم ده‌كرد، كه‌ من خه‌ریكه‌ بیر ده‌چمه‌وه‌، ئه‌و جه‌ده‌له‌ زۆر ماندووی ده‌كردم و له‌خۆم ده‌پرسی : ئه‌رێ من و شیعر بۆ وا لێك دابڕاین؟.. زۆر كه‌ڕه‌ت له‌ چاوی شاعیره‌كانی ھاوڕێیشم ھه‌مان ئه‌و پرسیاره‌م ده‌خوێنده‌وه‌، لێ شیعر له‌ ڕۆحمدا ، له‌ ناخمدا ھه‌ر ئه‌و په‌رییه‌ جوانه‌ بوو، كه‌ باڵه‌كانی پڕبوون له‌ ڕه‌نگی فڕین!..

به‌ر له‌ چه‌ند مانگێك، زانا خه‌لیل - ی شاعیر و ھاوڕێم ته‌له‌فۆنی بۆ كردم، سه‌ره‌تا وامزانی باسی كاروباری وه‌زاره‌ت ده‌كات، كه‌ ده‌ستی به‌ قسه‌كانی كرد، جیاواز قسه‌ی كرد، ئه‌و ته‌له‌فۆنی بۆ شاعیرێك كردبوو، كه‌ ناوی سالار عوسمان - ه‌، ھه‌ستێكی زۆر خۆشی پێ به‌خشیم، ھه‌ستم كرد بیر نه‌چوومه‌ته‌وه‌ و گوتی: ( بڕیارمانداوه‌ 10 نامیلكه‌ی شیعری بۆ 10 شاعیر چاپ بكه‌ین و یه‌ك له‌ شاعیره‌كان تۆی )، به‌ڕاستی ھه‌ستێكی زۆر خۆشی پێ به‌خشیم، چ له‌وه‌ خۆشتره‌ خه‌ڵك به‌ شاعیرت بزانێ، چ له‌وه‌ خۆشتره‌ شیعر سنعه‌تت بێ، چ له‌وه‌ خۆشتره‌ خۆت بده‌یته‌ به‌رخۆر و له‌ شه‌ققه‌ی باڵ بده‌یت و بفڕی و ھه‌رجاره‌ و له‌ كۆشێكدا بنیشیته‌وه‌، جا كۆشی به‌ردێك بێ، یا كۆشی ده‌ریایه‌كی سپی، یا كۆشی گه‌ڵایه‌كی ھه‌ڵوه‌ریو، من ده‌مه‌وێت له‌ به‌رخۆر بژیم و جاڕس بووم له‌ نسێی ژووره‌كان، من ده‌مه‌وێت بفڕم و بێزاربووم له‌ دانیشتنی به‌رده‌وامی ھۆڵه‌كان، من ده‌مه‌وێت خۆم ڕووت بكه‌مه‌وه‌ و قێزم له‌م ھه‌موو پۆشاك و پۆشته‌ییه‌ ده‌بێته‌وه‌، ئاخر من كوڕی شكاندنی دیواره‌كانی گه‌ڕه‌كی خۆمان بووم و كه‌ له‌ مه‌جلیسی مه‌لا ھاوڕێكانی باوكیشیم داده‌نیشتم، ده‌یان پرسیاری حه‌رامم ده‌كرد و پێموابوو، ھه‌موو پرسیاره‌كان حه‌ڵاڵن و ئێستایش ھه‌ر پێموایه‌ پرسیار حه‌ڵاڵه‌ و ده‌بێ دیواره‌كان بشكێنین، ده‌بێ ڕووت بینه‌وه‌ و بفڕین و بچینه‌وه‌ لای خۆر، ئێمه‌ كوڕه‌زا و كچه‌زای خۆرین و شه‌ویش ھه‌رھێنده‌ جوانه‌ تا مۆمه‌كانی تیا ھه‌ڵگیرسێنین!..

(گریان بۆته‌ ده‌ستی چه‌پم )، یانزه‌مین كتێبی عومرمه‌ و كۆمه‌ڵێك شیعری كۆن و نوێێ ده‌گه‌ڵ خۆیدا ھه‌ڵگرتووه‌ و ھه‌وڵێكه‌ بۆ رووتبوونه‌وه‌ و فڕین بۆ لای خۆر، ئیتر ئه‌مه‌یه‌ چیرۆكی یانزه‌مین كتێبم و ئه‌م سه‌فه‌ری فڕین به‌ باڵی شیعره‌یش به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا من سه‌ر به‌ نه‌سلی شیعرم نه‌ك سیاسه‌ت !..

ن/ سالار عوسمان

كوردستان تیڤی/ كامران
چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.