ناھی عارف ژنێكی ته‌مه‌ن ٦٣ ساڵانی دانیشتووی گه‌ڕه‌كی كارێزه وشكی شاری سلێمانییه، ئه‌و ماوه‌ی سێ ساڵه له رێگه‌ی ده‌ف لێدانه‌وه شه‌وانه له ماڵ دێته ده‌ره‌وه و ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه دانیشتووانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی بۆ پارشێو به‌خه‌به‌ر بھێنێته‌وه.
ناھی خێزانداره و له منداڵییه‌وه به رێبازی سۆفیگه‌ری سه‌رسام بووه به‌و ھۆیه‌شه‌وه له‌ناو خه‌ڵكدا به خه‌لیفه ناھی ناسراوه، ئه‌و ھاوشێوه‌ی سۆفییه‌كانی تر عاشقی ژه‌نینی ده‌فه كه زیاتر له زیكر و ته‌ھلیله‌كانیاندا ده‌یژه‌نن ، ئه‌و ده‌ڵێت له منداڵییه‌وه ھێنده شه‌یدای ده‌ف ژه‌نین بووه سه‌ره‌تا به سینی خۆی فێر كردووه و ئێستاش ده‌ف ژه‌نێكی باشه و له زیكر و ته‌ھلیله‌كاندا به‌شداری ده‌كات.
شه‌وانه له كاتژمێر دووی شه‌و به‌كاتی ھه‌رێمی كوردستان خه‌لیفه ناھی به ده‌ف ژه‌نین و گوتنی سه‌ڵاواته‌وه له ماڵه‌كه‌ی خۆی دێته ده‌ره‌وه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت چه‌ندێك بتوانێت بۆ ماوه‌ی نیو كاتژمێر به‌و شێوه‌یه چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی ده‌ورووبه‌ری خۆیان ده‌گه‌ڕێت و خه‌ڵكه‌كه به‌خه‌به‌ر ده‌ھێنێته‌وه.
خه‌لیفه ناھی له باره‌ی كاره‌كه‌یه‌وه گوتی: "ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه ده‌ستم به ده‌ف ژه‌نین كردووه له كاتی پارشێوان له مانگی ره‌مه‌زاندا ، ئه‌وه‌ش حه‌ز و خولیایه‌كی خۆمه و به‌و كاره مێشكم ئاسووده ده‌بێت و ھه‌ست ده‌كه‌م كه كارێكی باش ده‌كه‌م و له‌لای خودا‌ش ون نابێت".
ده‌ف ژه‌نین له كاتی پارشێواندا و چه‌ند رێگه‌یه‌كی تری به‌خه‌به‌رھێنانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له مانگی ره‌مه‌زاندا به‌رۆژوو ده‌بن له كۆندا به‌كارھاتووه، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دوایدا و به ھۆی ته‌كنه‌لۆجیا و ھاتنی ئامێری نوێ ئه‌و جۆره رێگایانه باوی نه‌ماوه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.