Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 21:40

شیکردنه‌وه‌ی شانۆیی به‌ره‌و ئه‌ستێره‌یه‌کی تر

سێ زه‌مه‌نی فه‌نتازی له‌نێو فه‌زاو زه‌مه‌نی نمایش چڕده‌كاته‌وه‌
کوردستان TV
100%

ن/ حه‌مه‌سوار عه‌زیز

"به‌ره‌و ئه‌ستێره‌یه‌كی تر"له‌رووی تێكست و بونیادی نمایشه‌وه‌، كارێكه‌ وه‌ك نمایش و تێكست جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت، راسته‌ ئه‌م تێكسته‌ ده‌كه‌وێته‌ رووبه‌ری واقیعی فه‌نتازییه‌وه‌، به‌ڵام له‌رووی چنین و بونیادی درامییه‌وه‌، زیاتر نزیكه‌ له‌ سه‌ردو به‌تایبه‌تیش ژیاننامه‌ی كه‌سی، شێوازی تێكسته‌كه‌ زیاتر به‌ره‌و ئه‌و پانتاییه‌ ده‌ڕوات و كه‌سێك (سه‌لیم_ئه‌ژی حه‌مه‌نوری) پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕ، به‌ر ئه‌و واقیعه‌ نوێیه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ له‌و چه‌ند ساڵه‌ی وونبوونی ئه‌وه‌وه‌ روویانداوه‌، سه‌یر ده‌كات زه‌وییه‌كانی داگیركراوه‌و ژنه‌كه‌ی به‌ ھه‌مانشێوه‌ شووی كردۆته‌وه‌و ته‌نانه‌ت خودی ناوه‌كه‌شی له‌ تۆماره‌كانی ده‌وڵه‌ت سڕاوه‌ته‌وه‌و ئێستا كه‌سێكی بێ ناسنامه‌یه‌، ئه‌م كه‌سه‌ ھه‌وڵده‌دات ئامانجێك بپێكێت له‌ رێگه‌ی نوسینی شانۆنامه‌یه‌ك و پێشكه‌شكردنی له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی كه‌ تیاییدا به‌ندكراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ نه‌خۆشی شیزۆفرینیاو چه‌وسانه‌وه‌ی ھه‌میشه‌یی ناوزه‌د كراوه‌، ئه‌م ئامانجه‌ش سه‌لماندنی ئه‌و دیدگایه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ شایه‌نی ژیان نییه‌و مرۆڤ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت وه‌ك مرۆڤ بژیت، ده‌بێ به‌ره‌و ئه‌ستێره‌كه‌ی تر كۆچ بكات، شانۆنامه‌كه‌ش له‌ خاڵی كۆتایی ده‌سپێده‌كات و ھه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌ روویانداوه‌و له‌نێو نمایشێك ده‌گێڕدرێنه‌وه‌.

ئه‌م فۆرمه‌ شانۆییه‌ جۆرێك له‌ نمایش به‌رھه‌م ده‌ھێنێت كه‌ زیاتر ده‌مانبات بۆ جیھانی فیڵمی دیكۆدرامی و نمایشه‌كه‌ ده‌بێته‌ ئاوێته‌یه‌ك له‌نێوان دوو كاره‌كته‌ر، كاره‌كته‌رێكی راسته‌قینه‌ كه‌ خودی رووداوه‌كه‌ی به‌سه‌ر ھاتووه‌و ھه‌وڵده‌دات رووداوه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌، كاره‌كته‌ره‌كانی تر كه‌ له‌نێو رووداوه‌كه‌ به‌ریكه‌وتوون و له‌رێگه‌ی دكتۆری نه‌خۆشخانه‌كه‌ (دكتۆر سه‌عید_سالار ماھیر) ئه‌دا ده‌كرێت.

ھه‌ر بۆیه‌ له‌ رووی ئه‌داكردنه‌وه‌ ئه‌م شانۆییه‌ كۆمه‌ڵێك فۆرمی جیاوازی ئه‌داكردن كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویست ده‌كات له‌ ھه‌ر دیمه‌نێكدا به‌ جیاواز له‌گه‌ل دیمه‌نه‌كانی تربخوێندرێته‌وه‌، دیمه‌نی یه‌كه‌م دیمه‌نێكی ته‌واو واقیعییه‌و له‌ ژووی دكتۆری نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ده‌روونی رووده‌دات كه‌ تیاییدا نه‌خۆشێك داوا له‌ دكتۆره‌كه‌ ده‌كات یارمه‌تی بدات له‌ دروستكردنی نمایشێكی شانۆیی كه‌ چیرۆكی ژیانی نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، دكتۆره‌كه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشینه‌ی ئه‌كته‌ری ھه‌یه‌و بڕواشی وایه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م نمایشه‌ ببێت به‌ فاكته‌رێك بۆ چاكبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌، رازی ده‌بێت، دیمه‌نی دووه‌م كاتی ئاھه‌نگی ساڵانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌ كه‌ نمایشه‌كه‌ی تیادا پێشكه‌ش ده‌كرێت و دكتۆر سه‌عید كه‌سایه‌تی ئاغه‌یه‌ك ئه‌دا ده‌كات كه‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌لیم له‌ جه‌نگ به‌ریده‌كه‌وێت و ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ئاغایه‌ موڵك و سامان و زه‌وی و ته‌نانه‌ت ژنه‌كه‌شی داگیركردووه‌، ئه‌م دیمه‌نه‌ نمایشه‌كه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ رووبه‌ری ئه‌و یارییه‌ی شانۆییه‌ی كه‌ سه‌لیم رێكیده‌خات بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستێكی دیاریكراو بپێكێت، ئه‌گه‌ر له‌م دیمه‌نه‌ ووردبێنه‌وه‌ كه‌ نمایشی نێو نمایشه‌، ده‌بینین له‌ فۆرمدا ھاوتایه‌ به‌و دیمه‌نه‌ شانۆییه‌ی كه‌ ھاملێت بۆ ئاشكراكردنی تاوانی كوژرانی باوكی، له‌به‌رده‌می دایك و مامی پێشكه‌شیده‌كات، ھه‌رچه‌نده‌ ھاملێت له‌و دیمه‌نه‌ شانۆییه‌ رۆلی نوسه‌رو ده‌رھێنه‌ر ده‌بینێت، به‌ڵام له‌م دیمه‌نه‌ی ئێمه‌، سه‌لیم جگه‌ له‌وه‌ی رۆلی نوسه‌رو ده‌رھێنه‌ری نمایشه‌كه‌ ده‌بینێت، ھه‌ر خۆشی ئه‌دای كاره‌كته‌ری خۆی له‌نێو نمایشه‌كه‌ ده‌كات، كه‌واته‌ له‌ رووی ئه‌داوه‌ له‌م دیمه‌نه‌ دوو شێوازی ئه‌داكردن ھه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئه‌دای سروشتی سه‌لیمه‌ كه‌ نواندنی كاره‌كته‌ری خۆی ده‌كات له‌ رووبه‌رێكی رابردوودا، دووه‌م ئه‌دای دكتۆر سه‌عیده‌ كه‌ ئه‌دای كاره‌كته‌ری ئاغا ده‌كات له‌نێو دیمه‌نێكی شانۆیی نێو شانۆكه‌دا، بۆیه‌ كارێكی ئاساییه‌ كه‌ ئه‌دای ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره‌ جیاواز بێت به‌ جیاوازی به‌شدارییان و پێگه‌یان له‌و دیمه‌نه‌ شانۆییه‌، ئاساییه‌ ئه‌دای (سه‌لیم _ئه‌ژی حه‌مه‌ نوری) ئه‌دایه‌كی سۆزداری سایكۆلۆژی راسته‌قینه‌ بێت، چونكه‌ ئه‌و ئه‌دای ھه‌مان كاره‌كته‌ری دیمه‌نی یه‌كه‌م ده‌كات و چه‌مكی نواندن له‌نێو نواندن بۆ ئه‌و ته‌نھا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ رابردووی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌دای (دكتۆر سه‌عید_سالار ماھیر) كه‌ ئه‌دای كاره‌كته‌ری ئاغا ده‌كات، بونیادی سه‌ره‌كی تیاییدا نواندنی نێو نواندنه‌و ئه‌داكردنی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سۆزو ھه‌ڵچوونی ناوه‌كی واقیعی بونیاد ده‌نرێت، ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ رێك بۆ دیمه‌نی دواتریش راسته‌ كه‌ دیمه‌نی قائیمقامه‌، چونكه‌ به‌ ھه‌مان شێوه‌ ئه‌ژی ھه‌ر نواندنی كاره‌كته‌ری سه‌لیم ده‌كات، به‌ڵام (سالار ماھیر_دكتۆر سه‌عید)، پاش ئه‌داكردنی كاره‌كته‌ری ئاغا له‌ دیمه‌نه‌كه‌ی پێشتر، له‌م دیمه‌نه‌ ئه‌دای كاره‌كته‌ری قائیمقام ده‌كات.

ktv

دروستكردنی ئه‌م نمایشه‌ شانۆییه‌ له‌ لایه‌ن سه‌لیم ھاوشێوه‌ی ھاملێت له‌ شانۆیی ھاملێت، مه‌به‌ستێكی دیاریكراوی و ھه‌یه‌و ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی نمایشی شانۆیی بیپێكێت، سه‌لیم ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌و شێت نییه‌و نه‌خۆشی ده‌روونیشی نییه‌، ئه‌وه‌ ته‌نھا كۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵاته‌كانی كۆمه‌ڵگان كه‌ ئه‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ وێنا ده‌كه‌ن، په‌نابردنیشی بۆ دروستكردنی نمایشی شانۆیی بۆ ھێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه‌، پێگه‌و كاریگه‌ری شانۆ نیشانده‌دات له‌ كه‌شفكردنی حه‌قیقه‌ته‌كان و ھه‌ڵشاخانه‌وه‌ به‌ڕووی سته‌م و واقیعه‌ سه‌پێنراوه‌كان، ھاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ھاملێت رووده‌دات.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌م نمایشه‌ دیمه‌نی كۆتایی نمایشه‌ كه‌ یارییه‌كه‌ له‌ڕووی نواندنه‌وه‌ رێك پێچه‌وانه‌ی دیمه‌نی دووه‌م و سێیه‌م ده‌بێته‌وه‌، له‌م دیمه‌نه‌ سالار ماھیر جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌داكردنی كاره‌كته‌ری دكتۆر سه‌عیدو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و فۆرمه‌ نواندنه‌ واقیعییه‌ كه‌ نمایشه‌كه‌ له‌وێوه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازه‌ له‌م دیمه‌نه‌ ئه‌دای ئه‌ژی حه‌مه‌ نوری یه‌، چونكه‌ له‌م دیمه‌نه‌ ئه‌ژی ده‌چێته‌ نێو رووبه‌ری ئه‌و یارییه‌ شانۆییه‌و له‌ ئه‌داكردنی كاره‌كته‌ری سه‌لیمه‌وه‌، ده‌چێته‌ رووبه‌رێكی تری نواندن كه‌ ئه‌دای كاره‌كته‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌یه‌، ئه‌م دیمه‌نه‌ كاتێك رووده‌دات كه‌ نمایشه‌ شانۆییه‌كه‌ی سه‌لیم ته‌واو بووه‌و به‌و واتایه‌ی ئیتر ھیچ رووبه‌رێك بۆ نواندنی نێو نواندن له‌ شانۆییه‌كه‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئه‌ژی وه‌ك ده‌رھێنه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی زیره‌كانه‌ سوود له‌ نائاماده‌یی جه‌سته‌یی كاره‌كته‌ری سه‌لیم وه‌رده‌گرێت له‌و دیمه‌نه‌، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌شێك له‌و دیمه‌نه‌و فۆرمی ئه‌داكردنی له‌ كاره‌كته‌ری سه‌لیمه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ كاره‌كته‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پانتایی ئه‌و فه‌نتازییه‌ی نێو واقیعی تێكسته‌كه‌ فراوانتر بكات و له‌رووی فۆرمی نمایشه‌وه‌، ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كی زیاتر به‌ گوتاری بینین ببه‌خشێت و پانتاییه‌كی تر بۆ جیاوازبوونی ئه‌دا وه‌ك ئه‌كته‌ر دروستبكات.

گرنگترین رووبه‌ر له‌م نمایشه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و یارییه‌ی شانۆییه‌ی كه‌ دكتۆر به‌شداری تێدا ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی سه‌لیم بۆ چاكبوونه‌وه‌، ھیچ شتێك له‌ سه‌لیم ناگۆرێت، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ به‌ر كاریگه‌ری ئه‌و نمایشه‌ شانۆییه‌، خودی دكتۆر سه‌عیده‌، دكتۆر به‌ھۆی كاریگه‌ری ئه‌و نمایشه‌ شانۆییه‌ی كه‌ به‌شداری تیادا ده‌كات، ده‌گاته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ھیچ نه‌خۆشی و شێتییه‌ك له‌ كاره‌كته‌ری سه‌لیم نییه‌، ئاریشه‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگاو نه‌رێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی كۆمه‌ڵگادایه‌ كاتێ سه‌لیم وه‌ك نه‌خۆشێك سه‌یر ده‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا كاریگه‌ری نمایشه‌كه‌ شانۆییه‌كه‌ به‌سه‌ر دكتۆره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و فۆرمی كاره‌كته‌ری سه‌لیم بۆ دكتۆر سه‌عید ده‌گوزارێته‌وه‌و بڕیار ده‌دات ئه‌ویش كۆچ بكات بۆ ئه‌ستێره‌كه‌ی تر، ئه‌ستێره‌كه‌ی سه‌لیم، ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی كه‌ درۆو ناپاكی و خیانه‌تی تیا نییه‌، ئه‌و ئه‌ستێره‌ فه‌نتازییه‌ی كه‌ واده‌كات مرۆڤ له‌ ناخی خۆیدا كۆچ بكات و ئه‌و ئه‌ستیره‌ قێزه‌وه‌نه‌ی كه‌ه‌ پڕه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و درۆو خیانه‌ت به‌جێبێلێت و به‌ره‌و ئه‌ستێره‌ی پاكبوونه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌سلی مرۆڤ كۆچ بكات، لێره‌دا ئه‌و پاكبوونه‌وه‌یه‌ی رووده‌دات پاكبوونه‌وه‌یه‌كی ئینسانییه‌و په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ سۆز و ھه‌ڵچوونه‌ ده‌روونییه‌كان، ناكه‌وێته‌ به‌ر لۆژیكی عه‌قڵ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیش، ئه‌وه‌ی ھه‌یه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئینسانه‌ بۆ ئه‌سلی بوون.

ktv

له‌م شانۆییه‌ نمایش سێ زه‌مه‌نی فه‌نتازی له‌نێو فه‌زاو زه‌مه‌نی نمایش چڕده‌كاته‌وه‌، زه‌مه‌نی یه‌كه‌م زه‌مه‌نی ئێستایه‌ كه‌ سه‌لیم له‌ رێی شانۆنامه‌یه‌كه‌وه‌ چیرۆكه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه‌، زه‌مه‌نی دووه‌م زه‌مه‌نی رابردووه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ چیرۆكه‌كه‌ی سه‌لیم و چۆنیه‌تی ھه‌ڵاتنی و به‌ركه‌وتنی به‌ ئاغاو قائیمقام و نه‌خۆشخانه‌كه‌، زه‌مه‌نی سێیه‌م زه‌مه‌نی داھاتووی نمایشه‌ كه‌ ده‌رھێنه‌ر زۆر به‌ زیره‌كی له‌ رێگه‌ی ئه‌و دیالۆگه‌ی نێوان دكتۆر سه‌عیدو به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ به‌ كراوه‌یی ده‌یھێلێته‌وه‌، ئه‌م پرسیاره‌ش كه‌ له‌و ساته‌ی رووبه‌ڕووی به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌كرێته‌وه‌، پرسیارێكی مه‌جازییه‌و له‌ حه‌قیقه‌تتدا رووبه‌ڕووی بینه‌ر كراوه‌ته‌وه‌و ده‌رھێنه‌ر زه‌مه‌نی داھاتووی نمایش بۆ بینه‌ر جێده‌ھێلێت تا بڕیاری خۆی بدات، له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ به‌رده‌وام بێت یا كۆچ بكات بۆ ئه‌ستێره‌كه‌ی تر، ھه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ ده‌بینین دوو ھێڵی كرداری درامی له‌م نمایشه‌ به‌دیده‌كه‌ین، ھێڵی یه‌كه‌م كردارو جوله‌ی رۆچوونه‌ كه‌ ئاراسته‌ی به‌ره‌و رابردووی ئه‌كته‌ره‌، له‌به‌رامبه‌ردا جوله‌ی دووه‌م، ئه‌و جوله‌یه‌ ھه‌ڵچووه‌یه‌ كه‌ نمایش و كاره‌كته‌ره‌كانی به‌ره‌و رووبه‌ری داھاتوو ده‌بات و له‌ كاره‌كته‌ری سه‌لیم ده‌ستپێده‌كات و دواتر به‌ره‌و دكتۆر سه‌عید و ئینجا به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌و دواتر ھه‌موو بینه‌ر، ده‌بێته‌ ره‌گه‌زێك له‌و جوله‌ ھه‌ڵچووه‌ی كرداره‌ درامییه‌كانی نێو نمایش به‌ره‌و داھاتوو ده‌بات.

ده‌رھێنه‌ر له‌م نمایشه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی پێوانه‌یی له‌گه‌ل تێكست كردووه‌و ھه‌وڵیداوه‌ ھاوسه‌نگییه‌ك بدۆزێته‌وه‌ له‌نێوان ئاماده‌یی تێكستی نوسه‌رو ده‌رھێنه‌ر له‌ نێو فه‌زای نمایش، بۆیه‌ كاركردنی ده‌رھێنه‌ر كاركردنێكی ته‌ئویلییه‌ (دۆزینه‌وه‌ی مانای تر) له‌و تێكسته‌ بێ ئه‌وه‌ی ده‌سكاری جیھانی تێكست و كاره‌كته‌ر بكات، ته‌نھا ئه‌وه‌ نه‌بێت ئه‌و دیمه‌نانه‌ی لابردووه‌و كه‌ پێیوایه‌ ئیزافه‌ نین بۆ نمایش و شانۆییه‌كه‌ی ده‌خاته‌ نێو رووبه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌و جوینه‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ك ده‌رھێنه‌ر ھه‌وڵیداوه‌ ته‌ئویلی جیاوازی بۆ كاره‌كته‌ر ھه‌بێت، به‌ تایبه‌تی كاره‌كته‌ری سه‌لیم.

مامه‌ڵه‌كردنی ده‌رھێنه‌ر له‌گه‌ل كاره‌كته‌ری سه‌لیم مامه‌ڵه‌یه‌كی بونیادی و دیده‌ییه‌ (به‌ێری)، ده‌رھێنه‌ر ھه‌وڵیداوه‌ ته‌سلیمی واقیعی تراژیدی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ نه‌بێت كه‌ له‌نێو تێكسته‌كه‌ ھه‌یه‌و فۆرمێكی تری بۆ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ ئاوێته‌یه‌كه‌ له‌ نێوان تراژیدیاو كۆمیدیاو شێوازێكی نیمچه‌ گرۆتێسك به‌و كاره‌كته‌ره‌ ببه‌خشێت، ئه‌م فۆرمه‌ خزمه‌تێكی زۆری به‌ فه‌زاو جیھانبینی نمایشه‌كه‌ كردووه‌و توانیویه‌تی نمایشه‌كه‌ رزگار بكات له‌ به‌ركه‌وتنێكی چاوه‌ڕوانكراوی نێوان چاكه‌و خراپه‌، ره‌ش و سپی، له‌مه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ ده‌رھێنه‌ر له‌ كۆتایی نمایشه‌كه‌ بینه‌ر ده‌خاته‌ نێو فه‌زای نمایش و بڕیاری كۆتایی لای ئه‌و به‌جێدێلێت، ئاخۆ كام ئه‌ستێره‌ ھه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌م كۆتاییه‌ داستانییه‌ش ھه‌موو ھه‌ڵچوونه‌ سایكۆلۆژییه‌كان لای بینه‌ر به‌تاڵده‌كاته‌وه‌و داوای لێده‌كرێت كه‌ به‌ لۆژیكی ئینسانی بوونه‌وه‌ ھه‌ڵوه‌سته‌ بكات.

ده‌رھێنه‌ر له‌م نمایشه‌ به‌دوو مه‌دلولی جیاواز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ ده‌كات، ده‌رگا ده‌كات به‌ سیمبوڵی دووباره‌بوونه‌وه‌ی راھاتن له‌سه‌ر ھه‌مان سیستمی ژیان و قایڵبوون به‌ مه‌ترسییه‌كانی پشت ده‌رگاو ئه‌و ته‌م و مژه‌ی كه‌ مرۆڤایه‌تی و ویژدانی كه‌سه‌كانی گه‌مارۆ داوه‌، له‌ولاوه‌ په‌نجه‌ره‌ ده‌كات سیمبوڵی پاكبوونه‌وه‌و به‌رزبوونه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و واقیعه‌ نه‌شیاوه‌و گه‌یشتن به‌ رووبه‌رێكی تری به‌رزبوونه‌وه‌ی مرۆڤ به‌سه‌ر ئه‌و كردارانه‌ی كه‌ مرۆڤایه‌تیمان ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌ ئه‌خلاقییه‌كان، بۆیه‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ ھیچ ره‌نگێكی نییه‌ جگه‌ له‌ ره‌نگی داری راسته‌قینه‌، به‌و واتایه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت و ره‌سه‌نایه‌تی مرۆڤ و داماڵینی ره‌نگه‌ درۆیینه‌كان، كه‌واته‌ ده‌رگا وه‌ك سیمبوڵ ده‌بێته‌ ئاماژه‌ی ئه‌ستێره‌ قێزه‌وه‌نه‌كه‌ی درۆو خیانه‌ت و په‌نجه‌ره‌ش به‌ ئاماژه‌ی ئایینده‌و ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی كه‌ تیاییدا ھه‌ست به‌ مرۆڤبوون ده‌كه‌ینه‌وه‌.

كرداری ده‌رھێنانیش له‌م نمایشه‌، كاركردنه‌ به‌ ئاراسته‌ی زاڵكردنی ئاماده‌یی ئه‌كته‌ر به‌سه‌ر ره‌گه‌زه‌كانی تری سینۆگرافیادا، بۆیه‌ ده‌بینین نمایش له‌ڕووی سینۆگرافیا جۆرێك له‌ ھه‌ژاری پێوه‌ دیاره‌و ده‌رھێنه‌ر ھه‌وڵی نه‌داوه‌ گوتارێكی سینۆگرافی دیده‌یی دروست بكات، كه‌ تیاییدا ره‌گه‌زی بینین زاڵ بێت، ئه‌وه‌ی ده‌رھێنه‌ر كردویه‌تی واڵاكردنی فه‌زایه‌ بۆ ئه‌كته‌ر وه‌ك ئاماده‌یی و ده‌نگ و جه‌سته‌ تا ئه‌و ھاوسه‌نگییه‌ به‌ نمایش ببه‌خشێت و نمایشه‌كه‌ له‌ قۆناغی بیستن بگوازێته‌وه‌ قۆناغی بینین و بیستن، پێشموایه‌ ده‌رھێنه‌ر له‌م ئه‌ركه‌ی تاڕاده‌یه‌كی باش ئامانجی پێكاوه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر توانیویه‌تی ئه‌و فه‌زایه‌ی بۆ بنوسێته‌وه‌ كه‌ له‌ نائاماده‌یی به‌ھێزی سینۆگرافیا به‌ ھه‌موو ره‌گه‌زه‌كانییه‌وه‌ له‌ فه‌زای نمایش ده‌بینرێت.

له‌ڕووی نواندنه‌وه‌ ھه‌ردوو ئه‌كته‌ر توانایه‌كی ئه‌داكردن و نواندنی به‌ھێزیان ھه‌یه‌، ئه‌ژین له‌ كاره‌كته‌ری سه‌لیم ده‌توانێت ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ له‌و فۆرمه‌ ته‌قلیدییه‌ ده‌رباز بكات و فۆرمێكی جیاوازی پێبه‌خشێت و وابكات كۆناكتی بینه‌ر له‌گه‌ل ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ ته‌نھا له‌ كه‌ناڵی سۆزو ھه‌ڵچوونه‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌و داڕشتنه‌وه‌ جه‌سته‌ییه‌ی كاره‌كته‌ری سه‌لیم یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ جیاوازه‌كانی نواندن و ئه‌داكردن له‌م نمایشه‌و زیره‌كانه‌ش له‌ دیمه‌نی كۆتایی ئه‌م فۆرمه‌ بۆ سالار ماھیر له‌ كاره‌كته‌ری دكتۆر سه‌عید ده‌گوازرێته‌وه‌.

سالار ماھیریش له‌ ھه‌رسێ كاره‌كته‌ری دكتۆر سه‌عید و ئاغاو قائیمقام، توانایه‌كی ئیقناعی زۆر به‌ھێزی ھه‌یه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتتدا ئه‌و گۆڕانه‌ رووده‌دات، له‌لایه‌كی تر به‌ھۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ بونیادا ھه‌ردوو كاره‌كته‌ری ئاغاو قائیمقام له‌یه‌ك ده‌چن، سالار توانی به‌ھۆی ئه‌دایه‌كی جیاواز و نزیك له‌ كۆمیدی له‌ كاره‌كته‌ری ئاغا، ئه‌م فۆرمی له‌یه‌كچوونه‌ بشكێنێت و ھه‌رسێ كاره‌كته‌ر، به‌سێ فۆرمی جیاوازو سێ ئه‌دای جیاواز نیشانبدات و ئاماده‌ییه‌كی ئه‌دای به‌ھێزی ھاوسه‌نگ له‌گه‌ل ئه‌دای ئه‌ژین بونیاد بنێت و ھه‌ردوو ئه‌كته‌ره‌كه‌ له‌ تێكستێكی پڕ دیالۆگی دوورودرێژ، كه‌ تیاییدا پانتایی بیستن باڵده‌كێشێت به‌سه‌ر پانتایی بینیندا، به‌ڵام له‌ نمایشدا توانای ناوازه‌ی ئه‌كته‌ر واده‌كات گوتاری بینین ئاماده‌یی ھه‌بێت و ھاوسه‌نگ بێته‌وه‌، ئه‌میش به‌ھۆی دروستكردنی فۆرمێك له‌ ئه‌دای دووانه‌یی كه‌ ھه‌ردوو ئه‌كته‌ره‌كه‌ له‌ فۆرمێكی ته‌با كۆده‌كاته‌وه‌و ھه‌ستده‌كه‌ین ھه‌ر ئه‌كته‌ره‌و توانای ھه‌یه‌ ئه‌ویتر ته‌واو بكات و ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ دابپۆشێت كه‌ ره‌نگه‌ بۆشایی له‌ ئه‌دای ئه‌كته‌ر دروست بكه‌ن، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ ئیحساس و ھه‌ستكردنێكی باڵا ھه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ كۆنتاكتی ئیحساس ده‌كه‌وێته‌ پێش كۆنتاكتی زمان و دیالۆگه‌وه‌و بینه‌ر زیاتر چێژ له‌و به‌ركه‌وتنه‌ ئیحساسییه‌ی نێوان ھه‌ردوو ئه‌كته‌ره‌كه‌ ده‌بینێت تا كاره‌كته‌ره‌كان، ئه‌مه‌ش به‌ھۆی ئه‌وه‌ی ئاماده‌یی ھه‌ردوو ئه‌كته‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای كاره‌كته‌ر، ئاماده‌ییه‌كی به‌ھێزه‌ له‌نێو رێساكانی ئه‌م یارییه‌ شانۆییه‌.

*ئه‌م وتاره‌ ناچێته‌ بواری ره‌خنه‌یی شانۆییه‌وه‌و ته‌نھا شیكردنه‌وه‌یه‌كی شانۆییه‌.

**شانۆیی به‌ره‌و ئه‌ستێره‌یه‌كی تر، ئاماده‌وبه‌كوردیكردنی یاسین قادر به‌رزنجی،ده‌رھێنانی ئه‌ژین حه‌مه‌ نوری، نواندنی سالار ماھیر، ئه‌ژین حه‌مه‌نوری، ب.به‌رھه‌م/ غه‌فوور عه‌بدوڵڵا،روناكی/ عوسمان محه‌مه‌د، موزیك/ ئومید كه‌مال، به‌ سپۆنسه‌ری به‌كری بینه‌ر، ئه‌م نمایشه‌ له‌ شاره‌كانی سه‌قزو ھه‌ولێرو ده‌ربه‌ندیخان و كه‌لارو دواتریش له‌ ڤیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركوك نمایشكراو و ئه‌ژین حه‌مه‌ نوری وه‌ك ئه‌كته‌ر خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ڤیستیڤاڵه‌كه‌ی برده‌وه‌..

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.