ن/ ئاری ئاغۆك
یه‌كێك له‌و بابه‌ته دیار و به‌رچاوانه‌ی له‌بواری په‌روه‌رده‌و خوێندندا خه‌ریكه له‌حاڵه‌ته‌وه ده‌بێته دیارده، بریتیه له فشاری خێزان له‌سه‌ر هزر و بیركردنه‌وه‌ی قوتابی له كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا، به‌تایبه‌تی له قۆناغی دوانزه‌ی ئاماده‌یی، كه هه‌موو ره‌فتار و بۆچوونه‌كانیان به‌یه‌ك ئاراسته ده‌ڕوات، ئه‌ویش ( خوێندنی به‌رده‌وام و به‌ده‌ستهێنانی نمره‌ی به‌رز، نهچوونهدهر له‌ماڵ ) ئه‌مانه هه‌مووی قسه‌و بابه‌تێكی دووباره‌ن و به‌رده‌وام له‌ژیانی رۆژانه‌ی قوتابیدا ده‌خولێته‌وه، كه به‌داخه‌وه ئه‌ندامانی خێزان به‌گشتی و دایك و باوك به‌تایبه‌تی هه‌میشه ئه‌و نامه‌یه بۆ منداڵه‌كانیان دووباره ده‌كه‌نه‌وه.
بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌چێته خانه‌ی فشاری ده‌روونیی خراپ و ره‌نگدانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی بیركردنه‌وه و خوێندنی قوتابی، كه زۆر خه‌می ئه‌وه‌ی نییه بخوێنێت و ده‌ربچێت و له داهاتوودا بگاته پله‌یه‌كی به‌رزی زانست و داهێنان، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستیه‌تی دوور بكه‌وێته‌وه له فشاری ده‌روونیی دایك و باوك، چونكه به‌رده‌وام بیر و مێشكیان هیلاك كردوه به وشه‌ی بخوێنه، بخوێنه.. بۆیه ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی دایك و باوك و خێزان له پێناو وزه‌به‌خشین و هاندان و گهشبینكردنی رۆڵهكهیاندا بێ، نه‌ك شكست و ڕه‌شبینی و ترس و دڵه‌ڕاوكێ!
كه‌واته به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌بێت وا له قوتابی بكه‌ین، به‌پێی توانا و بیركردنه‌وه‌ی خۆی، رۆژانه یاخود ئه‌و كاته‌ی بۆخۆی ته‌رخان كردوه چه‌ندی له توانادایه به‌م شێوه‌یه بخوێنێت، نه‌ك به فشارێكی زۆر و له‌كاتی خوێندن هیچ هزر و بیركردنه‌وه‌ی لای بابه‌ت و وانه‌كه نه‌بێت! كه به‌داخه‌وه له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆربه‌ی زۆری قوتابیه‌كانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له‌و باره ناله‌باره‌دا ده‌ژین، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌خاڵه خراپه‌كان، بۆیه پێویسته واز له قوتابی بێنین با خۆی بۆ خۆی بخوێنێت و جارجاره پشوو بدات، پشووی جه‌سته‌یی و ده‌روونی و هزری، كه ئه‌م پشووه ده‌چێته خانه‌ی نوێبوونه‌وه و دواتریش به‌رده‌وامی، با هه‌وڵ بده‌ین قوتابی خۆی پلان و به‌رنامه‌ی خوێندنی رۆژانه‌ی خۆی بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان دیاری بكات، هه‌رگیز تاكلایه‌نانه هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ین، به‌ڵكو وه‌ك رێخۆشكه‌ر و هاوكار و ڕێنیشانده‌ر بین، هه‌ندێ كات كاتی پشوو و خه‌وه لێ گه‌ڕێ با قوتابی پشوو بدات و بخه‌وێ، یا پێویستی به ژینگه‌یه‌كی ده‌روونیی خۆش هه‌یه، با هه‌وڵ بدرێت ئه‌م ژینگه‌یه بۆ خۆی دروست بكات، وه‌ك گوێگرتن له میوزك، یا گۆرانیه‌كی ریتم نه‌رم، یا گۆڕینی شوێنی خوێندن، یا وه‌رزشكردنێكی كورت، ئه‌مانه هه‌مووی هاوكار و رێخۆشكه‌رن بۆ قوتابی كه بتوانێ چێژ له خوێندن و سه‌عیكردن وه‌ربگرێت، دوور بكه‌وێته‌وه له فشاره ده‌روونیه‌كان كه هزر و بیركرنه‌وه‌ی قوتابی به‌ره‌و خراپی و گۆشه‌گیری ده‌بات .
به‌م دیوه جوانه‌و به‌م روانگه باشه‌وه قوتابی و خێزان هه‌ست به ئارامیی ده‌روونی ده‌كات و دوور ده‌كه‌وێته‌وه له فشاری خراپ، چونكه هه‌موو مرۆڤێك سنووری وه‌رگرتنی دیاری كراوه، نهبهترس و تووڕه‌یی ده‌توانین وا له‌قوتابی بكه‌ین زیاتر بخوێنێ، نه به‌خێرایی و به‌رده‌وامی له‌ماڵ و گۆشه‌گیركردنی ده‌توانین ئه‌م ژیانه‌ی بۆ بگۆڕین و ئاره‌زووی خۆمانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنین! له كاتێكدا قوتابی له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌دا به‌ر له هه‌موو شتێك كلیلی سه‌ركه‌وتن و ده‌رچوونی له‌لای خۆیه‌تی و خۆی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه.
بۆیه ده‌بێت له ئێستاوه دایك و باوك هه‌وڵ بده‌ن ده‌رگاكانی لێكتێگه‌یشتن و ئاسووده‌یی و هاوكاری و قسه‌و گفتی خۆش بۆ منداڵه‌كانیان واڵا بكه‌ن، دوور بكه‌ونه‌وه له‌و بۆچونه كلاسیكیه‌ی كه ویست و ئاره‌زووی خۆیانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن و ده‌ره‌نجام هه‌ر خودی قوتابی باجه‌كه‌ی ده‌دات .
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.